شێوان رۆستەم
لەناو جەنجاڵی بازاڕ و کایە جیاوازەکانی کەرتی تایبەتدا، چیرۆکی هەزاران کارمەند هەیە کە ڕۆژانە لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ دابینکردنی بژێوییەکی شایستە، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵە ڕووبەڕووی دوو ئاستەنگی سەرەکی دەبێتەوە؛ ئەوانیش: درێژیی کاتژمێرەکانی کارکردن و شێوازی مامەڵەی خاوەنکارەکانن. کاتێک ژینگەی کار لە هاوسەنگیی نێوان ماف و ئەرک دەردەچێت، ماندووبوونی کارمەند تەنها لە چوارچێوەی جەستەییدا نامێنێتەوە، بەڵکوو کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی دەروونی و کەرامەتی پیشەییشی.
ئەمڕۆ لە زۆرێک لە کایە بازرگانییەکاندا، کاتژمێری کارکردن لە سنوورە دیاریکراوەکانی خۆی لادەدات و دەبێتە بارگرانییەک بەسەر شانی کارمەندانەوە، بەبێ ئەوەی هەمیشە پاداشتێکی دارایی دادپەروەرانە یان ژینگەیەکی لەباری بۆ دابین بکرێت. ئەمەش وای کردووە کارمەند لە نێوان پێویستیی دارایی و پاراستنی ئارامیی دەروونیی خۆیدا تووشی ململانێ ببێت. ئەم واقیعە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر کوالێتیی کار هەیە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی نەرێنیشی بۆ سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیی کارمەندان دروست کردووە. لەم بارەیەوە:
سارا (ناوی خوازراوی ئافرەتێکی دانیشتووی گەرمیانە)، بۆ (هێلین) دەڵێت: “لەبەر بارودۆخی ژیان و ناچاری، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێک لە کارگەکانی کەلار کارم کرد، بەڵام بەداخەوە سەرپەرشتیارەکان بە شێوەیەکی ناشرین و ناپەسند ڕەفتاریان لەگەڵمان دەکرد. ئەو ڕەفتارە خراپە زۆرجار بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان بوو، لە کاتێکدا خۆیانیش ئافرەت بوون؛ ئەمەش بە بێڕێزی، سووکایەتی و شکاندنەوەی هەستەکانمان بوو.”
سارا زیاتر دەڵێت: “ئێمە ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر کارمان دەکرد و تەنها یەک کاتژمێر پشوومان هەبوو، لە کاتێکدا کاتژمێری یاسایی ٨ کاتژمێرە. لە ڕۆژانی هەینیدا ناچار دەکراین کار بکەین، ئەگەر ڕەتمانبکردایەتەوە یان غەرامە دەکراین، یان لە کارەکە دەردەکراین. هەر کاتێکیش زیادەکاریمان بکردایە، بڕێکی زۆر کەم پارەیان پێدەداین. ئەگەر لە ڕۆژێکدا ٨ کاتژمێر کارمان بکردایە و ئەو دوو کاتژمێرەی تر کار نەبوایە، ئەوا پارەکەیان بۆ هەژمار نەدەکردین و پێیان دەگوتین بڕۆن بۆ پشوودان تا کاتەکە تەواو دەبێت.”
وتیشی: “خۆم سێ کارم لە یەک کاتدا دەکرد (سکرتێری، دروستکردنی خواردن و پاککردنەوە) بە مووچەی ٤٠٠ هەزار دینار، تەنها لەبەر ئەوەی ناچار بووم. بەڵام لە کۆتاییدا بە بیانووی گۆڕینی کارگە، لە کارەکەم دەرکرام. هەر کاتێکیش گلەییمان دەبردە لای بەڕێوەبەر، پێی دەگوتین بڕۆن بۆ لای سەرپەرشتیار، من کاتی ئەوەم نییە. ئەم بارودۆخە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونمان دروست دەکرد و هەستمان بە لاوازی و کەمی دەکرد.”
لە کۆتاییدا دەڵێت: “من وەک کارمەندێک داوا لە کارگەکان دەکەم بە خۆیاندا بچنەوە و ڕەفتاری مرۆیی لەگەڵ کارمەندان بکەن، بێڕێزی و سووکایەتی نەکەن، چونکە زۆربەی ئەوانەی لەو شوێنانە کار دەکەن ناچارن. هەروەها داوا لە حکوومەت دەکەم چاودێریی کارگەکان زیاد بکات و مافەکانی کارمەندان، بەتایبەتی ئافرەتان، بپارێزێت.”
لە کاتێکدا کارمەندان باس لە فشار و مامەڵەی نادروست دەکەن، لایەنی بەڕێوەبەری کار و سەرپەرشتیارەکان پێیان وایە ژینگەی کار بەپێی پێویستیی بازاڕ ڕێکخراوە و هەندێک جار کارکردنی زیادە بە شێوەی ئارەزوومەندانەی کارمەند ئەنجام دەدرێت.
