رۆژنامەی ھەولێر

هەقیقەتی کورش هەخامەنشی و ئەژدەهاک!

خوسرەو جاف
کورش کوڕی شازادە (ماندانا)ی کچی ئەژدەهاکی دوایین شای دەسەڵاتی ماد بووە و زیاتر هەر لە دەرباری (ماد)دا پەروەردە بووە.
(ئەژدەهاک، ئاستیاگ، زوحاک) هەرسێ ناوەکە یەکێکن؛ مادەکان شاکەیان بە ئەژدەهاک ناو بردووە، یۆنانییەکانیش بە ئاستیاگ ناویان هێناوە، فیردەوسیش لە حەماسە مەزنەکەیدا (شانامە) کەسایەتییەکی ئەفسانەیی نەرێنیی لێ دروست کردووە بە ناوی زوحاک. بەڵێ، ئەژدەهاک شایەکی زۆردار و خوێنڕێژ بووە وەک هەر شایەکی ئەو سەردەمە، بەڵام پیاوخۆر نەبووە. دیارە مام فیردەوسی دیواری لە دیواری باوباپیرانی ئێمەی کورد نزمتر و کورتتر نەدیوە تا لە دوایین شای دەسەڵاتی سەدوبیست ساڵەی مادەکان دەعبایەکی وەک (زوحاک) بسازێنێت. فیردەوسی دەبوو تۆزێک وەک مێژوو نەک ئەفسانە، باسی لە چۆنیەتیی پیلان و خیانەت و کودەتاکەی (هارپاگ و کورش) بکردبایە، ئینجا پەنای بۆ ئەفسانە ببردبایە. هەڵبەتە ئەم ڕەخنەیەی بەندە هیچ لە شاکارەکەی مام فیردەوسی کەم ناکاتەوە، بەڵام خیانەت هەر خیانەتە، شا بیکات، یان هەژارێک، یاخود پەیامبەرێک. جێگەی شوکرانەیە هێشتا چەندان سەرچاوەی یۆنانی و ڕۆمانی و تەنانەت ئێرانیش باس لە چۆنیەتیی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە دەست مادەکان دەکەن؛ بەندە لە پەرتووکی “درۆیە! کاوە زوحاکی نەکوشتووە”دا لەم ڕووەوە دواوم، لێرەشدا تۆزێک ئاماژەی پێ دەدەم:
زوحاک له‌ مێژوودا هه‌بووه‌، ئێستاش هه‌یه‌ و له‌ داهاتووشدا له‌ناوچوون نابینێت. زوحاک دیارده‌یه‌کی مه‌یدانی و دەروونییە (سایکۆلۆژییە) و له‌ فکر و ده‌روونی میلله‌تاندا چەکەرە دەکات. هه‌ر میلله‌تێک به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بەرجەستەی زوحاکێک ده‌کات و دوورئه‌ندازیشی بۆ داده‌نێت.
ئێمه‌ وه‌ک ماد و کوردی ئه‌م دۆڵه‌ و بناری چیاکانی ئه‌م زاگرۆزه‌، میتۆلۆژیا و تێفکرینی مێژووییمان له‌ گه‌لانی تر جیاوازه‌. له‌ بنه‌مادا جێگه‌ و شوێن و جۆری ژینگه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چۆنیه‌تیی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌فسانه‌کان و شێوه‌ی تێفکرین گه‌ڵاڵه‌ ده‌کات و، به لای خه‌ڵکه‌ زۆره‌که‌وه‌ وه‌ک مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی ڕابردوو پێناسه‌ ده‌کرێت و به‌ مێژووی ڕاسته‌قینه‌ ده‌درێت له‌ قه‌ڵه‌م. ته‌نانەت چیرۆکه‌ خۆماڵییه‌کانیش به‌پێی ژینگه‌ جیاوازن؛ له‌ کوردستاندا چیرۆکی ئه‌فسانه‌یی زۆرن و بڕێکیان په‌یوه‌ندیدارن به‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌وه‌. “ئاو” له‌ گه‌رمیاندا پێداویستییەکی سەرەکییە، بۆیه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ تێفکرینی ده‌روونیدا کاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه‌ و چیرۆکی سه‌یرسه‌یریان بۆ سازاندووه‌. بۆ نموونە: ئەژدیهایه‌ک به‌ری ئاوی ده‌ڤه‌رێک ده‌گرێت و هەتا هه‌فته‌ی قوربانییه‌کی پێشکه‌ش نه‌کرێت ناجووڵێته‌وه‌ و به‌ری ئاوه‌که‌ به‌رنادات. پاشان گەشتیارێک بە ناوی (مەلیک محه‌مه‌د) ڕێی ده‌که‌وێته‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و ئه‌ژدیهاکە ده‌کوژێت و به‌ری ئاوه‌کە به‌رده‌دات.
دیاره‌ ئێمه‌ی کورد له‌ مێژه‌وه‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی چیاکانی زاگرۆز و ده‌وروبه‌ره‌که‌ین. زۆربه‌ی ئه‌فسانه‌ میتۆلۆژییه‌کانیش هه‌ر هی کورد بوونه‌، بەڵام لەبەر بێدەسەڵاتی و ژێرده‌سته‌ییی میلله‌ت، ئه‌ویش وه‌ک سامانه‌کانی تری تاڵان کراون و بوون به‌ مڵکی گه‌لانی ده‌ستڕۆیشتوو. داگیرکاریی عەرەب له‌ ئێراندا (پێش سه‌رده‌می فیرده‌وسی و دواتریش) هه‌میشه‌ كاردانه‌وه‌ی له‌ ئه‌قڵی ئەودا هه‌بووه‌، بۆیه‌ کاراکته‌رێکی وه‌ک زوحاکی کردووه‌ته‌ عه‌ره‌ب و داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌ی. دیاره‌ له‌ کورد بێده‌سته‌ڵاتتری له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا نه‌دیوه‌، بۆیه‌ چنگوکڕەی له‌ مێژووی “ماد” گرتووه‌ و دوایین شای “ماد” (ئه‌ژده‌هاک)ی کردووه‌ به‌ زوحاک، ئیتر داستانه‌ شه‌یتانییەکەی به‌لای هه‌مووانه‌وه‌ زانراوه‌. له‌ شانامه‌که‌ی فیرده‌وسیدا قاره‌مانه‌ سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان دیاری کراون؛ سه‌ره‌کییه‌کان پەنجا ناون، (٤٩) پیاون و یه‌کێکیان ئافره‌ته‌. دووسه‌دوپه‌نجا قاره‌مانی لاوه‌کیشی تێدایه‌، کە یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه‌ “کاوه‌”یه‌. ئەویش تەنها لە بیستونۆ به‌یتدا ناوی هاتووە، لە کاتێکدا سه‌رجه‌م شانامه‌ (٦٠,٠٠٠) به‌یتە شیعره‌.
که‌سایه‌تیی (زوحاک یا ئه‌ژده‌هاک یا ئاستیاگ) که‌ هه‌رسێانیان یه‌کێکن، وه‌نه‌بێ له‌ ئه‌فسانه‌کاندا نه‌بووبێت؛ هه‌بووه‌، به‌ڵام لێزانی و چاوساغیی “فیرده‌وسی” وای کردووه‌ بەپێی داستانه‌که‌ی ئه‌و بیناسین. ئه‌گینا له‌ ئایینی زه‌رده‌شتیدا به‌ وردی باسی له‌ (ئەژی دەهاکه‌) کردووه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت: “کاروکرده‌وه‌ی درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و کاروکرده‌وه‌ی “ئه‌نگره‌مینیو”ی ئه‌هریمه‌نانه‌، زۆرتر له‌ناو توێژی دێوه‌کانه‌، به‌ناوبانگترینیان زوحاکه‌ (ئه‌ژدی هاکه‌). زوحاک سێ سه‌ر و سێ پۆز و شه‌ش چاوی هه‌یه‌، سه‌رتاسه‌ری له‌شی وه‌ک گوێچکه‌ماسی وایه‌ و له‌شی پڕه‌ له‌ دووپشک و گیانله‌به‌ری ئازارده‌ر. ئه‌گه‌ر له‌شی هه‌ڵبدرێت، جیهان پڕ ده‌بێت له‌و جانه‌وه‌رانه‌ و ئازاری به‌شه‌ریه‌ت ده‌ده‌ن.”
