رۆژنامەی ھەولێر

با لە ژیاندا نەبینە کەسێکی ونبوو

گوهدار شكری ئاكرەیی
لە بوونی ئێمەدا پارچەیەکی جیانەکراوەی گرنگ بوونی هەیە، کە لە بنەڕەتدا ئەو توانایەت پێ دەبەخشێت، تاوەکوو بەدڵنیاییەوە هەنگاو بنێیت بەبێ نیگەرانی ئاراستەی ژیانی خۆت دیار بکەیت، کە ئێمەی مرۆڤ ئەم هاوکێشەیەمان بە (بیروباوەڕ) ناو ناوە. ئەگەرنا بەبێ ئەم پارچەیە، هاوکێشە جیانەکراوەی خودی هەرتاکێک لە ئێمەی مرۆڤ بەگشتی، وەک ئەوە وا بین، نەزانین بۆ چی هاتووین بۆ کوێ دەچین؛ بەمەش وەک مرۆڤێکی ونبوو خۆمان تا ئەبەد لەم ژیانە کاتییە ببینینەوە. کەواتە بیروباوەڕ پاڵنەرێکی بەهێزە، مرۆڤ بکاتە خاوەن ئامانجێکی دیاریکراو؛ هەموو هەوڵ و پلانەکانی بە بیروبۆچوونەکانی ببەستێتەوە، بەمەش بەتەواوی ئامادە ببێ بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ژیانی رۆژانەیدا بکات، وێنەی ئەو باوەڕەی کە هەیەتی بۆی لەدایک ببێ، ئاراستەی شێوەیەک لە شێوەکانی ژیانکردن وەرگرێت، لە دەرنجامی ئەو بیروباوەڕەی پێی هاتووە؛ ئەم دەرنجامەش بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە، هەموو ئەوانەی هەڵگری بیروباوەڕن، لە پێناو ئەو باوەڕەی بۆ دروست بووە، بەرگەی سەخیترین ئازار و ئەشکەنجە بگرێت، زۆر جار لە خودی مردنیش نەترسێت! ئەوەی جێی بیرهێنانەوەیە لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، هیچ کاتێک ئەم تاکانە پەنا بۆ کاری هیچترینەکان نەبات، کە زۆربەی جار کەسی بێبیروباوەڕ پەنای بۆ دەبەن، چونکە بە تێگەیشتنی خۆیان شێوەیەکە بۆ ئەوەی مرۆڤ پێی سەر بکەوێ و بەردەوامبوون و مانەوەی لە ژیانە! چونکە لەلای ئەم کەسانە ژیان بە هەرجۆرێک بێ قبووڵیەتی. بەپێچەوانەوە خاوەن باوەڕە زانستیەکان، بە بەردەوام لەسەرووی هەموو هەڵەکانن، هەر ئەمەش هۆکارە بە هیچ شێوەیەک تاوان نەکەن، کەمترین هەڵە لە ژیانیاندا روو بدات! لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی زیاتر ئاشناییمان لەگەڵ خودی (باوەڕ) دروست ببێت، باوەڕ مەرجدار نیە! دەکرێت لە پێناو بەرگی مرۆڤایەتی بێ، یا هەر ئایینێک، گرنگ ئەوەیە لەسەر بنەمایەکی باوەڕپێکراو بەدی هاتبێت، دوور لە خورافیات، ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایانە نەبێت، ستەم و ماندووبوون و تاوانی نامرۆڤایەتی بەدوایدا دێت.