لێڤیار جاسم، کە کاری ئیداری و سەرپەرشتیی هەرزانبازاڕێکی کەلار دەکات، بۆ (هێلین) دەڵێت: “لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لە کەلار، زۆرجار ماف و هەلی زیاتر بۆ ئافرەتان دابین دەکرێت و لە هەندێک بواردا تەنانەت مافی پیاوانیش کەمتر دەبێتەوە. بەڵام بە بڕوای من وەک کەسێک کە ماوەی ٨ ساڵە لەناو ئەم ئیشەمدا، زۆر ئافرەت فێربوون هەمیشە خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن و بڵێن زوڵمیان لێ کراوە، لە کاتێکدا ئەمە هەمیشە ڕاست نییە. من خۆم وەک ئافرەتێک، ئەگەر توانا و لێهاتوویی و پشتگیریی خاوەنکار نەبوایە، هەرگیز نەدەگەیشتمە ئەم ئاستەی ئێستا.”
وتیشی: “جیاوازیی مووچەی کچ و کوڕ لەلای ئێمەدا زۆرجار پەیوەندیی بە جۆری کارەکەوە هەیە، چونکە هەندێک کار کە پیاوان ئەنجامی دەدەن، ئافرەتان ناتوانن یان خۆمان ڕێگەیان پێ نادەین. زۆرجار کارە ئاسانەکان دەسپێرین بە ئافرەتان؛ ئافرەت لەلای ئێمە زۆر ڕێزی لێ دەگیرێت و هاوکاری دەکرێت، لەکاتێکدا بۆ پیاوەکە یان کوڕەکە وا نین.”
زیاتر دەڵێت: “کاتەکانی کارکردن بەپێی یاسای کار ٨ کاتژمێرە، کارمەند لەلای ئێمە هەر زیادەکارییەک بکات بە پارە بۆی هەژمار دەکرێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. زیادەکاریش ئیجباری نییە، بەڵکوو بە ویستی کارمەندەکانە.”
جەختیشی کردەوە: “بە بڕوای من ئەو کەسەی دەبێتە سەرپەرشتیار، پەیوەندیی بە ڕۆشنبیری، لێزانین و ئاستی خوێندەوارییەوە هەیە نەک تەنها ڕەگەز؛ هەر کەسێک بەتواناتر بێت، لە بەڕێوەبردنی کارەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت.”
پارێزەر محەمەد هیدایەت، ئەم دوو دیدگایە دەخاتە ژێر چوارچێوەی یاسا و ڕوونی دەکاتەوە کە سنووری کاتژمێری کار و مافی زیادەکاری بە شێوەیەکی دیاریکراو پارێزراون. ئەو بۆ (هێلین) وتی: “بەپێی ماددەی (٥٥) لە یاسای کاری عێراق، کاتژمێری کارکردنی ئاسایی سنووردار کراوە بە ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. هەروەها ماددەی (٦٠) بە ڕوونی ئاماژەی بە پشووی هەفتانە کردووە کە لانی کەم دەبێت کارمەند ڕۆژێک لە هەفتەکەدا پشوو وەربگرێت.”
وتیشی: “دیاریکردنی سنووری کاتژمێری کارکردن تەنها ژمارە نییە، بەڵکوو پەیامی یاسایە بۆ پاراستنی تەندروستیی کارمەند. ماددەی (٦٤) لە یاسای کار ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک کرێکار زیادەکاری دەکات، دەبێت بڕی مووچەکەی بە ڕێژەی ٥٠٪ زیاد بکرێت ئەگەر کارەکە لە ڕۆژدا بێت، بەڵام ئەگەر لە شەودا بێت، دەبێت بە ڕێژەی ١٠٠٪ کرێی زیادەکاریی پێ بدرێت.”
هەروەها ئاماژەی بە ماددەی (٦١) کرد کە دەڵێت: “ئاساییە کرێکار کاری زیادە بکات، بەڵام دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە بە پشوو یان کرێ. تەنانەت لە ڕۆژانی جەژنیشدا (بەپێی ماددەی ٧٥) ئەگەر کار بکات، دەبێت دوو هێندە مووچەی پێ بدرێت. ماددەی (٢)ی یاسای کاریش جەخت دەکاتەوە کە نابێت هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی لە جۆری کار و مووچەدا هەبێت.”
لەبارەی سکاڵاکردنەوە، پارێزەر محەمەد دەڵێت: “بە گشتی ئافرەتان زۆرتر سکاڵا دەکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان. سوودی سکاڵا ئەوەیە مافەکانت بە شێوەیەکی ڕاست وەردەگریت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هۆشیاریی یاسایی خەڵک باشتر بووە و کاتێک دووچاری غەدر یان گێچەڵ دەبنەوە، پەنا بۆ دادگا دەبەن.”
جەختیشی کردەوە: “کاتێک خاوەنکار هەڕەشەی دەرکردن لە کارمەند دەکات ئەگەر سکاڵا بکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە. کارمەند دەتوانێت لەسەر ئەو هەڕەشەیە سکاڵا تۆمار بکات. یاسا بە ڕوونی هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی نادادپەروەرانەی قەدەغە کردووە کە بەهۆی داواکردنی مافەکانەوە بێت؛ کەواتە یاسا لەگەڵ کارمەنددایە.”

