رۆژنامەی ھەولێر

دەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک بەڕێوەدەچێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

خولی 10یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک، بەبەشداری 30 فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک، بڕیارە 29ـی ئەیلوولی 2026، لە ئەمریکا، لە ناوچەی مەنهاتن لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت و ماوەی شەش رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئارام حەسەن، بەڕێوەبەری هاوبەشی فێستیڤاڵەکە بۆ هەولێر گوتی: ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ بەڕێوەبردنی خولی 10یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک کردووە؛ ئەم فێستیڤاڵە رووداوێکی سینەمایییە و لە ساڵی 2017ەوە دەستمان بە کارەکان کردووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام هەوڵمان داوە لە ناساندنی سینەما و کولتووری کوردی بە بینەرانی ئەمریکا و جیهان.
گوتیشی: بۆ خولی ئەمساڵ، نزیکەی 350 فیلم بۆ بەشداریکردن پێشکەش کراون، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا ٣٠ فیلم بۆ بەشداریکردن و نمایشکردن هەڵبژێردراون. ئەم بەرهەمانە جۆرە سینەماییە جیاوازەکان دەگرنەوە وەکو، فیلمی درێژ و فیلمی کورت و دۆکیۆمێنتاریی.
ئارام حەسەن باس لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: چالاکییەکان تەنیا بە نمایشکردنی فیلم سنووردار نابن، بەڵکو دەرفەت بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان دەرهێنەران و بینەرانیش دروست دەکەین. هەروەها بەرنامەیەکی تایبەت بۆ سینەمای کوردی وەکو، وۆرکشۆپی تایبەت بە چیرۆکگێڕی، یادەوەری، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی فیلمی کوردی لەخۆدەگرێت.
دەربارەی ئامانجی فێستیڤاڵەکە، ئارام حەسەن دەڵێت: ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک، دروستکردنی پلاتفۆرمێکە بۆ ناساندنی چیرۆک و ئەزموونی کوردان لە رێگەی سینەماوە، و هەروەها نزیککردنەوەی دەرهێنەرانی کورد لە بینەر و کۆمەڵگەی سینەماییی نیویۆرک.
ئارام حەسەن جەختی لەوەش کردەوە: ئەم فێستیڤاڵە لە ماوەی 10 ساڵی خۆیدا هەوڵی داوە سینەمای کوردی لە سنووری ناوخۆ تێپەڕێنێت و لە پایتەختێکی جیهانیی وەک نیویۆرکدا دەنگ و چیرۆکی فیلمسازانی کورد بگەیەنێتە بینەرانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان.”