رۆژنامەی ھەولێر

(ئەنتۆنی گرافن). ئەو پڕۆفیسۆرەی ڕەوتـــــــــــــــی مێژوو و خوێندنەوەی مێژووی گۆڕی

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

ئەنتۆنی گرافن (Anthony Grafton)، پڕۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی پرینستۆن، یەکێک بوو لە سەرنووسەرانی کتێبی (نەریتی کلاسیکی – The Classical Tradition)، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە دامەزراندنی بوارێکی نوێی خوێندن، تیمساحەکەی ناو نووسینگەکەی و گاڵتەوگەپی قوتابییەکانی دەکات.

ـ بەڕێزتان یارمەتی دامەزراندنی بوارێکی نوێی خوێندنت داوە بە ناوی (مێژووی خوێندنەوە – History of Reading). ئەمە چۆن ڕووی دا؟
ئەنتۆنی گرافن: بێگومان. (مێژووی خوێندنەوە) لە بنەڕەتدا تایبەتمەندییەکی زانکۆی (پرینستۆن – Princeton)ە. بەشێکی زۆری فەزڵەکە بۆ هاوکارە بەڕێزەکەم (ڕۆبێرت دارنتۆن – Robert Darnton) دەگەڕێتەوە. ئەو، لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو خەریکی پێناسەکردنەوەی بواری مێژووی کتێب بوو لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئەم چاپخانە سویسرییە ناوازەیەی سەدەی هەژدەیەم. زنجیرەیەک کتێب و وتاری نووسی کە شێوازی بیرکردنەوەمانی دەربارەی مێژووی بڵاوکردنەوە گۆڕی، وایکرد زۆر دەوڵەمەندتر و مرۆییتر بێت و بە مێژووی ئەدەبیاتەوە بیبەستێتەوە. لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا، (کۆمەڵکوژییە گەورەکەی پشیلەکان- The Great Cat Massacre)، بەشێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە لەسەر ئەو شێوازەی کە خوێنەران وەڵامی (ڕۆسۆ – Rousseau)یان پێ دەدایەوە کە تێیدا داکۆکی لە جۆرێکی نوێی خوێندنەوە دەکرد. هەروەها وتارێکی میتۆدۆلۆژیی گرنگی نووسی بە ناوی (هەنگاوە یەکەمەکان لە مێژووی خوێندنەوەدا – First Steps in the History of Reading). منیش لەو کاتەوەی قوتابی بووم، کارم لەسەر زمانزان و فەیلەسوفەکانی سەردەمی ڕێنیسانس دەکرد کە دەقەکانیان لێکدەدایەوە، هەروەها کارم لەسەر مامۆستا هیومانیستەکان دەکرد تا بزانم لە ناو پۆلدا چۆن قوتابییەکانیان لەگەڵ هونەری خوێندنەوە ئاشنا دەکرد. بۆیە ڕاهاتبووم کار لەسەر کتێبە پەراوێزنووسراو و دەستنووسەکان بکەم کە وانەوتنەوەیان تدا تۆمار کرابوو. خەریکی ئەوە بووم بپرسێم ئایا دەکرێت لە بونیادنانەوەی وانەوتنەوەی فەرمییەوە بگۆڕێین بۆ خوێندنەوەی پیاوە خوێندەوارەکان (هەڵبەت ئێستا ژنە خوێندەوارەکان ژمارەیان لەوە زۆرترە کە پێشتر لە هەشتاکان هەبوون). پاشان لەگەڵ (لیزا جاردین – Lisa Jardine) کە پێکەوە کتێبێکمان دەربارەی پەروەردەی هیومانیستەکان نووسیبوو، دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لە کۆپییەکی کتێبێکی مێژوونووسی ڕۆمانی (لیڤی – Livy) کە لە کتێبخانەی پرینستۆن بوو. کتێبەکە لەلایەن زانایەکی ئینگلیز بە ناوی (گابریێل هارڤی – Gabriel Harvey) پەراوێزێکی زۆری بۆ نووسرابوو کە پڕۆفیسۆری زمانی یۆنانی بوو لە (کامبریج – Cambridge) و هاوڕێی (ئێدمۆند سپێنسەر – Edmund Spenser) بوو. سەرەتا تێبینیمان کرد خاوەن دەستوخەتێکی زۆر جوانە، کە نیشانەیەکی نایاب بوو. (ئارناڵدۆ مۆمیلیانۆ – Arnaldo