سەردار قادر
پێشەکی: فۆتۆی چاو و جیهانبینیی شاردراوە
ئەگەر سەرسەختانە ئاوڕ لە مێژووی نوێخوازیی شیعری کوردی بدەینەوە، مامۆستا گۆرانی نەمر وەک باوکی ڕۆحیی گۆڕانکاری لە قاڵب و سەروا پێناسە دەکرێت. بەڵام غەدرە گەورە و مێژووییەکە لێرەدا کایە دەکات؛ ڕۆشنبیر و ڕەخنەگری کورد بە درێژایی دەیان ساڵ، تەنها لە گۆشەنیگای “ڕۆمانسیەت” و شکاندنی کێشی عەرووزییەوە سەیری گۆرانیان کردووە، لە کاتێکدا جەوهەری دەقەکانی ئەو، لوتکەی مینیماڵیزم و کورتکردنەوەی جادوویین.
ئەم وتارە دەیەوێت پەردە لەسەر ڕاستییەکی شاردراوە لادات: مامۆستا گۆران یەکەمین پێشەنگ و داهێنەری “هایکۆ” بووە لە زمانی کوردیدا.
کاتێک بە چاوی “هایکۆناس”ێکەوە سەیری شاکارەکانی گۆران دەکەین، بەر چەمکێک دەکەوین کە دەکرێت ناوی بنێین “فۆتۆی چاو”. گۆران یەکەم شاعیر بوو ئەدەبی کوردی لە وەسفە خەیاڵییە ناواقیعییەکان ڕزگار کرد و چاوی خستە سەر وێنەگرتنی ڕاستەقینەی چرکەساتی سروشت. شیعرەکانی پڕن لە وێنەی هایکۆیی، بۆیە دەتوانین گۆران وەک شاعیرێکی مەزنی هایکۆیی لەقەڵەم بدەین؛ چونکە هایکۆ پێش ئەوەی قاڵبێکی ژمارەیی وشک بێت، جیهانبینیی گرتنی جوانییە لە چرکەساتێکدا بە هۆشیاریی پێنج هەستەوەرەکە.
تەوەرەی یەکەم: فەلسەفەی مێژوویی “مەشقی تاشین” لە زمانی گۆراندا
هایکۆ واتا مەشق؛ کاتێک هەرچی دەنووسیت بە مەشق، هەرچی زیادەیە فڕێی دەدەیت بەبێ ئەوەی مانا تێکبچێت، ئەو کاتە دەقەکە دەبێت بە هایکۆیەکی جوان. ئەمە ڕێک کاری پەیکەرتاشێکە کە بەردی زیادە فڕێ دەدات تا پەیکەرە شاردراوەکە دەربکەوێت.
ڕەخنەگرانی ئێمە لەبەر زیندانیکردنی شیعر لە ناو قاڵبدا (فۆرمالیزم)، پێشتر پێیان وابوو هایکۆ تەنها پابەندبوونی وشکە بە یاسای (٥-٧-٥)ی بڕگەیی ژاپۆنییەوە. بەڵام هەقیقەتەکە ئەوەیە گۆران زمانی شیعری لە وشە غەریب و قورسەکان “تاشی” و کێشی بڕگەیی هێنایەوە کایەوە. ئەم سووککردن و نەرمکردنەوەی زمانە، ڕێگای خۆشکرد کە زمانی کوردی بتوانێت مۆسیقایەکی ناوەکیی وا دروست بکات کە پێویستی بە ژمارەی وشک نەبێت، بەڵکو بە سروشتی خۆی وێنەی چڕ بئافرێنێت و ١٧ لێکدانەوە و لەرەلەری ڕۆحی لە ناخی خوێنەردا بچێنێت.
