وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی ئەو بیانیانە دەرکرد کە لە ڕێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ بکەنەوە یان نەیانکردووەتە نشینگە، یاخود نشینگەیان هەبووە و بەسەرچووە.
رۆژی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێمان دراوە لە یاساى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (6ـى ساڵى 2009). بڕیارماندا بە:
یەکەم: ئەوانەى دەیانەوێ لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەى نوێ دەربکەن یان کارتى نشینگەیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لەماوەى (90) نەوەت ڕۆژى کارکردن سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە بکەن و تەنیا (25%)ى کۆى گشتى سزاکانى دواکەوتن کە لەڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) هاتووە، لێیان وەردەگیرێت.
دووەم: ئەوانەى دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان، بەهەمان شێوەى خاڵى یەکەم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مۆرى دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە وەردەگرن.
ئەم فەرمانەی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕۆژى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەى (90) نەوەت ڕۆژ بەرکار دەبێت. وەزارەتەکە هۆشداریش دەدات کە دواى تەواوبوونی ماوەى دیاریکراو، هەر جۆرە سەرپێچییەکى مانەوە بەپێى ڕێنمایی ژمارە (1ـى ساڵى 2021) مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت .

