عومەر چنگیانی
لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و تایبەت لە سەروبەری شانزەی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦ــدا، پێكەنینی بەقاقای هەندێ لە سیاسەتمەدارەكانی سەر ڕووبەری تیڤییەكان، سەرباری بیرهێنانەوەی شیعرەكەی جەنابی هێمنی گەورە، كە دەڵی:
تەماشای هەر شتێ دەکەم ڕەنگی پایزی گرتووە
جوانی خۆی لێ شاردوومەوە دزێوی ڕیزی گرتووە
چاوم لە ئاسمان بڕی دڵم هێندەی دیکە گیرا
گەلێک بیرەوەریی کۆنم لەپڕ هاتنەوە بە بیرا
دوور قاقایەکم گوێ لێ بوو دەتگوت گوللەم پێوە دەنێ
چۆن بە ئێوارەی پایزیش ئی وا هەیە پێ بکەنێ
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە من، بە تۆ، بە هەزاران
بە داخی باوککوژراوان بە هەنیسکی هەتیوباران
هەناسەی ساردی ئاواران کۆشکی ئەوان گەرم دەکا
لەشی ڕەق و زگی برسی جێ پاروویان نەرم دەکا
سەرمایەی وان لەگەڕدا بێ، با زۆر دەرک بەقوڕ گیرێ
دۆلار لە برەو نەکەوێ با کۆڵەوار بێ داپیرێ
گوڵخەرەرمانەكانی دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ــی وەبیرهێنامەوە كە لێرەدا دانەیەكیان دەكەمەوە توێشووی ئەم خەلەكەی ئەمجارەمان، كە ئەوسا گوتوومە: (گەرچی وا چاكم لێ هەڵنەماڵیبوو بابەتی”كورد و خزمەت بە ئیسلام، لە دیدی مام “هەژار”ەوە!” ئاوها زوو بە كۆتا بهێنم، بەڵام وەك زانایانی ئوسوڵفیقهی ئیسلامی پێمان دەڵێن: “وازهێنان لە گرنگ بۆ گرنگتر”، بووە پاڵنەرم بۆ ئەوەی لەم هەلومەرجەی ئێستادا، كە ئێمەی كورد بە شێوەیەكی گشتی و كوردانی باشوور بە شێوەیەكی تایبەتی تر و خوشك و براکانمان لە كەركووک و دەوروبەری و چەند شوێنێكی تری كوردستان كە بە خوێن گەڕاونەتەوە بۆ كوردستان و، ئێستا جارێكی تر ویستی ئەقڵداخراوەكان وایە كە بمانگێڕنەوە بۆ قۆناغی ژێردەستەیی، ئەمە وای بە پێویست گێڕا لەسەرم وەك ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤدۆستانە، گوڵخەرمانەكەم تایبەت بكەم بە پشتیوانییەكی تەواوی خۆم لەو مافە ڕەوایانەی گەلەكەمان و، گەڕانەوە بۆ باسی جەنگی “ئوحود”، لە بەر ڕۆشنایی سەدوسیونۆهەمین تا سەدوحەفتاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی “ئالی عیمران” توێشووی نووسینەكەم بن، كە ئەو ئایەتانە پڕن لە حیكمەت و وانەی سەربازی و دەروونی.
پوختەیەك بە زمانی ژمارە:
1/ لە ڕووی جوگرافییەوە، ئوحود كە گۆڕەپانی جەنگەكە بووە، زنجیرە شاخ و تەپۆڵكە و گرد و شیو و پێدەشتێكە، دەكەوێتە باكووری شاری یەسریب (مەدینەی منەوەرە)وە و، یەكێكە لە نزیكترین شوێنەكانی كە جەنگی تێدا بووبێت و هاوكات زۆر نزیكیش بووبێت لە شوێنگەی ئەو کاتەی موسڵمانان.
2/ جەنگی ئوحود لە پێنج، یان حەوتەم ڕۆژی مانگی شەواڵی سێهەمین ساڵی كۆچیدا لە نێوان قورەیش و موسڵماناندا ڕووی داوە.
3/ پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – ، ئەگەرچی هەر “حەوسەد” جەنگاوەری لەگەڵدا بوو، سوپای بەرانبەر بە سەركرادایەتی “صەخری كوڕی حەرب” ناسراو بە ئەبوسوفیان، “سێهەزار” بكوژی بێبڕوای سنووربەزێنی تەعەداچی بوون، كە لە مەكەوە هاتبوونە سەر ئەمان.
4/ سەرەتای گێمی یەكەمی جەنگەكە كوشتنی بیستودوو كەس لە داگیركەران بوو، بەڵام لە كاتی سەركەوتنەكەدا هەندێك لەو جەنگاوەرانەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – ئەركی پاراستنی پشتیانی پێ سپاردبوون، لە خۆشیی سەركەوتن و بۆ بەدەستهێنانی هەندێك كەلوپەل، فەرمانەكەیان لەبیر چوو و دەرەنجام لە گێمی دووەمدا موسڵمانان شكان و قوربانییەكی زۆریان دا، بەڵام نەیانهێشت كۆتایی جەنگەكە بەو تراژیدیایە بێت و، سەرلەنوێ هێرشیان بۆ سوپای ئەبوسوفیان بردەوە، كە دووریش كەوتبونەوە لە مەدینە و، گرتیاننەوە و دژمن بەزی و، بەم شێوە گێمی سێهەم بڕیاردەری ئەنجامەكە بوو، كە داگیركەران بستێك زەوییان پێ نەبڕا و محەمەدیش – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – ، نەک لەناو نەچوو، مەككەیشی بۆ گەڕایەوە.
5/ دەرەنجامەكانی جەنگەكە: سەرباری بریندارکەوتنی پێغەمبەر خۆی و كوژرانی حەفتا ئەسحابە، حەمزەی مامیشی کوژرا.
وەك ئامادەكردن و دڵنەواییدانەوەیەکی باری نالەباری دەروونیی موسڵمانان لە ئایەتی ١٣٧ و ١٣٨ سوورەتی ئالی عیمراندا دەفەرمێت:
واتە: “بە ڕاستی بەر لە ئێوە چەندین زەمان و كات و دەرس و قۆناغ تێپەڕیوە، فەرموون ئێوە بە نێو زەویدا بگەڕێن و بزانن دەرەنجامی درۆزنەكان چی بووە * ئەمە ڕوونكردنەوەیەكی گشتگیرە بۆ مەردمگەل هەموویان و ڕێنمایی و ئامۆژگارییە بۆ ئەوانەی لەخواترس و ئەهلی تەقوان”.
پاشان ئیتر ئایەتەكانی باسی تراژیدیای “ئوحود” دەست پێدەكات و دەفەرمێت:
واتە: “نەكەن ئێوە خۆتان بە كەم بزانن و لاوازیتان پێوە دیار بێ و خەفەت بخۆن، لە كاتێكدا دەرەنجام ـ ئەگەر بڕوادار بن و بڕواتان پتەو بێت بە خوای خۆتان ـ هەر ئێوەن سەركەوتووە باڵاكەن.”
تێبینی بكەن: مەرجی سەركەوتن بڕوابوونە و هەمیشە كەسی لەرزۆك و داگیركەر بردنەوەكەیشی براوەیی نییە و كاتییە.
“ئەگەر ناخۆشی و برین و ئازار و ناڕەحەتییەك تووشی ئێوە بێت یان هات، ئەوە بزانن هەمان شێوە بەرانبەرەكەیشتان ئەو شتانەیان تووش هاتووە، ئەمە ڕۆژگاری خوایە و لەنێوان مرۆڤەكاندا دەیسووڕێنێ، جا بۆ ئەوەی خوا كە بۆ خۆی شارەزایە بەدیاری بخات كێن ئەوانەی بڕوادارن و لە نێوانتاندا گەواهـ و شایەت هەڵببژێرێ. هەرگیز خوا ستەمكارانی خۆش ناوێت”.
ئەم ئایەتەیش وەك ئەوە وابوو ئاوێکی سارد بکا بە كڵپەی ناخ و دەروونی یاران لەو شكستەیاندا، بۆ هەموو موسڵمانێكی دیکەیش دەرسە و فێنككەرەوەی ڕۆح و ئارامبەخشە(1).
دواوشە: وەك لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبرا لە 16ی10ی2026دا بە ئەركم زانی شیعرێكی مەلای گەورەی جەلیزادە بخەمەوە بیری بڕواداران و سەرجەم ئەوانەی پێیان وایە مەلا ڕۆڵی پیرۆزی نەبووە لە بزاڤی ڕزگاری شۆڕشەكانماندا، تا بزانن هەموو قۆناغێكی مێژووی خەباتی ئەم نەتەوەیە گەر مەلا و مزگەوتی لێ دەركەیت بەدەگمەن ١٦ــی ئۆكتۆبەر و هاوشێوەكانی زیاتری لێ ببینیت و جەلیزادە سەد ساڵ پێش ئیمڕۆ فەرموویەتی:
ئێوە «أحقر الناس»ـن، ئیمڕۆ لە بەینی ئومــــەم *
قسمێ بەندەیی تورکن، هێندێ خادمی عەجەم!
ئێوەن بێ قەدر و قیمەت، بێ عەسکەر و بێ عەلەم *
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت، ژێردەستی کوللی عالــەم!
دەماغی منداڵەکان پڕ کەن لە حوببی وەتەن *
تەربیەتیان باش بدەن، میللیەتیان فێر بکەن
بە قسەی جاهیلی نەفام، بە مەکری شێخی جادوو *
لە رێگەی راست لا مەدەن، رێ یەکە نابێ بە دوو
مەلا، ئەگەر مەلا بان! میللەت بۆچ وای لێ دەهات؟ * ئاوروپایی چی دەکرد؟ لەسەر قیتعەی رۆژهەڵات!
حاصلی عەرزو دەکەم بە ئەمری (خیر الانام) *
دین و دنیا رێک بخەن، نامە تەمام (والسلام)
پەراوێز:
(١) ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە ٢٧١٢ لاپەڕە ١٤ سێشەممە ٢٤ــی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بڵاو كراوەتەوە”.

