رۆژنامەی ھەولێر

هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو ئەوروپا لە لایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستان – برۆکسل

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی کاریی نێودەوڵەتیدا، گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن مستەفا شاکر، سەرۆکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان – برۆکسل و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکەوە پێشوازییەکی فەرمی لە شاندەکە کرا.

تەوەر و دەستکەوتە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی ئەم سەردانە:
* پێگەی یاسایی لە پەرلەمانی ئەوروپا:
شاندی باڵای ناوەند بە سەرپەرشتی شیفا بارزانی و یاوەریی دکتۆر ڕێناس جانو، لەگەڵ مستەفا شاکر، سەرۆکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان – برۆکسل، سەردانی تەلاری پەرلەمانی ئەوروپایان کرد. لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوە ستراتیژییەدا، لە ژێر ناوی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان – برۆکسل ، دەرفەتی ئامادەبوون و نۆینەرایەتیکردنی هەمێشەیی بۆ شیفا بارزانی ، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، لە پەرلەمانی ئەوروپا فەراهەم کرا کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکی یاسایی باڵا، دەرفەتی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی لۆبیکردن لەسەر ئاستی ئەوروپا مسۆگەر دەکات.

* دیداری فەرمی لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا:
شاندە باڵاکە لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن دڵاوەر خالید ئەژگەیی، بەڕێوەبەری دیپلۆماسی و ستافی نوێنەرایەتییەوە پێشوازییان لێکرا. لەم دیدارەدا، گفتوگۆی چڕ لەسەر بەهێزکردنی پێگەی یاسایی و ڕۆڵی دیپلۆماسیی ڕەوەندی کوردی، پەرەپێدانی هەماهەنگیی دامەزراوەیی و داڕشتنی نەخشەڕێگای هاوکاریی هاوبەش ئەنجامدرا.

* پاڵپشتیی یاسایی و ستراتیژی بۆ خوێندکاران:
لە بەشێکی تری ئەجێندای سەردانەکەدا، شاندی باڵا بەشداریکرد لە بەسەرکردنەوەی چالاکییە ئەکادیمی و کلتورییەکانی خوێندکارانی ڕەوەندی کوردستانی (دیاسپۆرا) لە وڵاتی بەلجیکا، بە مەبەستی ڕێکخستنی تواناکانی گەنجانی کورد و بەهێزکردنی ئامادەیی نیشتمانییان لە ناوەندە زانستییە دەرەکییەکاندا.
ناوەندی ڕەوەندی کوردستان – برۆکسل جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە لە پێناو فراوانکردنی نەخشەی ئامادەیی و دەنگی ڕەوای گەلی کوردستان لە سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکاندا.