رۆژنامەی ھەولێر

گواردیۆلا: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ تیپی خانمان ئاهەنگ دەگێڕین

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

گواردیۆلا: لەگەڵ تیپی خانمان ئاهەنگ دەگێڕین
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی دوای بردنەوەی ناسناوی ئێف كەپ، بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەنووسەكانی دایەوە: دەمنزانی یارییەکی زۆر زۆر قورس دەبێت، وەک چۆن هەمیشە وابووە، یارییەکەمان زۆر بە باش دەستی پێکرد، پێموایە 30 بۆ 35 خولەکی یەکەم زۆر زۆر باش بووین، دەگەیشتینە پاسی کۆتایی، بەڵام بڕیاری کۆتاییمان باش نەبوو. دوای ئەوە ئەوان لە گێمی دووەمدا باشتر بوون، سەرەڕای ئەوەی لەو گێمە ئێمە گۆڵێکمان لە رێگەی سێمینۆ تۆمار کرد، بەڵام هەر ئەوان لە ئێمە باشتر بوون. ئەو کاتە یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەواندا بوو. هێرشبەرتر بوون و لە رێگەی لێدانی گۆشەوە فشاری زۆریان لەسەر ئێمە دروستکرد، بەڵام دواتر ئێمە گۆڵەکەمان تۆمارکرد و کاتێک گۆڵەکەمان کرد، لە دوای ئەوەوە ئێمە باشتر بووین. دوای یارییەکە هیچ ئاهەنگێکمان نەگێڕا، دووشەممەی داهاتوو دوای یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا، دەمانەوێت لەگەڵ تیپی خانمانی یانەکەمان ئاهەنگ بگێڕین. یانەکە ئاگاداری کردوومەتەوە لە شاری مانچێستەر بە رێپێوان هەردوو تیپ پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، بۆیە کاتی ئەوەمان نەبوو کە لەو یارییە ئاهەنگ بگێڕین.

ئاڵۆنسۆ دەبێتە راهێنەری چێڵسی
تۆڕی هەواڵی بی بی سی و ئاتلێتیک لە بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری ئیسپانی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید، بە تەواوی دەسەڵاتەكانی دەبێتە راهێنەری یانەی چێڵسی و وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی بلوز دەکات.
کارگێڕی یانەی چێڵسی، رۆنسێرۆی لە شوێنی مارێسکا وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشانکرد، تەنها دوای سێ مانگ ئەو راهێنەرەشی بەهۆی ئەنجامە لاوازەکان دوورخستەوە.
چابی ئاڵۆنسۆ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو توانی، لەگەڵ یانەی بایەر لیڤەرکۆزنی ئەڵمانیا ناسناوی بۆندزلیگا بباتەوە، سەرەتای ئەم وەرزە وەکو راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دستبەکار بوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامە خراپەكان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
پێگەی ئاتڵێتیك نووسیویەتی: خاوەنەكانی یانەی چێڵسی بڕیاریداوە بە هەموو هێزەوە پاڵپشتی ئالۆنسۆ بكەن و ئازاد كراوە لە هەر گۆڕانكارییەك كە بیەوێت لە پێكهاتەكەی بیكات.

مۆرینیۆ لەبارەی ریال مەدرید هاتە دەنگ
جۆزێ مۆرینییۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی بێنفیکا، دواجار لەسەر دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید هاتە دەنگ و گووتی: من تەنها لە بێنفیکاوە ئۆفەرم بۆ هاتووە و هیچ ئۆفەرێکی راستەوخۆم لە ریاڵ مەدریدەوە پێنەگەیشتووە، مۆرینیۆ بەمشێوەیە باسی داهاتووی خۆی و ریال مەدریدی كرد:
پێویستە ئەم هەفتەیە داهاتووم یەکلا ببێتەوە، وەک چۆن بە زمانەکانی پورتوگالی و ئیسپانیش گوتم، من ئۆفەرێکم لەلایەن یانەی بێنفیکاوە پێگەیشتووە و هیچ ئۆفەرێکم لە ڕیال مەدریدەوە بەدەست نەگەیشتووە. لە هەمان کاتدا گوتم کە ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە هیچ شتێک نییە و شتێک هەیە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆمدا نییە، من پێویستم بە کاتە، پێویستم بە کات هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری خۆم بدەم و پێدەچێت ئەم هەفتەیە زۆر گرنگ بێت. لە ماوەی 13 ساڵی رابردوو خۆشەویستیمان بۆ یەکتری هەبووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە من لە 13 ساڵی ڕابردوودا لە یانەکە بووبم یان لە داهاتوودا لێی بمێنمەوە. ئێمە هەمیشە لە یەکەوە نزیک بووین، بەڵام پێم وایە ئەمە هیچ مانایەک ناگەیەنێت. بێنفیکا یانەیەکی گەورەیە و لەو رۆژەوەی کە پەیوەندیم بەو یانەیە کردووە، هەمیشە هەستم بە شانازی و بەرپرسیارەتی کردووە.