حەمەسەعید حەسەن
بەخشینی چێژ و وەچە
ئەوە ڕاست نییە، ئەگەر بڵێین مێرسۆ قارەمانی نۆڤلێتی (نامۆ)ی (کامۆ)یە، ئاخر قارەمانی هەموو دەقێک، ئیدی لە نووسینی پیاو بێت، یان ژن، زمانەکەیەتی. شەهرەزاد هات و بە چەکی زمان، پیاوی لە بگۆوە کرد بە گوێگر، پیاوی کێویی، کەوی کرد و بۆ ماوەی هەزار و یەک شەو کۆنترۆڵی کرد، بەڵام ئاخۆ ئەوەی شەهرەزاد دەیگێڕایەوە، لە داهێنانی خۆی بوو؟ یان خودی شەهرەزاد، زادەی خەیاڵی پیاو بوو؟ لەیەکچوونێکی سەیر لە نێوان هەزارویەکشەوە و جەستەی ژندا هەیە، وەک چۆن لە هەناوی ژنەوە، ئینسانی دیکە پەیدا دەبێت، ئاوایش لە هەناوی هەموو چیرۆکێکی هەزارویەکشەوەوە، چیرۆکی دیکە پەیدا دەبێت. ئەوە نییە، شەوی یەکەم هێندە درێژ دەبێتەوە، تا بە هەزار و یەک شەو دەگات و لەو ماوەیەدا، شەهرەزادی گێڕەرەوەیش، سێ کوڕ دەخاتەوە؟
ئەوە ڕوونە مێ هەزارویەکشەوە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوون نییە، ئەوی چیرۆکەکانی هەزارویەکشەوەی داهێناوە، نێر بووە یان مێ؟ ئەوەیش ڕوونە چیرۆکەکان لە داهێنانی مێ بن یان نێر، هەر لەلایەن نێرەوە نووسراونەتەوە، بەڵام چونکە سووک سەرنجی گێڕەرەوەی چیرۆکەکان کە مێ بووە، دراوە، داهێنەر و نووسەر پێیان شەرم بووە، ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئاخر خۆیان لەوە پێ گەورەتر بووە، ناویان بدرێتە پاڵ چیرۆکگەلێک، مێ دەیانگێرێتەوە.
شەهرەزاد وەک ژنێکی گیان لەسەر دەست، دەست بە گێڕانەوە دەکات، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێز بووە، ئەویش وەک ژنانی پێش خۆی، گیان لە دەست بدات، بەڵام توانیویەتی بە هۆی زمانەوە، شەهریار ماڵیی بکات و سێ کوڕیشی پێ ببەخشێت. کەواتە شەهرەزادی مێ، بە هۆی بەرهەمهێنانی نێرەوە، خۆی دەسەلمێنێت، یان دروستتر خۆی وەک مێ ڕەت دەکاتەوە، ئاخر بەگوێرەی هەزارویەکشەوە، مێ لەبەر نێر لە دایک بووە، ئەوە بۆیە دایکی جەعفەری بەرمەکی هەموو شەوی هەینییەک، کەنیزەکێکی بۆ کوڕەکەی دەنارد.
لە دونیای نووسیندا، پیاو دەق بەرهەم دەهێنێت و هەر پیاویش لێی سوودمەند دەبێت. پیاو دەق دەنووسێت، دەیخوێنێتەوە و لێکی دەداتەوە، ئاخر ژن نزیکەی هەمیشە پەراوێز خراوە و تەمومژی چڕی کولتووری پیاوانە، بواری دەرکەوتنی ژنی نەداوە. پیاو پێی وایە، وەک چۆن کەلیلە و دیمنە، لە داهێنانی گورگ و ڕێوی نییە، هەر وایش هەزارویەکشەوە، لە داهێنانی ژن نییە، ئاخر ژنی لە ڕوانگەی نێرسالارانەوە، نوقسان، کەی لە توانایدا هەیە، دەقێکی ئەدەبیی وەک هەزارویەکشەوە بەرهەم بهێنێت! پیاوی ڕۆژهەڵاتی و هی خۆرئاوایش هێندە سووک بۆ ژنیان ڕوانیوە، نە داهێنەری هەزارویەکشەوە، ناوی خۆی لەسەر دەقەکان نووسیوە، نە یەکەمین وەرگێڕی ئینگلیزییش، ناوی خۆی ئاشکرا کردووە!
لەکن تۆدۆرۆڤ، کرداری (دەگێڕێتەوە) بە مانای (دەژی) دێت، بەڵام لە هەزارویەکشەوەدا، گێڕانەوە، بە مانای دواخستنی مەرگ دێت و شەهرەزاد بەوەی دەبێت بە دایکی سێ کوڕ، لە مەرگ قوتاری دەبێت. هەنووکەیش لە ڕوانگەی گەلێک لە ژنانیشەوە، ژن تا نەبێت بە دایکی کوڕ، ژنێکی تەواو نییە و نوقسانە. لە دێر زەمانەوە، گێڕانەوە، کاری ژنانی گومناوی داهێنەر بووە، نووسینەوەیش پیاو پێی هەڵساوە. لە هەزارویەکشەوەدا، ژن لە ڕێی بەخشینی سێ کوڕەوە، نەک سێ کچەوە، تەنانەت نەک دوو کوڕ و یەک کچیشەوە، هەر کولتووری نێری بەرهەم هێناوەتەوە و ئامانجی ژنی داهێنەر، تێرکردنی حەز و خواستەکانی پیاو بووە، ئیدی هەر لە بەخشینی چێژەوە پێی، هەتا خستنەوەی وەچەی نێر، بۆی.

