بژار حەکیم
زمانی بیرکردنەوە، گریمانەیەکە لە زانستی زمانەوانیدا، کە باس لەوە دەکات بیرکردنەوەکان لەناوەوە لە زمانێکی دەروونیی تایبەتدا نوێنەرایەتی دەکرێن، ئەم گریمانەیە بە زمانی گریمانەیی بیری ناسراوە، ئەوە پیشان دەدات کە بیرکردنەوە لە سەری مرۆڤدا، بەپێی ڕێسا تایبەتەکانی ڕێزمانی بنیات دەنرێن.
زمانی بیرکردنەوە بەشێکی بنەڕەتییە لە تیۆری نوێنەرایەتیی زمانی ناوەوەی مرۆڤ، کە گریمانە دەکات مێشک لەسەر نوێنەرایەتییە ڕەمزییەکان کار دەکات. لەم چوارچێوەیەدا زمانی فکر زمانی ناوەکیی فکریشە، کە بیرکردنەوەکان تێیدا پرۆسێس دەکرێن و ڕاست دەکرێنەوە. زمانی گریمانەیی بیرکردنەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە بیرکردنەوە تەنیا وێنە یان مانای ساددە و تێپەڕنین، بەڵکوو بوونێکی ڕێکخراو و گرنگی زمانەوانین. ئەمەش بەو مانایەیە، کە ئێمە بە بەکارهێنانی ڕێسای زمانەوانیی تایبەت بیر دەکەینەوە، ئەم یاسایانەش هەمان ئەو یاسایانەن، کە لە زمانی نووسراو یان قسەکردندا بەکار دەهێنرێن. زمان سیستەمێکە لە هێما دەنگییەکان کە مرۆڤ بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و هەست و ئارەزووەکانی بەکاری دەهێنێت. زۆربەی زمانناسان بۆچوونیان وایە، زمان و بیرکردنەوە بە تەواوەتی لە یەکدی جیا ناکرێنەوە، بیرکردنەوە بەبێ زمان بوونی نابێت، هەروەکچۆن زمانیش بەبێ بیرکردنەوە بوونی نییە.
زمان ئامرازی پەیوەندییە بۆ بیرکردنەوە، یان نوێنەرایەتیی سرووشتی و دەرەکیی حاڵەتێکی ناوەکییە، زمان بریتییە لە زنجیرەیەک وشە، کە گوزارشت لە بیرکردنەوەیەکی تەواو دەکات. کاتێک مرۆڤ لە حاڵەتی بیرکردنەوەدا بێدەنگ دەبێت لە قسەکردن، لە ناوەوە زمانی بیرکردنەوەی دەکەوێتە کارکردن و گفتوگۆ لە خودی ناوەوەی مرۆڤ و لە پشت لێوەوە ڕوو دەدەن. لە کاتێکدا فەلسەفە مەیلی ئەوەی هەیە، بیرکردنەوە لە پێش قسەکردن و دوای قسەکردنیش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لێکۆڵینەوەی زانستی لە زمان پێی وایە، مەحاڵە بیرکردنەوە لە پێشەوەی زمان بێت، ڕەنگە کاریگەریی زمان لەسەر بیرکردنەوە بەهێزتر بێت، لە کاریگەریی بیرکردنەوە لەسەر زمان.
هەندێک لە زمانناسان بۆچوونیان وایە، کە هیچ پێوەندییەک لەنێوان بیرکردنەوە و زماندا نییە، ئەوان پێیان وایە کە بیرکردنەوەی ڕاستەوخۆ لە قسەکردندا بوونی هەیە، نەک بیرکردنەوەی پێشوەختەی بێدەنگ و، دەڵێن، بەدەستهێنانی زمان مەرجێکی پێویست نییە بۆ بیرکردنەوەی پێشوەختە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک نموونەی کەسانی نابیست دەهێننەوە، کە وەک ئەوانی دیکە بیردەکەنەوە، بەڵام بەبێ زمان و ئەوان لەڕێگەی زمانی بیرکردنەوە دەپەیڤن. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین، کە هیچ ناکۆکییەک نییە، سەبارەت بە پێوەندی نێوان زمان و بیرکردنەوە. بەهەمان شێوە مەحاڵە بیرکردنەوەیەک بەبێ وشە لە خەیاڵدا بێت، چونکە زمان توخمێکە لە جەوهەری بیرکردنەوەی مرۆڤ. هیچ بیرکردنەوەیەک بەبێ قسەکردن نییە و هیچ قسەیەکیش بەبێ بیرکردنەوە نییە، بەڵکوو هەر یەکێکیان بە جۆرێک ئەویتریانە.
پێوەندیی نێوان هزر و زمان شاراوە نییە، چونکە هیچ زمانێک بێ هزر نییە، هیچ بیرکردنەوەیەکیش بێ زمان نییە. ئەم دووانە بەشێوەیەکی دانەبڕاو بەیەکەوە گرێدراون. ئێمە ناتوانین بیرکردنەوەمان لە دەرەوەی بازنەی زمان فۆرمەلە بکەین، هەروەها ناشتوانین لە دەرەوەی کۆنتێکستی زماندا گوزارشتیان لێبکەین. ئاماژەیەکی دیکەی سرووشتی ئەم پێوەندییە ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین لە زماندا داهێنەربین ئەگەر بیرنەکەینەوە، بۆیە لەڕێگەی بیرکردنەوە زمان پێشدەخەین و دەپەیڤین، کەواتە ئاساییە و دەتوانین بڵێین، بیرکردنەوە لە پێش قسەکردنە و مرۆڤ بەر لەوەی بپەیڤێ بیردەکاتەوە، واتە زمانی بیرکردنەوە لەپێش زمانی ئاخاوتنە.
مرۆڤ پێش ئەوەی بە دەنگ گوزارشت لە خۆی بکات، لە ناخیدا بە چڕی لە ڕێگەی بیرکردنەوەدا بێدەنگ دەپەیڤێ و مانا دروست دەکات ، بەڵام پرسیارە گەورە و هەمیشەییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، ئایا ئێمە بەو زمانە دەپەیڤین کە پێشوەختە بیری لێ دەکەینەوە. زمانی بیرکردنەوە تەنیا گەشتێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو دابەزینە بۆ قووڵایی کایەکانی بیرکردنەوە، بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کۆدەکانی بیرکردنەوە، دەبنە هۆشیاری و هێمای زمانەوانی.
کاتێک بە زمانی بیرکردنەوە کار دەکەین، ئێمە تەنیا وشەکان ڕیز ناکەین، بەڵکوو سیستەمێکی تەواو لە بەها، مێژوو و بارگاویبوونی دەروونی بەکار دەهێنین. لێرەوە زمان لە کاتی بیرکردنەوەدا، دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی لۆژیک، بەو مانایەی مرۆڤ کاتێک زمانی بیرکردنەوەی هەیە، زیاتر لۆژیکی و کەمتر سۆزدارییە، چونکە زمانی بیرکردنەوە هۆشیاری ئەقڵی بەرهەم دەهێنێت و پەیڤی دروست دەردەبڕێت. لە کۆتاییدا زمانی بیرکردنەوە تۆڕێکی ئاڵۆز و لێکئاڵاوە، لەنێوان دەنگە ناوەکییەکان و هێما دەرەکییەکاندا، ئێمە لە ناوەوەی خۆماندا بە زمانی بیرکردنەوە، ئاخافتنی ئەقڵانی دروست دەکەین.

