رۆژنامەی ھەولێر

ئەیلوول؛ کاتێک نەتەوەیەک بڕیاری دا بێدەنگ نەبێت

ئەنوەر مەسیفی
ئەلقەی دووەم: شۆڕشی یەکڕیزی و شکاندنی بێدەنگی

ئەیلوول کاتێک هەڵگیرسا کە هیوای چارەسەریی سیاسی و گفتوگۆ بەرەو بنبەست چوو. بەڵام ئەو شۆڕشە لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆیدا نیشانیدا کە تەنها وەڵامێک بە هێرش و سەرکوت نییە؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی کوردە.

شۆڕشێک کە کوردی یەکخست
شۆڕشی ئەیلوول بە خێرایی سنوورەکانی خۆی بەزاند و وەک ئاگری ناو پووشەڵان، لە زاخۆوە تا خانەقین بڵاو بووەوە. خەڵک بە هەموو توانای خۆی پشتگیریی شۆڕشی کرد.
یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی ئەیلوول یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بوو. لە شۆڕشەکانی پێشوودا، سنوورداریی ناوچەیی و دابەشبوونی هێزەکان زۆرجار بووە هۆی لاوازی. بەڵام ئەیلوول توانی پەیوەندییەکی پتەوتر لەنێوان خەڵک و پێشمەرگە دروست بکات.
پێشمەرگە لە ئەیلوولدا تەنها هێزێکی چەکدار نەبوو؛ بەڵکوو هێمای خۆڕاگری و بەرگریی نەتەوەیی بوو. ئەزموونی ساڵانی خەباتی بارزانیی نەمر و هاوڕێیانی ڕۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی ئەو هێزە ڕێکخراو و دیسیپلین ‌دارەدا هەبوو.

ئەیلوول؛ هیوای هەموو کوردستان
ئەیلوول بە باشوور سنووردار نەبوو. خەباتکارانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانییان لە شۆڕش کرد و بەشدارییان لە خەباتەکەدا هەبوو.
بۆیە ئەیلوول بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا تەنها ڕووداوێکی دوور نەبوو؛ بەڵکوو بوو بە هیوایەک. ئەو هەستە نەتەوەییە نیشانی دا کە سنوورە سیاسییەکان دەتوانن خاک دابەش بکەن، بەڵام ناتوانن هەستی هاوبەشی نەتەوەیی بە ئاسانی لەناوببەن.

شکاندنی بێدەنگی و گەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی
یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەیلوول ئەوە بوو کە کێشەی کوردی لە سنووری ناوخۆییەوە بەرەو ئاستێکی نێودەوڵەتی برد.
پێش ئەیلوول، کورد زۆرجار گەلێکی بێدەنگ و بێدەنگکراو بوو. کۆمەڵکوژی و سەرکوتەکان بە شێوەیەکی کەم و سنووردار دەگەیشتنە گوێی جیهان؛ بەڵام ئەیلوول ئەو بێدەنگییەی شکاند.
لەگەڵ خۆڕاگریی پێشمەرگە و فیداکاریی خەڵک، کوردانی تاراوگەش ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا. ئەوان بە قەڵەم، میدیا، خۆپیشاندان، پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی هەوڵیان دا دەنگی کورد بگەیەننە جیهان.
ئەمە وانەیەکی گرنگە کە ئەمڕۆش بەهای خۆی هەیە: لە سەردەمی ئێستادا، ئەو گەلە سەرکەوتووترە کە لەگەڵ بەرگری لە خاک، لە مەیدانی دیپلۆماسی، میدیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش بەهێز بێت.

لە ئەیلوولەوە بۆ ڕێککەوتنی یازدەی ئادار
شۆڕشی ئەیلوول بە فیداکاری و پایداریی پێشمەرگە و خەڵک، حکوومەتی عێراقی ناچار کرد کێشەی کورد و مافەکانی بە شێوەیەکی جددیتر ببینێت.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا، ڕێککەوتنی یازدەی ئادار واژۆ کرا. ئەو ڕێککەوتنە لە مێژووی خەباتی نوێی کورددا خاڵێکی گرنگ بوو و داننانێکی گرنگ بە مافەکانی کورد بوو.
بەڵام ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی خەبات نەبوو؛ چونکە کێشەی کورد تەنها بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک چارەسەر نابێت. چارەسەریی ڕاستەقینە پێویستی بە پابەندبوون، متمانە، هاوبەشی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان هەیە.
ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە ئەلقەی سێیەم لێی دەدوێت: ئەیلوول چی بۆ ئێمەی ئەمڕۆ بەجێهێشتووە؟ و ئەرکی ئێمە بەرامبەر بەو مێراتە چییە؟
بەردەوامە…