رۆژنامەی ھەولێر

گرنگە کۆبوونەوەکان لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان بێت!

شێرکۆ حەبیب
هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرۆکایەتی باوکی رۆحی نەتەوەیی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر، هەموو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەشێوازی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە ئامانجەکانی میللەتی کورد و کوردستانیان، ئەمرۆش دەبینن سەرکردە و ڕابەر سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەی چ لە نێو لایەنەکانی کوردستان یا عێراقی لە ئارادایە، هەڵبەتە پەیامەکەی بەرێزیان بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز روون بوو کە ئاراستەی سەرجەم لایانەکانی کرد بە پارتیشەوە، بێگومان ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی کە هەردەم پەیامەکانی پەیامی ئاشی و تەبایی و پێکەوە ژیانە، لە هەستکردنی بە زیانی ئەم گرفتانەیە دژ بە ئەزموونی کوردستان و قەوارەی هەرێم، و لە روانگە و دیدی وەک رابەر و مەرجەعێک ئاراستەی لایانەکانی کرد، گرنگە سەرجەم لایەنەکان ئەم تێروانینەی سەرۆک بارزانی بە هەندی وەربگرن و کاری جیددی بەهەستی نەتەوایەتی لەسەر بکەن، بە بێ هەرەشە و بۆ چوونی بێ بنەما، و ئەوەی گرنگە دەبێ رێز لە ئیرادەی میللەت بگرن و بەهەندی وەربگرن چونکە میللەت خاوەنی گەورەترین دەسەڵات و بڕیارە.
نابێ کۆبوونەوەکان لە پێناو کۆبوونەوە بێت یا هەندێ لایەن بۆ بەفیرۆدانی کات بێت، و دەبێ بەرژەوەندی میللەت لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان بێت و مافی هاووڵاتیان و بریاری جێگای رێز بێت، و نابی هەندێ خەیاڵ و تێروانینی بێ بنەما رێگر بێت لە رێککەوتنێکی توکمە و لەبەرژەوەندی میللەت، یا خو دوای خەیاڵێکی تەمومژاوی بکەون و لە دیدی سەراب بەژەوەندی بێ بنەما بروانە بەرژەوەندی میللەت، دەبێ خەباتی سەدان ساڵی میللەت و ئەو زوڵمەی لێکراوە لەبەرچاو بێت، نەک ئەوەی لایەنێک دوور لە بەرژەوەندی میللەت و ئاکامی هەڵبژاردن داوای دەکات گرنگ نییە ئەم پۆست و ئەو پۆست لای کێ بێت. چونکە میللەت ئەو رۆژانەی لە یادە کە ئارامی و ئاسایشی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی چۆن بوو بۆیە نایانەوێت ئەو رۆژە ڕەشانە دووبارە ببنەوە.
دەبی ساتی ئامادە بوونی کۆبوونەوەکان بە گیانێکی لە خۆ بوردە و هەست کردن بە بەرپرسیارەتی و بەرژەوەندی میللەت و کوردستان لەسەرووی یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی بێت، و لەهەموو گرنگتر پابەند بوون بە دەنگی گەل و ئاکامی هەڵبژاردنەکان کە ئەمرۆ لە هەموو کات یەکریزی و یەک هەڵوێستی نێو ماڵی کوردستانیان پێویستە بۆ بەرەنگار بوونەوەی پلانی نەیاران کە هەوڵ دەدەن قەوارەی هەرێم بچووک بکەنەوە و تەنانەت نەهێشتنی. گرنگە پەند و وانە لە رابردوو وەربگرین و بە مێژوو دابچینەوە ئەو ساتانە بەراورد بکەین کە کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بوو لەگەڵ لێکترازان و دابەش بوونی نێوماڵی کورد.
بەرژەوەندی میللەت دەبێ لەسەر بنەماکانی یەک ریزی و ئاکامی هەڵبژاردنەکان بێت. تا بتوانین کوردستانێکی بەهێز و ئارام دابین بکەین