رۆژنامەی ھەولێر

نیوەی هاووڵاتیيان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا کەمتر لە ٢٩ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە لە مانگی حەوت

وەزارەتی کارەبا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی داتای پسوولەکانی مانگی حەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی. زۆرینەی هاووڵاتیيان ماوەی خولی پسوولەکەیان نزیکەی ٣٣ ڕۆژە.

لەم خولەدا، کێشەی پسوولەی سفر بۆ ئەو هاوبەشانەی ئەو کێشەیەیان هەبوو چارەسەر کراوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی پسوولەکردن بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا.
پێشووتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارەیی، بە ڕێژەی تاوەکو ٥٠٪ لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەستەبەر کرد، وەک پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ هاوبەشان تاوەکوو بتوانن بە یەکجاری قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە. ئەم داشکاندنە لە ڕێکەوتی ١٠ی مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٦کۆتایی دێت.
تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتیيانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە لە ڕێگه‌ی پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتیيان، بە تایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایيی ساڵی ٢٠٢٦.