رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو نەخۆشخانەیە دا كە ئافرەتێكی تەمەن 21 ساڵ تێیدا گیانی لەدەست دا

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە شاری هەولێر دابخرێت كە تێیدا بەهۆی هەڵەی پزیشك و نەخۆشخانەكەوە كچێكی تەمەن 21 ساڵی گیانی لەدەست دا.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی كە ئەمڕۆ چوارشەممە دەركراوە، هاتووە: دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی کرا، بە پێویستمان زانی بۆ ڕای گشتی ڕایبگەیەنین کەوا:

1- پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە.

2- نەبوونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.

3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بوونی فریاکەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.

4- لەبەر نەبوونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە دوو بە فەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێدا ڕاگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بەڕێگەی دیکەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیکەی نافەرمی چوونەتە ژوورەوە و کاریان کردووە.

5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردووە و پابەند نەبوونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە بڕگەی لە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە 16 ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگە دەکات بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

وەزارەتی تەندروستی هەروەها رایگەیاند: لێرەوە جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کەوا پێویستە تەواوی نەخۆشخانەکانی ئەهلی و سەنتەر و کۆمەڵگاکانی پزیشکی کەرتی تایبەت پابەندبن بە کارکردن بەپێی بوونی مۆڵەتی بەرکار و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکات، بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسیاییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر ڕێکارەکانی دادگا.