پەرژین جعفر حاجی رۆستەم*
پاراستنی خاک تەنها بە هێزی سەربازی و توانای بەرگرییەوە پەیوەست نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە کە دیبلۆماسی، یەکڕیزیی نیشتیمانی، دامەزراوەی بەهێز، ئابووریی جێگیر و توانای بەرگری لە خۆ دەگرێت. نەتەوەیەک کە دەیەوێت سەروەری و ئیرادەی سیاسیی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە ستراتیژییەکی درێژخایەن هەیە ، ستراتیژییەک کە لە کاتی قەیراندا تەنها وەڵامدەرەوە نەبێت، بەڵکو پێشتر مەترسییەکان بناسێت و خۆی بۆیان ئامادەبکات.
کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری و ململانێی سیاسی و ئەمنییدا توانیویەتی کیانێکی سیاسی و دامەزراوەیی دروست بکات ، لە ساڵی (١٩٩١)ەوە تا ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە سەروەریی خۆی بپارێزێت و نەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری و پشێوی لە ناوچەکەدا.
یەکێک لە گرنگترین وانەکانی ئەم ئەزموونە، گرنگیی هاوسەنگیی سیاسییە ، کوردستان لە ناوچەیەکدا هەڵکەوتووە کە بەرژەوەندیی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تێیدا یەکدەگرن ، لەبەر ئەمە، سیاسەتی دەرەوەی کوردستان پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ڕێزگرتن لە سەروەری و دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بنیات بنرێت.
ئەزموونی کوردستان لە قۆناغی سەرهەڵدانی داعش و قەیرانە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا نموونەیەکی گرنگی ئەوەیە کە کوردستان چۆن دەتوانێت لە قەیرانێکی گەورەدا ڕۆڵی بەرگری و پاراستن بگێڕێت. لەو قۆناغەدا هێزەکانی کوردستان بەشێک بوون لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و خەڵکی کوردستان بارێکی قورس و قوربانییەکی زۆریان لە پێناوی پاراستنی ناوچەکە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گرتە ئەستۆ.
ئەم ئەزموونە دەریدەخات کە بەرگری لە نەتەوە و خاک نابێت تەنها بە هێزی سەربازی سنووردار بکرێت بەڵکو بەرگریی ڕاستەقینە ئەو کاتە بەهێز دەبێت کە لەگەڵ دیبلۆماسیی چالاک، دامەزراوەی بەهێز، ئابووریی جێگیر و یەکڕیزیی کۆمەڵگا هاوتەریب بێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکاندا، بە تایبەتی ئێران و تورکیا، کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی ورد و هاوسەنگ هەیە. دراوسێیەتیی جوگرافیایی واقعێکە کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم واقعە دەتوانرێت بە شێوەیەکی زیرەکانە ڕێک بخرێت. هاوکاری و پەیوەندیی دۆستانە دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەری بێت، نەک بەهایەک بۆ لەدەستدانی ئیرادەی سیاسی.
کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە زمانی گفتوگۆ و دیبلۆماسی بگۆڕێت بۆ زمانی فشار و هەڕەشە ،فشارێکی سیاسی یان هەنگاوێکی سەربازی نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان ، چونکە ئەزموونی ناوچەکە نیشانی داوە کە هێز بە تەنیا ناتوانێت چارەسەری کێشە قووڵە سیاسییەکان بکات. بە پێچەوانەوە، زۆرجار فشار و هەڕەشە دەبنە هۆی قووڵترکردنەوەی ناکۆکی و زیادکردنی بێمتمانەیی.
لەبەر ئەم هۆکارە ، ئەگەر مەبەست چارەسەرکردنی کێشەکانە، پێویستە دیالۆگ هەمیشە یەکەم هەڵبژاردە بێت. گفتوگۆ بە مانای پاشەکشە لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان نییە ، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە بە شێوەیەکی زیرەکانە و بەردەوام.
لە هەمان کاتدا، پاراستنی کیان لە ناوخۆوە دەست پێ دەکات. نەتەوەیەکی دابەشکراو و ، لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکاندا زیاتر دەکەوێتە مەترسی. بۆیە بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی، ڕێزگرتن لە جیاوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پەرەپێدانی دامەزراوەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات، بەشێکی سەرەکیی ستراتیژیی پاراستنی نەتەوەییە.
ئابووریی بەهێزیش یەکێکی ترە لە پایەکانی سەروەری. کیانێک کە ئابووریی جێگیر و توانای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی هەبێت، دەتوانێت لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکاندا بەرگرییەکی پتەوتری هەبێت. دروستکردنی هەلی کار، پەرەپێدانی بەرهەمهێنان، پشتگیریکردنی گەنجان و بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی شەفاف و بەرپرسانە، هەموویان بەشێکن لە ئاسایشی نەتەوەیی.
لە کۆتاییدا، ستراتیژیی پاراستنی نەتەوە و خاک پڕۆژەیەکی کاتی نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی درێژخایەنی نەوە لەدوای نەوەیە. کوردستان بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی پێویستی بە هێزی بەرگری هەیە، بەڵام هێز بە تەنیا بەس نییە. پێویستی بە دیبلۆماسییەکی زیرەک، ئابوورییەکی جێگیر، دامەزراوەیەکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو هەیە.
ئیرادەی نەتەوەیی بە هەڵمەتی کاتی ناپێورێت ، بە توانای بەردەوامی، یەکگرتوویی و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەپێورێت ، ئەگەر ئەم بنەمایە ببێتە ڕێبازی سیاسەت و حکومڕانی، ئەوا فشارە دەرەکییەکان ناتوانن بە ئاسانی ئیرادەی کۆمەڵگەیەک بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیان.
کوردستان بۆ پاراستنی خاک و سەروەریی خۆی تەنها پێویستی بە هێز نییە ، پێویستی بە ستراتیژی یەکڕیزی، دامەزراوەی بەهێز و دیبلۆماسییەکی هاوسەنگ هەیە.
* توێژەری مێژوویی سیاسی