تەوەرەی دووەم: بۆتەی دەقەکان و دۆزینەوەی هایکۆی شاردراوە
بۆ سەلماندنی ئەم پێشەنگییە، پێویستمان بە “مەشقی تاشین” هەیە لەسەر دەقەکانی خۆی، تا ئەو هایکۆیانەی لە ناو قەسیدە درێژەکانیدا حەشار دراون، وەک فۆتۆی چاو دەربکەون:
ڕێبازی پەرناس و گۆران؛ ساتی تەقینەوەی جوانی لە پێناو جوانیدا
کاتێک باس لە ڕێبازی “پەرناس” و تیۆری “جوانی لە پێناو جوانیدا” دەکەین، باس لە جۆرە داهێنانێک دەکەین کە تێیدا شیعر نابێتە کەرەستەی چاکسازیی کۆمەڵایەتی یان وتاری ڕاستەوخۆی سیاسی، بەڵکو خودی شیعرەکە وەک شاکارێکی سەربەخۆی کلتوری و جوانیی ناسک پێناسە دەکرێت. لە ئەدەبیاتی کوردیدا، عەبدوڵڵا گۆران یەکەمین شوڕشگێڕی ناو ئەم کایەیە بوو. ئەو بە تێپەڕاندنی عەرووزی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ سەر کێشی پەنجە، تەنها فۆرمی شیعرەکەی نەگۆڕی، بەڵکو گەورەترین کودەتای بەسەر “چەمکی جوانی”دا هێنا. گۆران سەلماندی کە مۆسیقای وشە و پێکەوەبەستنی وێنە شیعرییەکان، خۆیان لە خۆیاندا لوتکەی ئامانج و پیرۆزین.
ئەو هێزە جادووییەی کە لە ناخی گۆراندا هەبوو بۆ جوانتر نواندنی سروشت، لە “هاوسەنگیی نێوان چاوی وێنەکێش و ڕۆحی عاشق”ەوە سەرچاوەی دەگرت. گۆران کاتێک سەیری پایز، کانی، باران یان ژن دەکات، وەک ڕیالیستێکی وشک تەماشایان ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی فلتەری خەیاڵێکی پەتی و زمانێکی پاکژکراوەوە دووبارە دەیانخوڵقێنێتەوە. ئەو سروشتی کوردستان ناکاتە پاشکۆی شیعرەکەی، بەڵکو بە وشەی تاشراو و مۆسیقایەکی ناوەکیی وا دەیڕازێنێتەوە کە سروشت لە دەقەکانیدا لە ڕەهەندە فیزیکییەکەی خۆی دادەماڵرێت و دەبێتە تابلۆیەکی جاویدانی لە هەست و نەرمونیانی. ئەم هێزی لادانە و کورتکردنەوەی دیمەنە گەورەکان بۆ چرکەساتی چڕوپڕ، ڕێک ئەو بنچینە تۆکمەیەیە کە گۆرانی کردە یەکەمین پێشەنگی سروشتی و ڕۆحیی فۆرمی “هایکۆ” لە ئەدەبیاتی کوردیدا.
١. لە شاکاری “ئافرەت و جوانی” (هایکۆی گەردوون و سروشت):
گۆران لەم دەقەدا چەندین فۆتۆیی چاوی ناوازە دەگرێت. ئەگەر ڕوونکردنەوە سەرەتاییەکان بتاشین، دەبینین چۆن هایکۆی جیهانی چنراون:
بە ئاسمانەوە ئەستێرە،
لە باخچەی بەهاردا…
گوڵچنین!
ئاوێتەکردنی درەوشانەوەی ئاسمان و زەوی بە کەمترین وشە، یان لە وێنەیەکی تردا کاتێک گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێت:
چەماوەتەوە،…
بەرامبەر بە خۆر
پەلکەزێڕینەی پاش باران!
تەنانەت کاتێک دەنگ و ڕەنگ تێکەڵ دەکات، دەڵێت:
خوڕەی قەڵبەزەی چەم،
پرشنگی زیوینی کەف…
لە ناو تەمدا!
٢. لە شاکاری “پاییز” (هایکۆی دەروون و هاودەردی):
لەم دەقەدا گۆران چەمکی “ئاوێنەی ڕۆح” بەکار دەهێنێت، کە تێیدا ناخی مرۆڤ و گۆڕانی سروشت دەبنە یەک هاودەردی:
پاییز… بووکی پرچزەرد،
من مات و تۆ زیز،
هەردوو هاودەرد!
پاشان فۆتۆیەکی تری جووڵاو لە کزەی با و وەرینی گەڵاکان (ئاڵتوونی دار) دەگرێت:
کزەی بای سەر تەزێن،
هەوری ماتی ئاسمان،
ڕشتنی ئاڵتوونی دار!
٣. لە دیمەنی هەڵپەڕکێ (سەمای ڕەنگ و بریقە):
لە گەرمەی شایی و جووڵەی کوردەواریدا، چاوی گۆران وەک عەدەسەیەکی سینەمایی چرکەساتی کایەی ڕەنگەکان دەگرێت:
پەلکەزێڕینەی ئێوارەی بەهار،
تارای سووری بووک…
بەرامبەر بە خۆر!
هەروەها بریقەی زێڕ لەسەر ڕەشیی زوڵف لە کاتی جووڵەدا بەم شێوەیە دەتاشرێت:
زوڵفی ڕەش،
بریقەی کڵاوزەڕ…
وەک ئەستێرەی گەش!
٤. لە شاکاری “جادە چۆڵ و سێبەر بوو” (فۆتۆگرافیی چرکەساتی واقیع):
ئەم دەقە لوتکەی فۆتۆگرافیی مۆدێرنە، گۆران لێرەدا تەنها ڕووداوە حسییە پەتییەکان تۆمار دەکات. لە سەرەتای جادەکەوە:
جادە چۆڵ و سێبەر،
کاتی بەیانی…
سەوزایی دەوروپشت و شاخ!
و پاشان لوتکەی فۆتۆی چاو کە دۆزینەوەی تیشکە لە ناو تاریکی عەبادا، تەنها لە چرکەساتێکدا:
ژێر عەبای ڕەش،
درزێکی پەچە…
پرشنگی نیگای چاو!
٥. لە شاکاری “ئاواتی دووری” (مانیفێستی پێنج هەستەوەرەکە):
لەم دەقەدا گۆران بە تەواوی بنەماکانی هایکۆی جیهانی جێبەجێ دەکات کە بنیادنانی وێنەیە لەسەر بنەمای هەستەوەرەکان (بینین، بیستن، بۆنکردن). بە تاشینی دەقەکە دەگەینە ئەم خاڵە چڕانە:
هەستی چاو: (دوو چاوی مەست،/ برۆی پەیوەست،/ زوڵفی ڕەش و کوڵمی گەش!)
هەستی گوێ (مۆسیقای حسی): (نەغمەی نازی شۆخ،/ زڕەی بازن،/ هاڕەی هەیاسە و ورشەی کراس!)
هەستی شاممە (بۆن لە ناو واقیعدا): (درزی سوخمە،/ بۆنی وەنەوشە و گوڵ…/ مێخەک و عەتر و سمڵ!)
٦. لە شاکاری “لە لادێ” (مینیماڵیزمی ژینگە و فۆلکلۆر):
لەم تابلۆ گوندنشینییەدا، کچە گۆزەبەشانەکە و ژینگەی دەوروبەری لە چەند وێنەیەکی هایکۆییدا چڕ دەبنەوە:
کراسکەتانی، کەواسەوز،
شان و گۆزە…
پەری سەر ئەرز!
پاشان لوتکەی ئاوێتەبوونی باڵای مرۆڤ لەگەڵ درەختدا لە ژێر کزەی شەمڵدا:
شەماڵی ڕێگەی کانی،
باڵای کچێک…
لەرانەوەی شۆڕەبی!
تەنانەت چرکەساتی شەرم و شڵەژانی دەروونی کچەکە لە بەردەم کۆمەڵی پیاواندا بە کەمترین وشە دەبێتە فۆتۆ:
پیاوانی مزگەوت،
سڵکردنەوەی کچێک…
ئاسک لە سێبەری ئەشکەوت!
ئەنجامگیری: گەڕانەوەی شکۆی پێشەنگ
ئەم خوێندنەوە نوێیە پێمان دەڵێت کە غەفڵەتێکی گەورە لە ناسینی لایەنە مینیماڵ و فۆتۆگرافییەکەی مامۆستا گۆراندا کراوە. گۆران تەنها شاعیرێکی ڕۆمانسی نەبووە کە باسی کچ و کوێستان بکات، بەڵکو ئەو فۆتۆگرافەرێکی بلیمەت بووە کە بە چاوی دەقی هایکۆی گرتووە و بە پێنووسەکەی تاشیویەتی!

