ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
نامۆ فازڵ، جەنگاوەری ناوداری کورد لە یارییەکانی هونەرە جەنگییەكان MMA، لەسەر ئاستی جیهان تا دێت زیاتر دەبێتە ژمارەیەكی قورس و تۆقێنەر، لە هەموو پاڵەوانێتییەكانیش بە ئاڵای كوردستان دەچێتە مەیدان و جۆش و خرۆشێكی زۆر بە پێشبڕكێییەكان دەبەخشێت.
نامۆ فازیڵ، لە یەکەم پاڵەوانێتی وەرزشیی “نێتفلێکس” لە شاری لۆس ئانجلسی ئەمریکا، توانی بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بكات.
نامۆ لەنێو هۆڵی “ئینتویت دۆم” رووبەڕووی جەیک بابیانی رکابەرە ئەمریکییەکەی بووەوە. لە قۆناغی یەکەمدا، بابیان هەر زۆر هێرشی كردە سەر پاڵەوانە كوردەكە، بابیان بە لێدانێكی بەهێز فشاری بۆ سەر نامۆ دروستکرد، بەڵام جەنگاوەرە کوردەکە بە تاکتیک و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بەرگەی هێرشەکانی گرت.
دواتر لە قۆناغی دووەمدا، نامۆ بەڕووی ركابەرەكەیدا تەقییەوە، لە چرکەی 58ی ئەم قۆناغە، نامۆ فازڵ بە زیرەکییەکی زۆر باڵادەستی خۆی بەسەر ركابەرەكەیدا سەپاند و تەکنیکێکی قورس و دەگمەن کە بە “ئەناکۆندا چۆک” ناسراوە، ملی رکابەرە ئەمریکییەکەی گرت. بابیان بەرگەی ئەو فشارە توندەی نەگرت و پێش ئەوەی زیانی پێ بگات، بە دەستەكانی تەسلیمبوونی خۆی راگەیاند.
ئەم بیرۆكەیەی نامۆ لە كۆتاییەكان لە دژی ركابەرەكەی بەكاریهێنا، بیرۆكەكەی لە مارێك وەرگرتووە كە بە “ئەناکۆندا” ناسراوە، چونکە بە هەمان شێوەی مارەکە ملی رکابەرەکەی گرت و وازی لێنەهێنا تاوەکو ناچاری كرد خۆی رادەست بكات.
بەم سەركەوتنە، نامۆ فازڵ بووە خاوەنی تۆمارێکی زۆر گەورە و دەیەمین سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تەنیا یەكجار تووشی شكست بووە، ئەم دەستکەوتە گەورەیەی پاڵەوانە كوردەكە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێتفلێکس نماییش كرا، ئەمەش رێگەی بۆ نامۆ خۆش کرد تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ریزی پێشەوەی جەنگاوەرە جیهانییەکانی UFCدا ببینرێت.
نامۆ لەسەر شانۆی ركابەرییەكە بە دەنگێكی گەورە هاواری دەكرد و پڕ بە قورگی ناوی كوردستانی دەگوتەوە، ئێستا نامۆ فازڵ وەک یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یارییەکانی MMA لە ئەمریکا ناوی دەهێنرێت و توانیویەتی جارێکی دیکە ناوی کورد لە نێو ناوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەرز بکاتەوە.
دوای بردنەوە گەورەکەی بەرەبەیانی دوێنێ، نامۆ فازڵ لەنێو قەفەسی شەڕەکەدا گوتی: “زۆر قسەمانکرد، قسەکەمان بردە سەر. ئێستا من ئامادەم بۆ ئەوەی سبەی شەڕ بکەمەوە، لەگەڵ هەر کەسێک و لە هەر شوێنێک”.
نامۆ لە پەیامێکدا کە لەسەر ئینستاگرامەکەی بڵاویکردووەتەوە لەبارەی ئەو کێشەیەی لە دوای یارییەکە لە نێوان ئەو و ئارما تسارۆکیاندا روویدا گوتی “کاتێک پێمگوت پێویستە قسەی لەگەڵ بکەین، هێشتا ئەو ڤیدیۆیەم نەبینیبوو کە تێیدا داوای لێبوردن لە گەلی کورد دەکات. من و ئارمان هەردووکمان لە هەمان یانە (ATT) راهێنان دەکەین و ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەكتر نییە”.
پاڵەوانە کوردەکە دەڵێت “نامەوێت کەس ئەم بابەتە گەورە بکات یان کێشە لەنێوانمان دروست بکات. ئەوەی روویدا تەنیا تێنەگەیشتنێک بوو لەلایەن هەردوولاوە. رێز لەوە دەگرم کە ئارمان دانی بە هەڵەی خۆیدا ناوە و داوای لێبوردنی کرد، هیوادارم ئەم بابەتە لێرە کۆتایی بێت. وەکو پێشتریش گوتوومە، کورد و ئەرمەنی بران. ئەم بابەتە بۆ من تەنیا بابەتێکی کەسی نەبوو، بەڵکو پەیوەندیی بە گەلەکەمەوە هەبوو”.
نامۆ فازیڵ، هاوینی ساڵی رابردوو لە پاڵەوانێتی جیهانی دوبەی شكستێكی گەورەی تووشی یەعقووب سلێمانۆڤی تاجیكستانی كردەوە، پێشتر ركابەرەكەی نامۆ رایگەیاندبوو هیچ نەتەوەیەك و ناوچەیەك نییە بە ناوی كوردستان و كورد بوونی نییە.
نامۆ دوای ئەوەی رووبەڕووی یەعقووب بووەوە بە لێدانێكی كوشندە ركابەرەكەی خستە سەر زەوی و شكستی پێهێنا و بە ئاڵای كوردستانەوە چووە سەر لاشەی كەوتووی، پێی گوت: ئێستا زانیت كورد و كوردستان كێیە؟.