Momigliano)، مامۆستاکەم، دەیگوت: “پیاوی گەورە ئەگەر دەستوخەتیشی جوان بێت، دووجار پیاوی گەورەیە.” هەروەها تێبینیمان کرد کە کۆمەڵێک تێبینی ڕاشکاوانەی نووسیوە دەربارەی ئەو شێوازەی دەقەکەی پێ دەخوێندەوە: ئەو کەشەکەی دەسازاند، ڕوونی دەکردەوە جۆرێکە لە خوێنەری پیشەگەر کە لەگەڵ نوخبەکان کار دەکات و وانەی سیاسی لە دەقەکە هەڵدەهێنجا. بۆیە دەستمان کرد بە هەڵکۆڵین و وردبوونەوەی زیاتر. پێش ئەوەی جاردین پرینستۆن جێبهێڵێت، وتارێکمان ئامادە کردبوو دەربارەی ئەوەی گابریێل هارڤی چۆن لیڤی خوێندووەتەوە. دواجار ئەو وتارە لە (Past & Present) بڵاوکرایەوە. ئەوە ئەو پارچە نووسینە بوو کە پێموایە زیاتر لە هەر دانەیەکی تر، خولیای مێژووی خوێندنەوەی لەناو خەڵکدا پەرە پێدا. لەو کاتەوە، کارەکان بە هەموو ئاراستەکاندا ڕۆیشتوون، بەڵام پێموایە دیدگای ئێمە، کە دەتوانیت ببینی ئەم پیاوە دەقێکی ڕۆمانی کۆن دەخوێنێتەوە و وەک جۆرێک لە نەخشە بۆ سیاسەتی ئینگلتەرای ساڵانی ١٥٩٠ بەکاری دەهێنێت، و ئەمە جۆرێکی بەهێزی خوێندنەوە بوو، هێشتاش هەر زیندوو ماوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا من هەرگیز وازم لە کارکردن لەسەر مێژووی خوێندنەوە نەهێناوە.
ـ دەوترێت (لیۆناردۆ داڤینچی – Leonardo da Vinci) لە کاتی مردنیدا ١١٨ کتێبی هەبووە، کە بۆ سەدەی شانزدەهەم ژمارەیەکی زۆر باش بووە. بە بڕوای تۆ کتێبخانەی بیرمەند و هونەرمەندێکی ئیتاڵی ئەو سەردەمە چی تێدا بووە؟
ئەنتۆنی گرافن: پرسیارێکی زۆر باشە! زۆرێک لەو دەقانەی ئێستا لای ئێمە وەک بنچینەیی تەماشا دەکرێن، بۆ لیۆناردۆ دەستەبەر نەبوون، چونکە ئەو لە زمانی لاتینیدا زۆر شارەزا نەبوو. لەو سەردەمەدا زۆر شت تەنها بە زمانی یۆنانی هەبوو، بەڵام لیۆناردۆ زۆر زیاتر لەوەی باس دەکرێت خوێنەر و خوێنەوار بووە. هەمیشە سەرسام بووم بەوەی کە ویستوویەتی وەشانێکی تایبەت بە جەستەی مرۆڤ بۆ کتێبی (جوگرافیا – Geography )ی (پتۆلۆمێس – Ptolemy) دروست بکات. ڕوونە کە ئەو تەنها تێبینی بیرۆکەکانی خۆی نەنووسیوە، بەڵکو وەڵامی ئەو شتانەشی داوەتەوە کە خوێندوونیەتەوە.
ـ ئایا پێشتر هیچ پۆلێکی تایبەتت هەبووە بۆ خوێندنەوەی هەموو ئەو دەقانەی کە هیومانیستەکانی سەدەی شانزەیەم بۆ خوێندنەکەیان دەیانخوێند؟
ئەنتۆنی گرافن: نەخێر، هەرگیز ئەوەم تاقی نەکردووەتەوە، بەڵام (جیم ئەکەرمان – Jim Ackerman) چەند ساڵێک لەمەوپێش هەندێک کاری سەرنجڕاکێشی ئەنجام دا، هەوڵیدا ئەوەی خۆی ناوی نابوو (ڕەفەی کتێبی تەلارساز – The Architect’s Bookshelf)، بونیاد بنێتەوە. نازانم ئاخۆ ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە یان نا، بەڵام من بەشدار بووم لە وۆرکشۆپێکدا لەسەر ئەو بابەتە کە زۆر چێژبەخش بوو.
ـ چۆن بابەتەکانت بۆ نووسینی ژیاننامە هەڵدەبژێریت؟ بۆ نموونە کتێبەکەت لەسەر (لیۆن باتیستا ئەلبێرتی – Leon Battista Alberti).
ئەنتۆنی گرافن: بابەتەکانم بە سەیرترین شێوە خۆیان دەردەخەن. زۆربەی کات لە ڕێگەی کەوتنە ناو کونی کەروێشکەوە (واتە قووڵبوونەوەی بێ مەبەست لە شتێکدا) دەیاندۆزمەوە. شێوازی سەرەکی من ئەوەیە: لێدەگەڕێم شتەکان ببارێن بەسەرمدا، پاشان هەوڵ دەدەم لە ژێر پاشماوەکانیان بێمە دەرەوە و ڕێکیان بخەمەوە.
ـ لە نێوان هەموو ئەو وانانەی گوتووتنەوە، کامیان دڵخوازترینتە لات؟
ئەنتۆنی گرافن: وانەیەک کە نزیکەی هەموو ساڵێک بۆ قوتابیانی بەکالۆریۆس دەیڵێمەوە، دەربارەی (مێژوونووسی – Historiography)یە کە تیایدا قوتابییەکان فێر دەبن مێژوو بخوێننەوە، ڕەخنەی لێ بگرن و دووبارە وێنای بکەنەوە. حەزم لێیە کە دەبینم بە خێرایی لە کەسانێکەوە کە تەنیا بۆ زانیاریخوێندنەوە دەگۆڕێن بۆ کەسانێک کە بیر لەوە دەکەنەوە “سەرچاوە مێژووییەکە” لەم خاڵە دیاریکراوەدا دەیهەوێت چی بڵێت.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
ئەنتۆنی گرافن: کاتێک دەمەوێت بنووسم، کاتژمێر ٥ی بەیانی هەڵدەستم، قاوە ئامادە دەکەم، و بە هێواشی دێمەوە سەر خۆم. ئیمەیڵ و فەیسبووک و هەواڵەکان دەپشکنم، پاشان قاوە بۆ هاوسەرەکەم دەبەم و ڕۆژنامە دەخوێنمەوە. کاتژمێر ٨ لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەمم و تا نیوەڕۆ دەنووسم.
ـ ئایا پێشوەختە نەخشە بۆ کتێبەکانت دەکێشیت؟
ئەنتۆنی گرافن: یەکەم ڕەشنووس لەسەر کۆمپیوتەر دەنووسم. پێشتر بە دەست دەمنووسی، بەڵام ئیتر تاقەتی ئەوەم نەماوە. بەڵام نەخشە ناکێشم. کاتێک دەگەمە ئەو قۆناغەی بتوانم نەخشە بکێشم، ئیتر دەزانم چی دەڵێم، بۆیە ڕاستەوخۆ دەست دەکەم بە نووسین.
ـ دەبێت چەند وشە ننووسیت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
ئەنتۆنی گرافن: ئەگەر بە تەواوی سەرقاڵی نووسین بم، نزیکەی ٣٥٠٠ وشە لە هەر بەیانییەکدا دەنووسم، چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.
ـ واوو، ئەوە سەرسوڕهێنەرە. من تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ چاوپێکەوتنی لەم شێوەیەم ئەنجامداوە، و زۆربەی هەرە زۆری نووسەران ئامانجیان نووسینی ١٠٠٠ وشەیە لە ڕۆژێکدا. ٣٥٠٠ وشە لە هەر بەیانییەکدا شتێکی زۆر گەورەیە؟
ئەنتۆنی گرافن: باشە، من دڵنیام ئەو ١٠٠٠ وشەیەی ئەوان باشترە لەو ٣٥٠٠ وشەیەی من، بەڵام ئەمە تەنها شێوازی کارکردنی منە. من هەمیشە بە پێداچوونەوەیەکی خێرای ئەوەی دوێنێ نووسیومە دەست پێ دەکەم. کەواتە نووسینەکەم زۆر خێرایە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی زۆر هەیە، بەڵام ئەمە ئەو شێوازەیە کە بەشەکانی کتێبەکانمی پێ دەنووسم.
ـ خوویەکی جیاواز یان شتێکی تایبەتت هەیە لە کاتی نووسین؟
ئەنتۆنی گرافن: سەبارەت بە نووسین، دوو خووم هەن. یەکێکیان لە بەڕێز (هاید -Hyde)ەوە فێر بووم، کە مامۆستایەکی ناوازەی زمانی ئینگلیزی بوو لە (ئاندۆڤەر – Andover). ئەو هەموو وەرزێکی خوێندنی، بە فێڵێک دەست پێ دەکرد. بۆ نموونە دەیگوت: «بەڕێزان، ئەم وەرزە فێری ئەوە دەبن کە بەبێ بەکارهێنانی شێوەیەک (باری بکەرنادیار – Passive Voice)، بنووسن. تکایە باری بکەرنادیار بەکار مەهێنن! هەرکە بەکاریشتان هێنا، من نووسەنەکەتان بەلاوە دەنێم و نمرەی (F)تان دەدمێ، بەمەش کاتی زۆر بۆ من دەگەڕێتەوە!» مەبەستی ئەوە نەبوو کە هەرگیز نابێت باری بکەرنادیار بەکاربهێنین، بەڵکو مەبەستی ئەوە بوو هەرگیز بێ بیرکردنەوە بەکاری نەهێنین. ئەمە ڕێگەیەکی نایاب بوو بۆ چاندنی ئەو پڕەنسیپە لە مێشکماندا. من تا ئێستاش هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم کاتێک باری بکەرنادیار بەکاردەهێنم، بۆیە هەوڵ دەدەم شێوازێکی زۆر چالاک پەیڕەو بکەم کە تێیدا بکەرە ناسراوەکان کارە ڕوونەکان بەرامبەر بە بەرکارە ناسراوەکان ئەنجام دەدەن.
ـ یەکێک لە مامۆستا خۆشەویستەکانم لە (چۆت – Choate)، مەبەستم لە مامۆستا (یانکوس – Yankus)ە، هۆشدارییەکی هاوشێوەی هەبوو دژی بەکارهێنانی کرداری (بوون – to be) لە هەر وتارێکدا. ڕەنگە شتێک لە مامۆستاکانی ئینگلیزیی قوتابخانە ناوخۆییەکان هەبێت کە هەموویان لەسەر هەمان تاکتیکی وانەوتنەوە ڕێککەوتوون، وانییە؟
ئەنتۆنی گرافن: ئەوە وەرزی دووەم بوو لەگەڵ بەڕێز هاید کە گوتی: «بەڕێزان، ئێستا فێر دەبن چۆن بێ بەکارهێنانی کرداری (بوون – to be) بنووسن».
ـ ئایا هیچ شتێکی نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
ئەنتۆنی گرافن: بەڵێ، ئێستا تەماشای نموونەیەکی هاوشێوەی چرخی کتێبی (ئاگۆستینۆ ڕامیلی – Agostino Ramelli) دەکەم (ئامێرێکی کۆن و لە دار دروست کراوە بۆ خوێندنەوەی چەند کتێبێک پێکەوە)، من فەرهەنگەکانمی تێدا دادەنێم. هەروەها تیمساحێک بە بنمیچی ژوورەکەمەوە هەڵواسراوە، لەگەڵ کەلەسەرێک، تەرازوویەک و کاتژمێری لمی – هاوسەرەکەم خەریکە ژووری خوێندنەوەکەم دەکاتە مۆزەخانەیەکی بچووک.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
ئەنتۆنی گرافن: گەورەترین خورافیاتم ئەوەیە کە ئەگەر وتارێکی ڕەخنەیی بۆ (The New York Review) بنووسم، دەبێت هەموو ڕەشنووسەکە لە یەک ڕۆژ و لە یەک دانیشتن تەواو بکەم. ئەگەر وا نەکەم، هەست بە باشی ناکەم.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
ئەنتۆنی گرافن: هەر جۆرە گاڵتەیەکی باشی قوتابییەکانم، بەتایبەت ئەگەر لەسەر خۆم بێت. بۆ نموونە قوتابییەک نووسیبووی: «ئێمە هەموومان پڕۆفیسۆر گرافنمان خۆش دەوێت، بەڵام دەترسین ڕۆژێک سەرە گەورەکەی بکەوێت و هەموومان پان بکاتەوە.» ڕاست دەکات، سەرم زۆر گەورەیە، بۆیە لە نیگەرانییەکەیان تێدەگەم.
ـ چی دەتگریێنێت؟
ئەنتۆنی گرافن: کارێکی زۆر بەهێز و ناوازەی قوتابییەکی بەکالۆریۆس. کاتێک قوتابییەک شتێکی سەرسوڕهێنەر و نوێ پێشکەش دەکات، چاوەکانم تەڕ دەبن.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
ئەنتۆنی گرافن: هەوڵ دەدەم نەیخۆم! تەنها سۆدای دایت دەخۆمەوە.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
ئەنتۆنی گرافن: وشەی (گەورە/ناوازە – Great) و (بۆ نموونە – For example). ئەو دەستەواژە بچووکانەی دەخرێنە ناو ڕستەوە بۆ ئەوەی تەنها ڕیتمێکی پێ بدەن.
ـ شتێکمان پێ بڵێ لەبارەی خۆتەوە کە زۆر کەس نایزانن و سەرسوڕهێنەرە.
ئەنتۆنی گرافن: هەست دەکەم زۆربەی خوێنەرانم چاوەڕێی ئەوە ناکەن من یەکێکم لە ڕاوێژکارانی تیمی ROTC (هێزی مەشقی ئەفسەرانی یەدەگ) لە پرینستۆن، چونکە کوڕەکەم دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر بڕیاری دا بچێتە ناو هێزی دەریایی و بۆ ماوەی نۆ ساڵ خزمەتی کرد. ئەو یەکەم سەربازی خێزانەکەمان بوو دوای باپیرەم کە سوارچاکی تزار بوو.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
ئەنتۆنی گرافن: «مامۆستایەکی تا ڕادەیەک باش بوو.»