كارزان گلی – ههولێر
بە تۆمەتی ئەوەی لە وتارێكدا لە ئامەد، سووكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكۆماری توركیا كردووە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا دادگایی دەكرێت و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستپێكردووە.
بەگوێرەی یاسای سزادانی توركیا و مادەی ٢٩٩ و بڕگەی ١، داودئۆغڵو سزا دەدرێت، كە ئەو مادەیە تایبەتە بەوەی هەركەسێك سووكایەتی بە سەركۆماری توركیا بكات، بۆ ماوەیەك یەك ساڵ تا چوار ساڵ زیندانی دەكرێت.
هۆكاری دادگایی كردنی داودئۆغڵو ئەو مادەیەیە، چونكە لە ٢٠٢٢ لە وتارێكیدا لە ئامەد، بەڕوونی باسی لەوە كرد، ئەردۆغان گەندەڵیی كردووە و ئەویش قبووڵی نەكردووە.
لە وتارەكەدا داودئۆغڵو گوتی: ”ئەگەر بێدەنگ بوومایە و قسەم نەكردایە، پۆستی سەرۆكوەزیرانەتیم لەدەست دەرنەدەچوو، ئەگەر بێدەنگ بوومایە و قسەم نەكردایە، وەكو سەرۆكوەزیرانی پێشوو ئێستا ملیار دۆلارم دەبوو. تاوەكوو ئێستا یەك پارووی حەرامم نەخواردووە، بەوانیشم گوت حەرام مەخۆن، بەڵام خواردیان، بێدەنگ نەبووم و پۆستی سەرۆكوەزیرانەتیم لەدەست دا و ئەگەر بێدەنگ بوومایە ئێستا وەكوو ئەوان ملیادێر دەبووم.“
لەسەر ئەم گوتانە، ئەردۆغان لەرێگەی پارێزەری تایبەت بەخۆیەوە داوای یاسایی لەسەر داودئۆغڵو تۆمار كرد و دادگاش لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە.
بەگوێرەی ئەو شڕۆڤەیەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، راستە داودئۆغڵو دەستبەرداری سیاسەت بووە و ئیدی نایەتەوە ناو سیاسەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نهێنی دەوڵەتی زۆر لایە و وەزیری دەرەوە و سەرۆكوەزیران بووە، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆرەوە زیندانی دەكرێت.
داودئۆغڵو، ئەگەرچی لە سیاسەتیش دوور بكەوێتەوە و پارتەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لە چالاكیی سیاسی دوور ناكەوێتەوە و رەنگە بەشداری سیمینار و كۆنفرانس و زۆر چالاكی تر بكات، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر ئاكەپە دروست دەكرد، چونكە زۆربەی رەخنەكانی رووبەڕووی ئاكەپە و بەرپرسانی ئەو پارتە كردووەتەوە.
داودئۆغڵو، لەسەر داوای عەبدوڵا گویل هاتە ناو ئاكەپە و سەرەتا وەكوو راوێژكار و پاشان وەزیری دەرەوە و پاشان بووە سەرۆكوەزیرانی توركیا.
بە هۆی ناكۆكی لەگەڵ ئەردۆغاندا، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكوەزیران بوو و دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ پارتێكی تازەی بەناوی پارتی ئاییندە دامەزراند و چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، بە فەرمی ئەو پارتەیشی هەڵوەشاندەوە.
لەناو پەرلەمانی توركیا، خاوەنی ٥ كورسی بوو، هەموو پەرلەمانتارەكانی سەرپشك كردووە كە بچنە ناو هەر پارتێك ئاساییە و تاوەكوو ئێستاش پەرلەمانتارەكانی هیچ پارتێكی سیاسیان هەڵنەبژاردووە.