زوحاک سه‌د ئه‌سپ و هه‌زار گا و ده‌ هه‌زار مه‌ڕ به‌ دیاری ده‌نێرێت بۆ فریشتە (ئاناهیتا؛ ناهید) تا لێی گه‌ڕێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌یه‌ له‌ناوی ببات، به‌وه‌ش ده‌ستبه‌ردار نابێت؛ له‌ کۆشکه‌ ڕازاوه‌که‌یدا که‌ ته‌واوی کۆڵه‌که‌کانی له‌ زێڕ دروست کراون، به‌سه‌ر ته‌ختی زێڕینه‌وه‌ داده‌نیشێت و فه‌رمانی قوربانیکردن ده‌دات بۆ پێشگا‌ی (ئاناهیتا) و (رای)، که‌ هه‌ردووکیان له‌ خواییلکەکان بوون، به‌ڵام هه‌ردووانیان داواکه‌ی زوحاک ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌. (ئه‌ژی ده‌یهاکه‌) یا زوحاک که‌ یه‌کێکه‌ له‌ نه‌وه‌کانی خودی ئه‌هریمه‌ن، به‌وه‌ ڕازی نابێت و ده‌که‌وێته‌ ته‌قالای کوژانه‌وه‌ی “ئاگر”ی پیرۆز، به‌ڵام (جه‌م)ی ده‌سەڵاتدار و توانا به‌ری پێ ده‌گرێت و ناهێڵێت ئاگری پیرۆز بکوژێنێته‌وه‌.
زوحاک تۆڵه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه‌ و دوو کچه‌که‌ی (جه‌م) ده‌ڕفێنێت و خودی جه‌میش به‌ مشاره‌ڕە دوو له‌ت ده‌کات. ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی زوحاک زۆر ناخایەنێت؛ (فه‌ره‌یدوون)ی قاره‌مان دوو کچه‌که‌ی (جه‌م) ڕزگار ده‌کات و زوحاکیش له‌ چیای ده‌ماوه‌ند زیندانی ده‌کات، له‌وێوە تا ئاخیرزه‌مان به‌ند ده‌بێت. کاتێکیش به‌ره‌ڵا ده‌کرێت دووباره‌ په‌لاماری جیهان ده‌داته‌وه‌ و یه‌ک سێهەک (یەک له‌سه‌ر سێ)ـی گیانله‌به‌ران قووت ده‌دات و زه‌ره‌ر و زیانێکی زۆر به‌ ئاگر و ئاو و سه‌وزایی ده‌گه‌یه‌نێت. سه‌ره‌نجام زوحاک له‌لایه‌ن (گه‌رشاسپ)ـه‌وه‌ ده‌کوژرێت.
له‌م گێڕانه‌وەیه‌دا که‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌ژمێردرێت، (کاوه‌)یه‌ک به‌دی ناکرێت له‌ گۆڕانکارییه‌که‌ی (فیرده‌وسی) لەناو شانامەدا. کاوه‌ که‌سایه‌تییەکی گه‌لێک لاوه‌کیی ناو شانامه‌یه‌ و ته‌نها به‌ بیستونۆ دێڕ ناو ده‌برێت، کاتێک دەچێتە لای زوحاک و ده‌ڵێت: “٢٣ کوڕم هه‌بووه‌، بیستودووانیان کوژراون و مێشکیان ده‌رخواردی ماره‌کانی سه‌ر شانت دراون، ئه‌وه‌تا دواکوڕیشم هێنراوه‌ تا سه‌ری ببڕن.” زوحاک فه‌رمان ده‌دات کوڕه‌که‌ی بده‌نه‌وه‌ ده‌ستی با بڕوات، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌یدا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر (فه‌ره‌یدوون) که‌ دژ به‌ زوحاک له‌ شۆڕشدا بووه‌ (لێره‌ش زوحاک دوو خوشکی فه‌ره‌یدوون ده‌ڕفێنێت و له‌ ده‌رباردا ده‌ستبه‌سه‌ریان ده‌کات).
له‌ شه‌ڕدا فه‌ره‌یدوون زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر زوحاکدا و ده‌یه‌وێت بیکوژێت، بەڵام دوو فریشته‌ له‌ ئاسمان دێنه‌ خواره‌وه‌ و ده‌ڵێن: “مافی کوشتنی زوحاکت نییه‌، تەنها ده‌توانیت له‌ یه‌کێک له‌ ئه‌شکه‌وته‌کانی چیای (ده‌ماوه‌ند)دا ده‌ستبه‌سه‌ری بکەیت.” ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ بڵێم: ئه‌م کاوه‌ چه‌کوشبه‌ده‌سته‌ی لای خۆمان، نه‌ له‌ ئه‌فسانه‌کانی ئایینی زه‌رده‌شتیدایه‌ و نه‌ له‌ شانامه‌که‌ی فیرده‌وسیشدا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر قاره‌مانێکی وه‌ک کاوه‌ی لای خۆمان له‌ شانامه‌یدا هه‌بووایه‌، “فارس” به‌ ئاسانی ده‌یهێشت ببێت به‌ مڵکی مامه‌ کورده‌ی مه‌زڵووم؟
باوکی کورش یەکێک بووە لە میرزادەکانی ژێردەستەی دەسەڵاتی ماد و بووە بە زاوای ئەژدەهاکی دوایین شای زنجیرە دەسەڵاتی مادەکان. پەروەردەبوونی کورش لە دەرباری ماد لە پایتەختی ماد (ئەگبەتانە/ ئێکباتان) و، ئاگاداربوونی لە تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و فەرماندەکانی سوپای ماد، وای کرد بتوانێت لەگەڵ (هارپاگ)ی فەرماندەی گشتیی لەشکر و سوپای ماددا یەک بگرن و لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و دەسەڵاتێکی هاوبەش لەنێوان ماد و پارسدا (کە ڕەگ و ڕیشەی کورشی بۆ دەگەڕێتەوە) کودەتا بکەن.
بەپێی بەرنامە و پیلانێکی داڕێژراو، لەشکری ماد بە فەرماندەیی هارپاگ بەرەو دەڤەری پارسەکان (شیرازی ئێستا) بەڕێ کەوت، بەڵام لەبری شەڕ و پەلامار، هەردوو لەشکر تێکەڵ بوون و گەڕانەوە بۆ پایتەخت. شا و ئەوانەی دڵسۆزی ڕاستەقینەی شا بوون دەستگیر کران. دوای شەش مانگ، (ئەژدەهاک) بە فەرمانی کورش، شای پارس و ماد، ژەهرخوارد کرا. لەو کاتەوە ناوی ماد و دەسەڵاتەکەی بۆ هەمیشە بەلاوە نرا و تەنها بوو بە دەسەڵاتی پارس و ناوی (هەخامەنشی)یان لێ نا، کە باپیرەگەورەی کورش بووە.
ئەمە مێژووە، بەندە دوور لە دەمارگرژی و وەک خۆی باسم لێ کردووە.
با ئەوەش بڵێم: ئەمە هیچ لە گەورەیی و لێهاتوویی کورش کەم ناکاتەوە؛ کورش پاشایەکی مەزن و بلیمەتێکی لێزانی دەورانی خۆی بووە. حاشاهەڵنەگرە کە توانیی لە ماوەیەکی کەمدا ئیمپراتۆریەتێک پێک بهێنێت. کورشی مەزن یەکەمین شای زنجیرە دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان بوو. دوای شەڕ و شۆڕشێکی زۆر لەگەڵ دەوروبەر و دراوسێ نزیکەکانیدا، وڵاتانی ناو ئێران و نزیک بە ئێرانی داگیر کرد؛ وەک دەسەڵاتداری (لیدیا) لە ڕۆژئاوای تورکیای ئێستا، یان بابل لە باشووری دووڕووبار کە ئێستا بە عێراق ناو دەبرێت. هەروەها دوای ئەو، (کەمبوجیە) وڵاتی میسری داگیر کرد و بە دوای ئەویشدا (داریوشە گەورە) سێیەمین شای هەخامەنشییەکان، پەلاماری وڵاتی یۆنانی دا و مەقدۆنیای داگیر کرد و، ئیمپراتۆریەتیی فارسی گەیاندە گەورەترین و پانوپۆڕترین دەسەڵات.