دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
د. فەیسەڵ عارەب بڵباس، پسپۆڕى راوێژکار لە پزیشکیى تاوانناسى (دادوەرى)، ماستەر لە پزیشکیى تاوانناسیدا، دانەرى پەرتووکی (پزیشکیى تاوانناسى) کە بۆ یەکەمین جارە ئەو بابەتە دەکرێتە کوردى و بە کوردى لە کۆلێژى پزیشکى و یاسا و پۆلیس و پەرستارىیشدا دەخوێنرێت، لە دیمانەیەکی هەولێردا تیشکی خستەسەر زمانەوانی لە پزیشکی تاوانناسی و چۆن زمانەوانی و تاوانناسی پێکەوە دەبەسترێنەوە، ئایا ئەم بوارە چەندە نوێیە و چ گرنگییەکی لە لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکاندا هەیە، ئایا تەکنەلۆژیای نوێ، وەک زیرەکیی دەستکرد و شیکاری داتا گەورەکان، چ ڕۆڵێکیان لە پەرەپێدانی بواری زمانەوانیی تاوانناسیدا هەیە.
زمانەوانی لە پزیشکی تاوانناسیدا چییە؟ لە چ جۆرە دۆسیەیەکی تاوانکاریدا دەتوانرێت سوود لە شیکاری زمانەوانی وەربگیرێت؟
زمانەوانى لە پزیشکیى تاوانناسیدا یان (لە پزیشکیى دادوەرى) کە ناوە زانستیەکەى Forensic Linguistics، بریتیە لەو لقەى زمانەوانى کە لە دادگاکاندا بەکار دەهێنرێ بۆ ناسینەوەى تاوانباران یان بێتاوانکردنى تۆمەتبارکراوان، ئەویش لە ڕێگەى خوێندنەوە و شیکردنەوەى ئەو دەنگ و دەقە نووسراوانەوە کە لە تاوانێکدا بەکار هاتوون و کەوتوونەتە دەست دادگا. بە زۆرى ئەوڕۆکە و دواى سەرهەڵدانى پەیوەندیە ئەلیکترۆنیەکان و زیرەکیى دەستکرد، گۆڕینى دەنگ و بەکارهێنانى کۆمپیوتەر و مۆبایل بۆ پەیوەندیکردن، ئەو زانستە زۆر بە پێویست دەزانرێ بۆ هاریکاریکردن و یارمەتیدانى دادگا و دادوەران، بۆ گەیشتن بە بڕیارێکى دروست و دادپەروەرانە لە کاتى دادگاییکردنى ئەوانەى کە تۆمەتبار دەکرێن بە هەڕەشەکردن لە خەڵک، چ لەڕێى پەیوەندیى دەنگیەوە بێ یان بە نووسینى تێکست و نامەفڕێدان ناو ماڵ یان بەکارهێنانى ئیمەیل و نامەى نووسراو.
چۆن زمانەوانی و تاوانناسی پێکەوە دەبەسترێنەوە؟ ئایا ئەم بوارە چەندە نوێیە و چ گرنگییەکی لە لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکاندا هەیە؟
بابەتى بەکارهێنانى زمانى قسەکردن و نووسین (زمانەوانى) زۆر کۆنە و مێژوونووسانى ئەو بوارە مێژووەکەى دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمى نووسینەوەى کتێبى پیرۆز (الکتاب المقدس) کە لە بەشێکیدا (لە سفرى ئەفراندن)ـدا هاتووە کە گوایە (ئیسحاق) کوڕەگچکەى پێغەمبەر هەر بۆ ئەوەى ببێتە جێگرەوەى باوکى وەکو کوڕەگەورە و نۆبەرە، دەنگى خۆى گۆڕیوە و خۆى کردۆتە کوڕەگەورە (ئیسماعیل) بە ساختەکردن و لاساییکردنەوەى دەنگى براگەورەکەى! هەر ئەو زانا و مێژوونووسانە دەڵێن: لە سەردەمى گریکەکانیش ئەو بابەتە زمانەوانیە بەکار هاتووە بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکانى نێوان نووسەرانى دەقى شیعرى و شانۆیى و بابەتەکانى دیکە، لەوکاتەى کە یەکێک، نووسەرێکى دیکەى تاوانبار کردووە بەدزینى بابەتە ئەدەبیەکەى یان لاساییکردنەوەى. بەمەش مافى دانەرەکەى خواردووە. لە سەردەمى سەرهەڵدانى ئیسلام و دواییش نووسینەوەى دەقە ئایینیەکاندا، ئەو بابەتە زۆر سوودى لێ بینراوە بۆ ساغکردنەوەى فەرموودەکانى پێغەمبەر (د. خ) و دڵنیایی لەوەى راستن و لە سەرچاوەى باەڕپێکراوەوە وەرگیراون و پشتیان پێ دەبەسترێ. بەڵام لە سەردەمى ئێستاماندا کە یەکەمین جار وەکو زانستێکى سەربەخۆ ناوى هاتووە کاتێک بووە کە لە ساڵى ١٩٦٨ لەلایەن زانایەک بەناوى (ژان سڤاتڤیک) لە کتێبێکیدا ناوى هێناوە بە ناوى (وتەکانى ئیڤانز: کێشەیەک بۆ زمانەوانیى تاوانناسى) . ئەوجا زانایانى دواى ئەو، لەسەرەتاى هەشتایەکانى سەدەى بیستەمدا (رۆجەر شووى) و هاوکارەکانى لە زانا ئامریکاییەکان توێژینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە و بەردى بناغەى ئەو زانستەیان داناوە و بە لێکۆڵینەوەکانیان زۆر کێشەى تاوانکارى و دووبەرەکیى مەدەنییان پێ چارەسەر کردووە کە زمان تێیاندا بەشێک بووە لە داتاکانى بندەستیان. یەکەم سیمیناریش لەسەر ئەو بابەتە لە ساڵى ١٩٩٢ لە زانکۆى (بێرمنگهام) لە بەریتانیا بەڕێوە چوو کە تێیدا شاندى وڵاتانى ئوستراڵیا و بەرازیل و ئێرلەند و هۆڵەند و یۆنان و ئوکراینا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیەکان بەشدارییان کرد. یەکەم بڕوانامەى ماستەریش لەو زانستەدا لە زانکۆى (کاردیف) لە ساڵى ١٩٩٩ بەخشرا و یەکەم سەنتەرى تایبەت بەو بابەتە لە زانکۆى (ئاستۆن) لە بێرمنگهام لە ساڵى ٢٠٠٨ دامەزرا. تا ئەوڕۆکە دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەیان لەسەر کردووە.
ئەوڕۆ زۆربەى دامودەزگا دادوەرى و پۆلیسیەکانى وڵاتە پێشکەوتووەکان تاقیگەى تایبەتیان بۆ دامەزراندووە و شارەزاى ئەو بوارەیان پێگەیاندووە و، راهێنانیان لەسەر کردووە کە چۆن دەنگ و دەقى نووسراو شی بکەنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ کەسى راستینەى خۆى. هیوادارین لە ئایندەیەکى نزیکدا لەلاى ئێمەش بایەخى پێ بدرێ و لە دادگاکانماندا پەیڕەو بکرێ.
ئایا زمانەوانی تاوانناسی چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی ناسنامەی قوربانی یان تاوانبارێکدا، بە تایبەت لەو حاڵەتانەی کە بەڵگەی فیزیکی کەمە؟
بۆ دیاریکردن و دەستنیشانکردنى ناسنامەى قوربانیەکان یان دۆزینەوەى تاوانباران، پشت بەو بەڵگە و دۆکیومێنتانە دەبەسترێ کە لە کەیسەکەدا دەستى بەسەردا دەگیرێ. بە خوێندنەوە و لێکدانەوەى زانستیانەى ئەو بەڵگانە، دەکرێ دەنگەکە یان دەقە نووسراوەکان هەڵبسەنگێنرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ سەرچاوە راستەقینەکانى خۆیان و تاوانبارکردنى کەسەکە یان بێتاوانکردنى تۆمەتباران، ئەگەر دەرکەوت دەنگەکە لە گەڵ جێپەنجەى دەنگی (Voiceprint)ـی ئەو کەسە یەک ناگرێتەوە و ساختەیە و هى ئەو نیە، چونکە دەزانین کە جێپەنجەى دەنگیى هیچ کەسێک بە هى کەسێکى دیکە ناچێ و تایبەتە بە کەسەکە، رێک وەکو پەنجەمۆر و بیلبیلەى چاوەکان. بە هەمان شێوە دەستخەت و نووسینیش.
کامە لایەنەکانی زمان (وەک شێوازی قسەکردن، وشەسازی، ڕێزمان، یان تەنانەت زاراوە) زیاتر گرنگن لە شیکارییە تاوانناسییەکاندا؟
لەو بابەتە زمانەوانیەدا بەزۆرى شێوازى دەنگى و دەقى نووسراو گرنگن بۆ دادگا، بەڵام بۆ شارەزاى زمانیش دەکرێ سوودیان لێ ببینرێ. لەبەر ئەوەى هەر کەسێک کە دەقێک بنووسێ، نووسینەکەى تایبەتمەندیەکى تایبەت بەخۆى هەیە کە لەگەڵ نووسینى نووسەرێکى دیکەدا لێک جودا دەکرێتەوە، بۆیە شارەزاى لقى زمانەوانی، وەکو: رێزمان و وشەسازى و دەنگسازى و شێوەسازى و، هتد، دەتوانێ نووسینەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کەسێک، هەرچەندە خۆیشى نکۆڵیی لێ بکا.
ئایا تەکنەلۆژیای نوێ، وەک زیرەکیی دەستکرد (AI) و شیکاری داتا گەورەکان، چ ڕۆڵێکیان هەیە لە پەرەپێدانی بواری زمانەوانی تاوانناسیدا؟
دەتوانم لەو بارەیەوە بڵێم زیرەکیى دەستکرد رۆڵێکى خراپ دەگێڕێ، چونکە دەتوانێ لاسایى دەنگ و رەنگ و تەنانەت نووسینی خەڵکانێک بکا کە خۆیان ئاگادارى ئەو بابەتە نین و لە دژیان بەکار دەهێنرێ، هەرچەندە دەستى ئەوانیشى تێدا نەبووبێ و لەخۆڕا تۆمەتبار دەکرێن. ئەوەش ئەوڕۆ لەلایەن شارەزایانى دەنگ، دەکرێ بسەلمێنرێ کە ئەو دەنگە یان ئەم نووسینە بە زیرەکیى دەستکرد کراوە و کەسى تۆمەتبار خۆى نیە، بەڵام ئەویش پێویستى بە تەکنۆلۆجیاى پێشکەوتوو و شارەزاى زمانناسیى کارامە دەبێ.
