رۆژنامەی ھەولێر

ئیستانبۆڵ پێشوازی لە رێككەوتنی مەككە كرد

لە ٨ی ٨ی ٢٠٢٦، رێككەوتنی مەككە لە نێوان سعوودیە و توركیا و پاكستان ئەنجامدرا، كە تایبەت بوو بە رێككەوتنی بەرگریی و سەربازی، یەكەم كۆبوونەوەی دوای ئەو رێكەوتنە لە ئیستانبۆڵ ئەنجامدرا و كۆبوونەوەی تریش دەكرێت.

لە ٣١ی٨ی٢٠٢٦، هەرسێ وڵاتی ئەندامی رێككەوتنی مەككە لە ئیستانبۆڵ كۆبوونەوە و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”ئەم رێككەوتنە بۆ ناوچەكەمان، دەبێتە تەلارسازێكی ئاساییشێكی تازە و یەكێتییەكی تازە. ئەم رێككەوتنە، لە داهاتوودا گەورەترین ئارامی دێنێتە بوون و ئەو نادیارییەی لە ناوەچەكەدا هەیە كەمی دەكاتەوە“
چاوەڕوان دەكرێت، هەریەك لە وڵاتانی میسر و بەنگلادیشیش بێنە ناو ئەو رێككەوتنە، چونكە وەكوو ئەوەی فیدان باسی دەكات، دەرگا كراوەیە بۆ هەر وڵاتێك بیەوێت بێتە ناو ئەو رێككەوتنەوە.
فیدان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لەوەش كرد، ئەو رێككەوتنە دژی هیچ وڵاتێكی ناوچەكە نییە، بەپێچەوانەوە دەرگا كراوەیە بۆ هەر وڵاتێك بیەوێت بێتە ناو ئەو رێككەوتنەوە.
توركیا ئەندامی ناتۆیە، ناتۆ بۆ توركیا گرنگە و توانیویەتی خۆی بپارێزێت لە هەر هێرشێكی دەرەكی، بەڵام ماوەیەكی زۆرە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، هەڕەشە دەكات بەوەی لە ناتۆ دەكشێتەوە، چونكە پاڵپشتی توركیا نین بۆ ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا، بۆیە رێككەوتنی مەككە ئەو پرسیارەی دروست كردووە، رەنگە توركیا لە ناتۆ بكشێتەوە. بەڵام فیدان لەبارەی ئەو دەنگۆیانە گوتی: ”رێككەوتنی مەككە نابێتە جێگیرەوەی ناتۆ، توركیا لەهەر رێككەوتنێكدا هەبێت ناكشێتەوە و بەهیچ شێوەیەك ناتۆ و مەككە دژی یەك نین و بۆ توركیا رێكەوتنی مەككە جێگیرەوەی ناتۆ نییە.“
كۆبوونەوەی مەككە، لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات و هەروەها وەزیرانی بەرگریی هەرسێ وڵات بوو، باس لەوە كراوە چۆن بتوانن كار بۆ دروستكردنی چەند لیژنەیەكی ئەمنی و سەربازی بكەن، تا رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێ كردن، چونكە هەر وڵاتێك بیەوێت ببێتە ئەندامی ئەو رێككەوتنە، پێویستە بەرچاوی روون بێت بزانێت دەستووری ئەو رێككەوتنە چۆنە.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئایە ئەگەر هەر وڵاتێك هێرش بكاتە سەر هەر وڵاتێكی ئەندامی رێككەوتنی مەككە، بەو واتایە دێت هێرشی كردووەتە سەر هەرسێ وڵات؟ چونكە ئەو خاڵە ببێتە كردار و بەفەرمی بڵاوبكرێتەوە، دەبێت توركیا و پاكستان هاوكاری سعوودیا بن بۆ لێدان لە حوسییەكان، چونكە حوسییەكانی یەمەن بەردەوام لە كەشتییەكانی سعوودیا دەدەن لە دەریای سوور.
هەروەها ئەگەر بێت و هیندستان و پاكستان بكەونە شەڕەوە، دەبێت توركیا پاڵپشتی لە پاكستان بكات دژی هیندستان، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە.
لە مادەی ٥ی ناتۆشدا هاتووە، هەر وڵاتێك هێرش بكاتە سەر هەر وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ، بەو واتایە دێت هێرشی كردووەتە سەر تەواوی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئەم مادەیە وەكوو خۆی جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەمریكا ئەندامی ناتۆیە، كەچی كاتێك كەوتە شەڕ لەگەڵ ئێراندا، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پشتگیریی ئەمریكایان نەكرد، ئەمەش دۆناڵد ترەمپی نیگەران كرد و گوتی، ناتۆیەكم ناوێت لە كاتێكی وادا پشتگیریم نەكات، بۆیە روون نییە ئەندامانی رێككەوتنی مەككە، لەڕووی سەربازییەوە چۆن هاوكاری یەكتری دەكەن.

ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردوەوەتەوە، ئەو سێ وڵاتە لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتوون:
یەكەم: چوارچێوەی بەرگریی برەو پێبدەن.
دووەم: ئاستی كاركردن بەیەكەوە لە نێوان هێزە سەربازییەكان بەرز بكەنەوە.
سێیەم: بەرهەمی پێكەوەیی، واتە لەڕووی پیشەسازی سەربازییەوە هاوكاری یەكتری بكەن و برەو بەو كەرتە بدەن.
چوارەم: توانای خۆیان بەهێز بكەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.