رۆژنامەی ھەولێر

گرنگی پێکوتەی ئەنفلۆنزای وەرزی و کێ دەبێت وەریگرێت و کێ لێی بێبەش دەبێت؟

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و گۆڕانی کەشوهەوا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. وەرگرتنی پێکوتەی ئەنفلۆنزا (Flu Vaccine) یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکانی خۆپاراستن لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم ڤایرۆسە. لەم ڕاپۆرتەدا، د. شاهۆ جەمال حەوێزی، پزیشکی نیشتەجێی قورگ و گوێ و لووت، تیشک دەخاتە سەر گرنگترین وردەکارییەکان و ئەو توێژانەی کە پێویستە ئەم پێکوتەیە وەربگرن، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نابێت لە کاتی ئێستادا خۆیان بکووتن.

ئەو کەسانەی لەپێشینەن بۆ وەرگرتنی پێکوتەکە
هەموو کەسێک لە دوای تەمەنی شەش مانگییەوە دەتوانێت پێکوتەی ئەنفلۆنزا وەربگرێت، بەڵام وەرگرتنی بۆ ئەم گرووپانە پێویستتر و گرنگترە:
• کەسانی بەساڵاچوو: ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵییەوەیە.
• خانمانی دووگیان: بۆ پاراستنی تەندروستیی دایک و کۆرپەلە لە لێکەوتە مەترسیدارەکان.
• تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان: لەوانە نەخۆشیی شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن، ڕەبۆ (تەنگەنەفەسی)، نەخۆشییەکانی دڵ، جگەر، گورچیلە و کێشەی سستیی بەرگریی لەش.
• تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە: پێویستە پێشوەختە پرس و ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی خۆیان بکەن.
• پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی: بەهۆی بەردەوامیی بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆش لە ناوەندە تەندروستییەکاندا.
• خزمەتگوزار و بەرکەوتووانی نەخۆش: ئەو کەسانەی لە نزیکە لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا دەژین یان چاودێرییان دەکەن.

کێ ناتوانێت ئەم پێکوتەیە وەربگرێت؟
هەندێک دۆخی تەندروستی هەن کە تێیاندا ڕێگە بە وەرگرتنی کوتانەکە نادرێت، یان پێویستیان بە چاوەڕوانی و ڕاوێژی ورد هەیە:
• هەستیاریی توند (حەساسییەت): ئەو کەسانەی هەستیارییان بە خودی پێکوتەکە یان پێکهاتەکانی ناوی (وەک هەندێک جۆری پرۆتین) هەیە.
• تووشبووانی ئێستای پەتا: ئەو کەسانەی لە کاتی ئێستادا تووشی پەتا، هەڵامەت، یان تای بەرز بوون؛ پێویستە چاوەڕێ بکەن تا سووڕی ڤایرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.
• تووشبووانی نەخۆشیی گیلان بارێ (Guillain-Barré syndrome): کە نەخۆشییەکی کۆئەندامی دەمارە و پێویستە بەبێ ڕاوێژی پزیشکی تایبەتمەند پێکوتەکە وەرنەگرن.
سوود و کاریگەرییەکانی پێکوتەی ئەنفلۆنزا
بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، وەرگرتنی پێکوتەکە دەتوانێت بۆ ماوەی ٦ بۆ ١٢ مانگ بەرگرییەکی باش دژی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دابین بکات. تەنانەت ئەگەر کەسەکە دوای کوتانەکەش تووشی نەخۆشییەکە بێت، نیشانەکانی زۆر سووکتر و بێ زیانتر دەبن.
لە هەموو بارودۆخێکدا، وا باشترە پێش وەرگرتنی پێکوتەکە، ڕاوێژ بە پزیشکی چارەسەرکاری نەخۆشییەکەت یان ناوەندی تەندروستیی پەیوەندیدار بکرێت تا لە سەلامەتیی گشتی دڵنیا بیت.