فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی ( یو ئای ئه ی ئە ی ) پشتگیریی خۆیان بۆ شاخەوانانی كوردستان دووپات دەكەنەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA) و فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان(KMCF) و”تۆڕی شاخەوانیی”دا، جەخت لەسەر تووندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا كرایەوە و بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشكەوتنانە دەربڕی كە لە بواری شاخەوانییدا لە كوردستاندا ھاتوونەتە كایەوە
.
بە پێی ڕاگێیەنراوێكی بەشی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لە شاری ھەولێر، دوابەدوای تەواوبوونی سیمینارێكی تایبەت بە شاخەوانیی كە بۆ ھەریەك لە “ژۆن میكسا” ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی و جێگری سەرۆكی فیدراسیۆنی شاخەوانیی فەڕەنسا، ھەروەھا خاتوو “ماری” ڕێبەری شاخەوانیی و قوتابی دكتۆرا لە زانكۆی ژنێڤ بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان ئەنجامدا و چەندین خاڵی گرنگی پەیوەندیدار بە ڕەوتی شاخەوانیی لە كوردستان قسە و باسیان لەسەر كرا.
ھەریەك لە “ژۆن میكسا” ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA) و خاتوو “ماری” ڕێبەری شاخەوانیی و قوتابی دكتۆرا لە زانكۆی ژنێڤ، خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشكەوتنانە دەربڕی كە ھەنووكە لەبواری شاخەوانیدا لە ئاستی ھەرێمی كوردستاندا ھاتۆتە كایەوە.
لەبەرامبەریشدا ھەریەك لە “ھێمن ئەمین”سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، “شێخ كەمال”سەرۆكی تۆڕی شاخەوانیی كوردستان، بە تێگەیشتن و بۆچوونێكی ھاوبەشەوە، داوای پشتگیریی و پشتیوانیی مەعنەوی فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA)یانكرد بۆ زیاتر بەرەوپێشەوە بردنی كاروانی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانیی لە كوردستاندا.
ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا، ھەردوو بەرپرسە باڵاكەی فیدراسیۆنی شاخەوانیی و تۆڕی شاخەوانیی لەكوردستان، داوایان كرد كە ئەزموونی دوور و درێژی شاخەوانیی لە ئەوروپاوە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی شاخەوانیی لە كوردستاندا، بگوازرێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان لەبواری شاخەوانیی و پێشخستنی شاخەوانییەكی مۆدێرن و ستاندارد لە كوردستاندا.
لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA)، ھەموو چەشنە پاڵپشتی و پشتگیرییەكی مەعنەوی فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA)یان بۆ ڕەوتی شاخەوانیی لە كوردستان دووپات كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە كوردستانیش وێڕای ئەو ھەموو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانە، بەڵام ڕەوتی شاخەوانیی گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بازنەی ئەو گەشەیەش لە داھاتوودا فراوانتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر