رۆژنامەی ھەولێر

دوای یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر، کێن ئەوانەی ئەم حکوومەتەیان ناوێت؟

هەولێر
گەلی کوردستان دەزانن کابینەی نۆیەم لە وەختێکدا دەستبەکاربوو، یەک لەدوای یەک قەیرانە جیهانییەکان بەرۆکی مرۆڤایەتی و کوردستانیان گرت. لە کۆرۆناوە، تاکوو دەگاتە بڕیارەکانی دادگای پاریس بۆ ڕاوەستاندنی هەناردەی نەوتی کوردستان و وشککردنی خەزێنەی کوردستان، تاکوو دەگاتە کێشەکانی تەنگەی هورمز و داخستنی ئەو تەنگەیە کە جووڵەی ژیان و سەرمایەی نەک هەر لە کوردستان، بگرە لە هەموو ناوچەکەدا وەستاند، تەنانەت دەوڵەتە گەورەکانی دنیا بەهۆی ئەو قەیرانانەوە دووچاری هەڵاوسانی ئابووری و ڕاوەستاندنی گەشەی ئابووری بوون.
ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان گرت، وڵاتە گەورەکانی دنیایان هێناوەتە لەرزە، دێرینترین و بەهێزترین وڵاتانی ناوچەکە، کەوتوونەتە سەر لەپ و نێو گڕی ئاگرێکی بێ ئامانن.. سەرمایە بە لێشاو لە وڵاتانی کەنداو ڕادەکات.. باری ئەمنیی ناوچەکە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دادەرووخێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بە قەیران و ئاگر دەورە دراوە، لە ناو دەریای ئاگر و زەریای قەیرانەکاندا، کاری کردووە. ئەم حکوومەتە نەک هەر مایەوە و لەسەر پێی خۆی وەستا، کە بە تەنیا مانەوەکەی نیشانەی ئیرادەیەکی بەهێز و بڕوابەخۆبوون و جۆرێکە لەو سەرکەوتنە دەگمەنانەی کە زۆر حکوومەتی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ خەونی پێوە دەبینن، حکوومەتەکە نەک هەر مایەوە، بەڵکوو خەونە گەورەکانی هاووڵاتییانی کوردستانی کردە واقیع و ئێستا هاووڵاتییانی کوردستان لە ناو ئەو واقیعەدا دەژین، کە پێشتر خەون و ئاواتی گەورەی بەدینەهاتوو بوون.
حکوومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ، خەونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی کوردستان کردە واقیع. ئەو پڕۆژە هەرە گەورەیەی کە دوژمنەکان پێش دۆستەکانی شایەتی بۆ دەدەن، دەرهێنانی کوردستان لە شەوی دەیجووری تاریکی و قەیرانی نەبوونی کارەبا، ئەوەندە گەورەیە، ئیتر دوای ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێکی تر بڵێین. سەرکەوتن بەسەر تاریکیدا و ڕووناککردنەوەی کوردستان، دەستکەوتی تەمەنە بۆ مەسروور بارزانی.
لەم کابینەیەدا، خەڵکی کوردستان برایە ڕیزی کۆمەڵگە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکانی دونیا، هەر هاووڵاتییەکی کوردستان، مووچەخۆرانی، کرانە خاوەنی سیستەمی بانکی و حکوومەتی دیجیتاڵی! ئێستا ئیتر هاووڵاتیی کوردستانیش سەرسام نابێت کە دەبینێت هاووڵاتیی وڵاتێکی پێشکەوتوو، بە یەک کرتە مووچەکەی دێتە سەر هەژمارەکەی، حکوومەتەکەی مەسروور بارزانی، ئەو خەونە گەورەیەی بۆ کوردیش کردە واقیع. هەر بۆیە خەڵکی کوردستان پاداشتیان دایەوە و، بە یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر گوڵبارانیان کرد.
کەواتە بۆچی وڕەیەک دێت دەڵێت: خەڵک ئەو حکوومەتەی ناوێت؟ ئایا مەبەست لە خەڵک ئەو یەک ملیۆن دەنگەیشە کە گوڵبارانی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیان کرد؟ بێزەحمەت کام خەڵک حکوومەتەکەی ناوێت؟ ئایا ڕاپرسیت کرد؟ بە کام داتا زانیت، خەڵک حکوومەتی ناوێت؟ ئایا وشەی خەڵک ملیۆنە دەنگەکەش دەگرێتەوە؟ یان تۆ ئەو دەنگدەرانە بە خەڵکی کوردستان دانانێیت؟ ئایا خەڵک کەسووکار و براکەی خۆیشت دەگرێتەوە کە ئێستایشی لەسەر بێت لە حکوومەتدا ماونەتەوە و دەستبەرداری پۆستەکانیان نابن؟ ئەگەر خەڵکی کوردستان ئەو کابینەیان ناوێت، بۆچی بە براکەت ناڵێیت دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت؟.
مادەم یەک ملیۆن دەنگدەر، حکوومەتیان دەوێت، ئەی کەواتە ئەو خەڵکە کێیە کە حکوومەتی ناوێت؟ بێگومان هەموو ئەو کەسانەی چاویان بە حکوومەتێکی بەهێز هەڵنایەت کە لە ناو دەریای قەیرانەکاندا بەپێوە بوەستێت، هەموو ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دراوە و ئیمتیازاتی بە لێشاویان لێ وەرگیراوەتەوە، هەموو ئەوانەی پێیان خۆشە هەمیشە کورد پاشکۆ بێت و قەت هەنگاوێک بۆ پێشەوە نەنێت، کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمیان ناوێت و، بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکەن.