كاوە میران
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پاش ئەوەی جەماوەری كوردستان بێشومار پشتیوانییان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی، سەركەوتن و متمانەی زۆریان بە پارتی بەخشی، ئیدی كێچ كەوتە كەوڵی ئەوانەی خەونیان بە وەهم دەبینی، لەبری ئەوەی مل بدەن بۆ ئیرادە و خواستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەگوێرەی لۆژیكی دیموكراسی ددان بەدۆڕاندنی خۆیاندا بنێن، لێگەڕێن بەرمەبنای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و بەڕێگای یاسایی كابینەی دەیەمی حكوومەت پێكبهێنرێت، كەچی دەنگی خەڵكیان بە بارمتە گرت!
بەپێچەوانەی بڕیاری گەل و، بەپێچەوانەی خواستی خەڵكی كوردستانەوە، تەشقەڵە بەدیموكراسی و دەنگدان و پەرلەمان كرا.. هیچ بەها و نرخێك بۆ خواست و دەنگی خەڵكی كوردستان دانەنرا و، لەكوێدا خەڵك ئومێدێكی پەیداكرد، ئەوان هاتن ئەو ئومێدەتان خنكاند.
ئاخر لەبەرانبەر بە بارمتەگرتنی دەنگی خەڵكی كوردستاندا، دەتانەوێت بەكوێ بگەن؟ قۆڵبادانی گەلی كوردستان، دەستكەوتەكانی حكوومەتی كوردستانە. تاساندنی هیواكانی ئەو گەلەیە كە بە تاسەوە دەنگیداوەو، چاوەڕوانی ئەنجامەكەی دەكەن.
ڕەفتارەكانی سەرحیزبە سۆسیالدیموكراتەكە، لەدوای ئەوەی خەڵكی كوردستان ئیمزای سەركەوتنیان بۆ پارتی كرد، لەبری بەخۆداچوونەوە و، بەدەمەوەچوونی خواستەكانی هاووڵاتییان، كەچی وەكوو مەستێک چۆن لە بێئاگایدا بە لەنجە و لار دەڕوات بەڕێگادا، ئەویش مەست مەست، مەستیی قبووڵنەكردنی دۆڕاندن، مەستیی سەركەوتنی پارتی، بەتەواوی پەرتیان كردووە و، ڕێگە ڕاستەكە نادۆزێتەوە. گورزەكە ئەوەندە خراپ بەر سەری كەوتووە، وەكو مەستێك چاودەگێڕێت و كێشە ڕاستەقینەكە نابینێت.
ئەوە نە گوناهی پارتی و نە گوناهی خەڵكی كوردستانە كە حیزبە سۆسیالدیموكراتەكە لە هەڵبژاردندا شكستیهێناوە، بەڵكوو هۆكاری ئەوەی خەڵكی متمانەی بەو حیزبە نییە، ئەوەی ئەو حیزبە لە دەیان ساڵی ڕابردووی حوكمڕانیدا، هەمیشە دەستی بەتاڵبووە و هیچ دەستكەوتێكی بۆ سلێمانی و دەوروبەری نەبووەو، هەمیشە بۆ ڕكابەرێكی گەڕاوە تاكو هۆكاری شكستەكانی خۆی لە بەڕێوەبردنی ناوچەكانی سلێمانی بخاتە ئەستۆی.
ڕاستییەكەی ئەوەیە، بەبارمتەگرتنی دەنگی خەڵك و ڕێگەنەدان بەوەی خەڵك ئەنجامی دەنگدانەكەیان ببینن، دوو زەرەری گەورە لە یەكێتی دەدات، لەلایەكەوە خەڵكی كوردستان زیاتر لەو حیزبە نائومێدتر و توڕەتر دەکات، ئەو چەند هەزار دەنگەی كە نازاندرێ چۆن هێناویەتی كەمتر ببێتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە پارتی بەهێزتر دەبێت و زیاتر لەوێ ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن، ئەمەش ئەو ڕقەیە كە ماڵی خۆت كاول دەكات.