لە کاتی شیکارکردنی دەقێک یان قسەکردنێکدا، چ ئاستەنگ و سنووردارکردنێک ڕووبەڕووی زمانەوانانی تاوانناسی دەبێتەوە؟
ئاستەنگەکانى بەردەم ناسینەوە و شیکردنەوەى دەقى نووسراو و دەنگى بیستراو دەوەستێتە سەر ئەو ئامادەکاریانەى کە بۆى کراوە کە ئایا کەسى شارەزاى ئەوتۆمان هەیە پشتیان پێ ببەستین لەو بوارانەدا؟ ئایا تەکنۆلۆجیاى پێشکەوتووى ئەوتۆمان هەیە کە بەوردى بتوانێ راستى و ناڕاستی و لاساییکردنەوەکانمان بۆ لێک جودا بکاتەوە؟
پەیوەندی نێوان زمانەوانی تاوانناسی و بوارەکانی تری پزیشکی تاوانناسی، وەک پزیشکی دەروونی تاوانناسی یان پزیشکی دادوەری، چۆنە؟ ئایا هاوکاری لە نێوانیاندا هەیە؟
لە ڕاستیدا ئەو بابەتەى زمانەوانى پەیوەندیەکى ئەوتۆى بە زانستى پزیشکیەوە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەى پزیشکیى تاوانناسى لایەنێکى گرنگە لە یەکلاکردنەوەى کێشەکانى بەردەم دادگا، بۆیە دەکرێ ئەم بابەتە ببێتە لقێک لەو زانستە، بەڵام مەرجیش نیە ئەوانەى ئەم کارەى تێدا دەکەن پزیشک بن، هەرچەندە بۆ خوێندنى ئەو بابەتە و شارەزابوون لێى، پێویستە کەسەکە شارەزاى توێکاریى ئەندامەکانى دەنگ بێ، وەکو: قوڕگ و گەروو و ژێیەکانى دەنگ و تەنانەت هەندێکجار پێویست دەکا پزیشکى ددانسازیش تێیدا بەشدار بێ، چونکە ئاشکرایە کە ددانەکان و زمان و بەشەکانى دیکەى دەم و زمان و لێویش، پێکەوە کار دەکەن لە دەربڕینى دەنگ و هەر گۆڕانکاریەک لە یەکێک لەو بەشانەدا هەبێ، دەبێتە هۆى پەیدابوونى دەنگێکى تایبەت و دەناسرێتەوە هى کێیە! بەڵام سەبارەت بە پەیوەندیى ئەم بابەتە بە بارى دەروونیەوە، ئەوە لایەنێکى دیکە دەگرێتەوە کە هەر زمانەوانى نیە و دەچێتە خانەى پزیشکى تاوانناسى لە دەروونناسیدا.
ئایا لە هەرێمی کوردستان یان عێراقدا، بواری زمانەوانی تاوانناسی تا چەند پەرەی سەندووە و چۆن دەتوانرێت زیاتر گەشەی پێ بدرێت؟
ئەوەندەى من ئاگادار بم لە هەرێمى کوردستان هێشتا لە دادگاکاندا زۆر پشت بەو زانستە نابەسترێ، تەنیا رەنگە لە فەرمانگەکانى (بەڵگەى تاوانان) شارەزاى وا هەبن کە دەقى نووسراو یان هى ناو کۆمپیوتەر یان دەنگى ناو مۆبایل هەڵسەنگێنێ، بەڵام ئەو تەکنۆلۆجیایەى کە ئەوڕۆ بۆ ئەو بابەتە پشتى پێ دەبەسترێ، بڕوا ناکەم هێشتا گەیشتبێتە دەستى ئێمە لە هەرێمى کوردستان.
پێشبینی داهاتووی ڕۆڵی زمانەوانی لە پزیشکی تاوانناسیدا چۆن دەکەن؟ ئایا چ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک چاوەڕوان دەکرێت؟
هەموو کەسێک پێشبینیى ئەوە دەکا کە ئەو زانستەى زمانەوانى، لەمەودا زۆرتر پەرەدەسێنێ و پشتى پێ دەبەسترێ و تاقیگەى نوێى بۆ دادەنرێ و شارەزا لەو بوارەدا زۆرتر دەبن و دەبێتە بابەتێکى سەربەخۆ و لە زانکۆ و کۆلیجەکاندا دەخوێنرێ، چونکە ئەوڕۆ تا دێ ئامێرەکانى پەیوەندیکردنى دەنگ و نووسین و نامە گۆڕینەوە لە پێشبڕکێیەکى زۆر تونددان بۆ پەرەپێدانى ئەو بوارە.
هیوادارین لەلاى ئێمەش ببێتە بابەتێکى گرنگ و شارەزا و تاقیگەى تایبەتى بۆ فەراهەم بکرێ.

