رۆژنامەی ھەولێر

ئیمارات سەركۆنەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات

دەوڵەتی ئیمارات سەركۆنەی سەرجەم ئەو هێرشانەی ئێرانی كرد كە شەوی رابردوو كردییە سەر هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكە لە ناوچەكەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: دەوڵەتی ئیمارات سەركۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران دەكات كە كردوویەتییە سەر هەرێمی كوردستان و هەریەك لە وڵاتانی بەحرێن و كوێت و ئوردن.

دەوڵەتی ئیمارات هەروەها جارێكی دیكە پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو وڵاتانە دووپات كردۆتەوە كە شەوی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە پەلاماردران.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەم هێرشانە پێشێلكارییەكی روونی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتانەیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ئێرانەوە چەندین هێرشی درۆنی كرایە سەر شاری هەولێر، سەرجەم هێرشەكان لەلایەن سیستەمی بەرگیریی هاوپەیمانان خرانە خوارەوە.

لەبارەی هێرشەكان، دژەتیرۆری كوردستان رایگەیاندبوو: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر 01:13 تا 03:31، هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە.

دژەتیرۆری كوردستان جەختیشی كردەوە كە هێرشەكان خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە