خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
نووسینی: نەبەز گۆران
ئەم ڕۆمانە ژیان و گەشتی کەسایەتییەکی نزیک لە نالی شاعیر دەخاتە ڕوو.
جۆر و تەکنیکی ڕۆمانەکە، دەچێتە خانەی ڕۆمانی مێژوویی و ژیاننامەییەوە، کە تێیدا نووسەر هەوڵیداوە ژیانی شاعیرێکی ناسراوی کورد (نالی) لەگەڵ خەیاڵ و فەزایەکی فەلسەفیدا تێکەڵ بکات. رۆیشتن و جێهێشتنی کوخەکەی کە لە قەتپاڵی کێوێکە و سەرهەڵگرتنی بە خۆیی و کەرەکەی و گۆزەی شەرابی.
لە تەکنیکی گێڕانەوە پشت بە وەسفکردنی قووڵی سروشت، گۆشەگیری، گفتوگۆی ناوەکی دەبەستێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە پیاوێکی تەمەن چل ساڵەیە، کە ژیانێکی نەباتی (ڤیگیتار)ی لە کوخێکدا هەڵبژاردووە و جگە لە کەرەکەی، گۆزەیەک شەراب و ئەو جلوبەرگەی خۆی دروستی کردوون، خاوەنی هیچ شتێکی تر نییە. تەکنیکی بەکارهێنراو لە ڕۆمانەکەدا گۆشەیەکی جیاوازە، وا دەکەت خوێنەر پێ بە پێ دوایی کارەکتەرەکەی بکەوێت. دەچێتە قاڵبی گەشتێکی ڕۆحی و فیزیکییەوە، تێیدا پاڵەوانەکە لە سروشتەوە دەست پێدەکات، بەرەو شارەکانی کوردستان، شام، قوستەنتینییە (ئیستەنبول)دا گوزەر دەکات، تا دواجار لە تاراوگە کۆتایی بە ژیانی دێت. شێوازەکەی خوێنەر ماندوو ناکات زوو زوو سەرنجی دەگوازێتەوە بێزاری دروست ناکات. بەشێک لە تەکنیکی گێڕانەوەکە پشتی بە دروستکردنی کەشێکی خەیاڵئامێز بەستووە، وەک باسی فڕین و گفتوگۆی کتێبەکان، دروستکردنی دەیان چیرۆک لەسەر کتێبی “خەونە باڵدارەکان” دوای ئەوەی کارەکتەری سەرەکی ئاوەدانی جێدەهێڵێت. فەزای گشتی و پەیام و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ململانێیەکی قووڵ لە نێوان خەڵوەت و کۆمەڵگە، هەروەها کۆن و نوێدا پیشان دەدات. پاڵەوانەکە شەوانە دوای نان و شەراب خواردن، لەگەڵ بینینی ئەستێرەکاندا بیری لە گەورەیی گەردوون دەکردەوە و پێی وابوو خودا لە دەرەوەی ئاینەکانە. لە هەمان کاتدا، خەون و کابووسی شەڕی دوو بەرە و خوێنڕشتن خەوی لێ زڕاندبوو. ئەو هەوڵیدەدا گەنجان لەو ژیانە بێهودەیە دوور بخاتەوە، کە مەلاکان ڕابەرایەتی دەکەن، ئاراستەیان بکات بەرەو کتێب خوێندنەوە. شەڕی نێوان جیلەکان، واتە شاعیرانی کۆن و نوێ، کێشەی بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی و خۆماڵی یان بێگانە بەشێکی بەرچاو لە ململانێکانی ڕۆمانەکە پێکدەهێنن. لەم نێوەندەدا، دروستبوونی دوو بەرەی کۆنپەرست و نوێخواز، دژایەتی مەلاکان بەرانبەر “نالی باڵدار” و شیعرەکانی، دەبنە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم بەرهەمە، تەکنیکی نێودەقی دەرەکییە بە وەرگرتنی کۆمەڵێک وتە و دەربڕینی فەلسەفی، کە پێچەوانەی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەرە، بۆ نموونە «ئازار بۆ هۆشیارکردنەوەی مرۆڤ پێویستە. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت خەونەکانی بکێڵێت، ناتوانێت ئومێد دروست بکات. ئەو کەرە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو کەرانەی هاتوچۆی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن؟ ئەو شاعیرە پڕوپوچانەی شیعریان وا نزم کردۆتەوە کڕین وفرۆشتنی پێوەدەکەن،
ئەمانە نەک شیعرەکانیان، خۆشیان ژهراوین». وێناکردنی تەنیایی وەک ئومێدێک، بەرزنرخاندنی فڕین کە “هەموو فڕینێک جوانە”. ڕەخنەگرتن لە پەیوەندی مرۆڤ و سروشت، بە جۆرێک دەڵێت: مرۆڤ دەستی نەبوایە جوانترین گیانەوەر دەبوو. دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ئایینی و پێوەری بازاڕ. ڕۆمانەکە پێی وایە هەتا شوێنە ئایینییەکان زۆربن، عەقڵ کار ناکات، هەتا بازاڕەکانیش گەورەتر بن، فریودان گەورەتر دەبێت. لێدان لە عەقڵییەتی دەسەڵات پەرستی و خێڵەکی، کە پێی وایە دیوەخان، ئایین و خێڵ گەورەترین بکوژی عەقڵن. هەروەها نالی هیچ بیروڕایەکی جیاوازی بەرانبەر مەلا و قەشە نییە، تەنیا پێی وایە مزگەوت و کڵێسا موڵکی ئەوان نین و ئەوان بەرژەوەندی پەرستن نەک ڕێبەر. گەڕانەوە بۆ چەمکی خۆشەویستی پاک، وەک خۆشەویستی سەردەمی فەقێیەتی بۆ “حەبیبە”، بە یەکەمین برین وەسف دەکرێت، تا مردن لە سینەدا دەمێنێتەوە. گرنگیدان بە ئازادی مرۆڤ و بەرگریکردن لە بنەماکان، وەک دەڵێت: مرۆڤ دەبێت هەمیشە بەرگری لە خۆی بکات و نەهێڵێت بڕواکانی پیس ببن. کە برادەرە کۆنەکەی لە مزگەوت دیتەوە هەستیکرد ئەویش ژهراوی بووە بۆیە دەنگی زەڕنی کەری لە قسەکانی ئەوی پێ خۆشتربوو.
کتێبی خەونە باڵدارەکانی نووسی، دوای ئەوە ئاوەدانی جێهێشت، ئەوە دەیان چیرۆکیان بۆ دروستکرد بوو
هۆکاری ژهراوی بوون، چوونە دەرەوە و تێکەڵ بوونە!
ڕۆمانەکە هەندێک کەلێنی لۆژیکی، مێژوویی لە خۆدەگرێت، وەک خاڵی لاواز دەکەونە بەردیدی خوێنەر. کارەکتەرسازی: بیرۆکەی ڕۆمانەکە تەنیا پشت بەو کەمە زانیارییە دەبەستێت، کە لەسەر ژیانی نالی شاعیر هەیە. ڕۆماننووس جگە لە وەسفی سروشت و کەرەکەی، هیچ ڕەهەندێکی نوێی بۆ کەسایەتییەکە زیاد نەکردووە. کێشەی دەروونی و کەسایەتی کارەکتەری سەرەکی: نالی لە سەرەتادا عاشقی تەنیاییە، هەر بە تەنیا لە کوخەکەیدا دەژیا، کەچی دوای جێهێشتنی وڵات هەست بە گۆشەگیری و نامۆیی دەکات، ئاوات بە گەڕانەوە دەخوازێت. نالی باڵدار کە خۆی شاعیر و ڕۆشنبیری سەردەمەکەی خۆیەتی، کەچی لە ڕێگای چوونی بۆ شام لە بەرانبەر ئەو کەسانەی تووشی دەبن لە کاروانەکە، هەست بە نەخوێندەواری و بچووکی خۆی دەکات، شەرم دەکات بڵێت شاعیرم، ئەمەش لاوازی و بێبڕوایی پاڵەوانەکە دەردەخات. کاتێکیش دەگاتە قوستەنتینییە، گەشەی دەوەستێت و تەنیا لای گوڵفرۆشێک کار دەکات، تا نەخۆش دەکەوێت و دەمرێت. واتە ناتوانێت تێکەڵی شاری گەورە ببێت، یان خۆی لە نێو کولتووری جیاوازدا دەربخات، بۆیە دەپووکێتەوە. هەڵەی مێژوویی و ئەکادیمی: ڕۆمانەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “سالمی پەنجەشین” لەژێر کاریگەری نالی و دوای نامەکەی ئەو بووەتە شاعیر و بڕیاری نووسینی داوە. ئەمە تەنیا قسە و باسە و بەڵگەی نووسراوی نییە، کە پێویست بوو پشت بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و مێژوویی ببەسترێت، چونکە ڕۆمان وەک مێژووش سەیر دەکرێت، هەرچەندە دەتوانێت خەیاڵ بکات، بەڵام لە نووسینی ڕۆمانی مێژووی نووسەر پێویستی زانیاری ورد هەیە وەک ئیمبرتۆ ئێکۆ بۆ نووسنی ڕۆمانی گوڵەباخ دەساڵ هاتوچۆی کلێسای کرد. هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕۆمانەکە دەڵێت: دوای ڕۆیشتنی قەدری دەزانن، لە ڕاستیدا ماوەیەکی زۆر زیاتری پێدەچێت تا نالی بە تەواوی خوێندرایەوە. هەڵەی لۆژیکی و جوگرافی: ڕۆمانەکە ئاماژە بەوە دەکات ئیستەنبول چوار لای ئاوە، کە لە ڕاستیدا دوو لای ئاوە (دەریای ڕەش و مەڕمەڕە)، هەورەها ئەوەی ئاسیا و ئەوروپا جیا دەکاتەوە گەرووی بۆسفۆرە نەک ڕووبار. تێکەڵکردنی ناوەکان وەک (بە لێفە جاجمەکەی خۆی دەپێچایەوە) لە کاتێکدا لێف و جاجم دوو شتی جیاوازن. هەندێک کێشەی زمانەوانی تێدایە نەموسیت باسی بکەم، بەڵام ڕۆمانەکە باسی گرنگی زمان دەکات (کە گۆڕینی زمان دەتوانێت مرۆڤەکان بگۆڕێت)، کەچی زمانی نووسینی ڕۆمانەکە خۆی هەڵەی زمانەوانی و چاپی تێدایە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کارێکی جوان نییە. چونکە ئەم جۆرە هەڵانە لە زۆربەی ڕۆمانی کوردی کەم و زۆر دەبیندرێن. نەبەز گۆران لەم ماوەیەی دوایدا بەشداری بەرچاوی هەبووە و هەیە لە گەشەکردنی ڕۆمانی کوردیدا، بۆیە جێگەی دەست خۆشییە و ناچاری کردووین بیخوێنینەوە، زیرەکە لە هەڵبژاردنی بابەت و تایتلی ڕۆمانەکانی، کە بەشێکی گرنگە لەو ژانرە.
سەرچاوە: نەبەز گۆران، ٢٠٢٠، میرنشینی خاک و خۆڵ، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، چاپی دووەم، سلێمانی

