كارزان گلی – ههولێر
دەم پارتی، كۆنگرەی پێنجەمی پارتەكەی بەسەركەوتووی ئەنجامدا، لە كۆنگرە بە دەنگی ٥٣٥ ئەندام، هەردوو هاوسەرۆكان، تونجەر بەكرخان و تولای خەتیبئۆغڵولەری، بە هاوسەرۆكی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە.
دەم پارتی، لە كۆنگرەدا لە هەڵبژاردنێكی ئازاددا هاوسەرۆكانی هەڵبژاردن، هاوسەرۆكانی پێشوو بەبێ هیچ ركابەرییەك، توانیان ببنەوە بە هاوسەرۆك، ئەمەش بەهۆی بوونی پرسی چارەسەری و پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكەوە بووە.
بەهۆی ئەوەی بەكرخان و خەتیبئۆغڵوللەری، لە پڕۆسەی چارەسەری كورد لە توركیا رۆڵی باشیان بینیوە، بۆیە نەدەكرا لاببرێن و كەسانی تر بهێنرێتە شوێنیان، ئەوان لەناو پرۆسەكەن و تا پڕۆسەكە دەگاتە ئەنجام دەبوایە هاوسەرۆك بن.
لە ٢٠٢٣دا، لە مانگی ١٠ دەم پارتی چووە ناو كۆنگرە، دەبوایە كۆنگرەی ٥ لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بكرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، دەم پارتی بەرواری كۆنگرەی هێنایە پێشەوە و لە مانگی ٩ ئەنجامیدا، تا بتوانن لە پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكەدا خۆیان بە كۆنگرەوە خەریك نەكەن و فۆكەس بخەنە سەر پڕۆسەكە.
پەیڕە و پڕۆگرامی دەم پارتی گۆڕانكاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە چەند مانگی داهاتوو ئەو گۆڕانكارییانە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە چەمكی (كۆماری دیموكرات)، كە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بەكاری هێناوە، دەهێنرێتە ناو پروگرامی دەم پارتی، بەو واتایەی بڕوایان بە دیموكراتی كۆماری توركیا هەیە و لە چوارچێوەی ئەو كۆمارەشدا مافی كورد فەرهەم بكرێت. جیا لەوەش ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دەم پارتی، لە ٨٢ ئەندام بۆ ٨٠ ئەندام كەم دەبێتەوە، ئەمانە لەناو پروگرامی دەم پارتی جێگیر دەكرێت.
دەم پارتی، لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، ئیدی نابێتە ئەو پارتەی دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بدات بەبێ مەرج وەكوو هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، بەگوێرەی زانیارییەكان دەم پارت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەدەن و ئیدی بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری كورد بگاتە ئەنجام، دەبێت ئەردۆغان وەكوو سەركۆمار بمێنێتەوە.
وەكوو ئەوەی چەند میدیایەكی توركیا باسی دەكەن، خودی ئۆجەلان داوای لە دەم پارتی كردووە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت روو لە ئەردۆغان بكەن، نەك بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، چونكە بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری بگاتە ئەنجام، نابێت ئەردۆغان لە دەسەڵات نەمێنێت.

