سلێمان تاشان – ههولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی لەبارەی مەرج و یاساکانی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران بڵاو کردەوە، بڕیاردرا مۆڵەتەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ سنووردار بکرێت. هاوکات لە رێنماییەکی دیکەدا بڕیاری دا کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران بە پێنجسەد هەزار دینار جێگیر بکرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی دارایی، کە بە فەرمی بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بڕیار دراوە بە بەخشینی دەسەڵات بە وەزیران و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەوە، بۆ پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە هەر جارێکدا لە دوو ساڵ تێنەپەڕێت.
وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی ئەژمار ناکرێت، هاوکات بەهۆی ئەم بڕیارە نوێیەوە، کارکردن بە سەرجەم رێنماییە پێشووەکانی تایبەت بەم مۆڵەتە کە لە ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢ دەرچووبوون، رادەگیرێت و بە تەواوی هەڵدەوشێنرێتەوە.
بەپێی رێنماییەکان، ئەو فەرمانبەرانەی پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، بەپێی رێنماییە کۆنەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تاوەکو کۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتەکەیان، بەڵام بۆ جاری دووەم مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە فەرمانبەر ناتوانێت بۆ جاری دووەم داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات، مەگەر دوای ئەوەی کۆی گشتیی مۆڵەتەکانی پێشووی ماوەی دوو ساڵ بە تەواوی پڕ کردبێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی دیکە کە هەر دوێنێ لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە بڕیار درا کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە پێنجسەد هەزار دینار دیاری بکرێت. خانەنشینی بە پێی تەمەن و خزمەت دەبێت و ئەگەر پیاو تەمەنی شەست ساڵ بێت و بیست ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت خانەنشین دەکرێت هاوکات ئەگەر ژن تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵ بێت و بیست ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت دەتوانێت خانەنشین بکرێت.
لە خاڵێکی دیکەدا باس لەوە کراوە ئەگەر پیاو سی ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت ئەوا خانەنشین دەکرێت و ئەو ماوەیە بۆ ئافرەتان بە بیست و پێنج ساڵ دەستنیشان کراوە.
یاساکە پێشکەوتووە و بۆ نەخۆشی و حاڵەتی پەککەوتن و مردنیش خانەنشینی بۆ کرێکاران بە گوێرەی رێنماییەکان بڕاندوەەتەوە. جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لە کوردستان دەبێت چونکە یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردبوو هاوولاتییان بۆ دامەزراندن تەنیا چاویان لە حکوومەت بێ ئەوە بوو لە کەرتی گشتی خانەنشین نەدەکران و تەمەنێک ماندووبوونیان بە فیڕۆ دەڕۆیشت بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و کرێکاران بە مەرجی ئەوەی دەستەبەر کرابن بەپێی رێنماییەکان خانەنشین دەکرێن و لە کاتی رووداوی نەخوازراویش هەمان مافیان پێ دەدریت.
بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان ئەو کرێکارانەی دەستەبەر کراون مانگانە لەسەدا دوازدەی پارەی دستەبەریان لە لایەن خاوەن کار و لەسەدا پێنجی مووچەکە لە لایەن کرێکارەکەوە بۆ سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەگوازرێتەوە.

