ڕائیب جادر – هەولێر
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، یازدە ملیار دۆلار زیانی بە داھاتی عێراق گەیاندووە، یەکێک لەو گرفتانەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەیە، گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتە. کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، ناسراو بە “ئەپیکۆر” ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی بۆڕییەکە ئامادەیە، بەڵام عێراق ھەنگاوی پێویستی بۆ کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا و ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەبەر.
زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، کە لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیھانی تورکیا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات بەمەبەستی ھەناردەکردنی یان بۆ بەکارھێنانی نێوخۆیی، ئێستە عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گاز تەواو بووایە، تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵە کردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پارەیەکی یەکجار کەم بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیانەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکەن داناوە، بە بەروارد بە عێراق، چونکە لە ھەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت سی و ھەشت دۆلارە، بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا شەش دۆلار دانراوە، لەگەڵ ئەوەی سروشتی کوردستان و دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر زەحمەتترە، ئەو بڕە پارە کەمەش بۆ ھەر بەرمیلێکی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەھاتووە.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێم لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێم ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکران.
ھێشتا ھەندێک کەس و لایەن داوای ڕادەستکردنی ھەموو داھاتی ناوخۆ دەکەن، فەرمانبەرانی کوردستان، دەڵێن: ئەو لایەن و پەرلەمانتار و کەسانەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر نەوت و داھات ڕادەستی بەغدا بکرێت، عێراق ھەموو مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت و خوشگوزەرانی بەدوادا دێت، خیانەتیان لە ھەرێمی کوردستان کرد. پسپۆڕانی ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ڕادەستکردنی تەواوی داھات مەترسیدارە، چونکە بەغدا نە پابەندی ڕێککەوتنەکان دەبێت، نە بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە دەکات.
پسپۆڕانی ئابووری، زیاتر دەڵێن: بەغدا ھەر ڕۆژە و بیانوویەک دەگرێت و نایەوێت ڕەوشی ئابووری لە کوردستان باش بێت، بەڵام ئەوە خەتای بەغدا نییە، بەڵکو خەتای ھەندێک کەس و لایەنی کوردستانی بوو کە خەڵکیان فریودا و گوتییان بەغدا کوردستان دەکاتە بەھەشت.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: عێراق ڕێگرە لەوەی نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە، یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن چارە دەبن، ئەگەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق پەسەند بکرێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: تا ئێستە کۆمپانیاکان کە کاری دەرھێنانی نەوت دەکەن لە ھەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێ نەدراوە کە خەرجی دەرھێنانی نەوت لە شەش دۆلارەوە بۆیان بکرێت بە بیست دۆلار، تاوەکو خەرجییەکەیان بۆ زیاد نەکرێت ئامادە نین کاری دەرھێنانی نەوت بکەن.
مایڵس کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە (ئەپیکور)، دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن باشترین دەرفەت دەبێت بۆ ئەوەی بڕیاری دەستپێکردنەوەی وەبەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بدات، سەرۆکوەزیران بەرپرسە و سەرکردەی حکوومەتەکەیە، ھەندێک ھێزی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان ھەیە لەسەر سیاسەتەکانی بەغدا و سیستەمی دادگەی نائیتحادی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە دەرفەتە بۆ سەرۆکوەزیران تا پیشانی بدات ئەو سەرکردایەتی وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەکات و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر حکوومەتەکەی و سەرکردە سیاسییەکان ھەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، ئەمەش سوودی بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەبێت.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، زیاتر دەڵێ: عێراق ڕۆژانە ھەشت سەد ھەزار دۆلار سزا دەدرێت، بەھۆی ئەوەی نەیتوانیووە مەرجەکانی ڕێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا جێبەجێ بکات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ناوبانگی ئەو وڵاتە ھەیە، بەھۆی پابەند نەبوون و ڕێزنەگرتن لە گرێبەستەکان، خواستی بازرگان و وەبەرھێنەرانی جیھان بۆ کارکردن و وەبەرھێنان لە عێراق کەم دەکاتەوە.