ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە یاوەری شاندێکی فەرمی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی، گەیشتە شاری وان و لە لایەن نەجدەت تەکوا، سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان و بەرپرسانی دیکەی ئیداری شارەکە و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا، بەرپرسانی شاری وان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەهێزکردنی دۆستایەتی و گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و گەشتیارییەکانی نێوان هەردوو لایەن دەبێت.
بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشداری لە فیستیڤاڵی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی بکەن و چەندین کۆبوونەوەی دیکەی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای وان ئەنجام بدەن بە مەبەستی تاوتێکردنی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێوانیان.
هەر دوێنێ، شاندەکە بەشداربوون لە کردنەوەی چالاکیەکانی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی (تێشت) لە شاری وان کرد.
ئەم بەشداریکردنەیان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان هات، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری، گەشتیاری و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو لایەن.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە نەجدەت تەکوا، سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان و بەرپرسانی دیکەی ئیداری شارەکە و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە چالاکیەکەدا، جەختی لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییە کۆن و مێژووییەکانی نێوان هەولێر و وان و کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەروەها، جەختی لە گرنگیی کردنەوەی هەردوو دەروازەی سنووریی “زێت” و “سەرزێڕ” کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، گەشەپێدانی کەرتی بازرگانی، و پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانە و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولادا.
هاوکات لایەنی خانەخوێ ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەم هەنگاوەیان بە دەرفەتێکی نوێ بۆ داڕشتنی پلانی هاوبەشی داهاتوو لە قەڵەم دا.
جێگەی باسە، نانی بەیانیی وان کە لە 2014 پێشەنگی لە ئەمریکا وەرگرتەوە و لە کتێبی گینس تۆمارکرا، لە 2019ـەوە هەموو ساڵێک لە یەکەم یەکشەممەی مانگی حوزەیراندا لە رێگەی چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی نانی بەیانییەوە ئاهەنگی پیرۆزبایی و ناساندنی بۆ ساز دەکرێت.

