رۆژنامەی ھەولێر

چەکی پێشمەرگە هێڵی سووری نەتەوە!

‎هاودەنگ فارووق
ئەگەرچی بابەتی چەکی پێشمەرگە لە دەرەوەی ئەو گوشارانەیە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەککردن و ڕێکخستنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق خراونەتە سەر حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم بابەتە لە هەندێک میدیا عێراقییەکاندا هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی مشتومڕێکی سیاسی بۆ ناو مەیدانی هەستی نەتەوەیی كورد.
ڕاستییەكەی ئەوەیە، چەکی پێشمەرگە لە حکومەتی عێراق کۆنترە و لە دەستوری هەمیشەیی عێراقیشدا شوێنی خۆی هەیە. پێشمەرگە بە فەرمی بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی وڵات و ئەم بابەتە لە ڕووی یاساییەوە هیچ جێگای مشتومڕی نییە. هەر بۆیەش سەرۆک بارزانی بە ڕوونی و بێ دوودڵییەوە وتی: “چەکی پێشمەرگە تەنها پارچە ئاسنێک نییە، بەڵکوو هێمای شکۆی گەلێکە.”
ئەم ڕستەیە تەنها وەڵامێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو کورتەی مێژوویەکی درێژی خەبات و قوربانی و بەرگرییە لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەك. ئەوە یەکەم جار نییە چەکی پێشمەرگە دەکەوێتە ناو باسی سیاسی. هەروەك لە سەردەمی بەڕێوەبەری عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووشدا هەوڵ درا ئەم بابەتە بخرێتە بەرباس، بەڵام هەمیشە وەڵامی کورد و سەرکردایەتییەکەی ڕوون بووە: پێشمەرگە هێزی بەرگریی گەلێکە، نەک میلیشیای گروپێک چەکی پێشمەرگە بۆ داكۆكیكردن لە بوون و مانەوە و ئازادی و كەرامەتی گەلی كورد هەڵگیراوە. بۆ دروشمی سەدساڵەی “یا كوردستان یان نەمان” بووە. ئەو چەکەی دەستی پێشمەرگە بە بڕیاری كەس یان لایەنێك دروست نەبووە تا بە بڕیاری كەسێكیش لەناو بچێت. ئاخر پەیوەندیی ئەو چەکە بە ماف و چارەنووسی نەتەوەی كوردەوە هەیە و لە هەستی گشتیی کورددا بەشێکە لە مێژووی بەرگری. کورد ئەم گفتوگۆیانە وەک بابەتێکی ئاسایی سیاسی ناناسێت، بەڵکو وەک شەڕێکی دەروونی و فشاری سیاسی لێی دەڕوانێت. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە زۆرجار هەوڵدراوە کێشەی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بەڵام ئەمجارەش باسێكی وا هیچ سوودێکی سیاسی بۆ عێراق یان هەر لایەنێکی دیکە نابێت، چونكە ئەم خەیاڵە خەونێكی نەیارانەو مایەپوچە.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە چەکی پێشمەرگە موڵکی هیچ حیزب و گروپ و کەسایەتییەک نییە؛ موڵکی مێژوو و خەباتی گەلێکە. بۆیە هەر بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە پێویستە لە چوارچێوەی ماف و ئیرادەی نەتەوەی کورددا بخرێتە بەرچاو. تا ئەو کاتەش، چەکی پێشمەرگە لە هەستی زۆرینەی کورددا هێڵی سوری نەتەوەیە؛ هێڵێک کە بە فشاری سیاسی و چەواشەكاری میدیایی ناگۆڕدرێت.