رۆژنامەی ھەولێر

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگاداری سەرجەم شوفێران و هاووڵاتییانی كردەوە كە ئاگاداربن و نەكەونە داوی فێڵ و خەڵەتاندنەوە و پارەی سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێل بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەنێرن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەكدا دەڵێت “هەندێک لە هاووڵاتییان نامەیەکی درێژیان بە زمانی عەرەبی بۆ نێردراوە كە باس لەوە دەکات سەرپێچی هاتوچۆیان کردووە و دەبێ لە ماوەی 48 کاتژمێر سزاکان بژمێرن، بە پێچەوانەوە لە دوای ئەوە ماوەیە ڕۆژانە سزای دواکەوتنی دەکەوێتە سەر و دوای 30 رۆژ دەدرێتە دادگە”.

دەشڵێت “ئاگاداری شوفێران و هاووڵاتییان دەکەینەوە کە ئەم شێوازەی ناردنی نامەی سزای سەرپێچی هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان نییە”. جەختیش دەكاتەوە كە “گومان دەکەین کارێکی نایاسایی بێت بۆ فێڵکردن لە هاووڵاتییان، بۆیە تکایە ئاگاداربن و وەڵامی ئەو جۆرە نامەیە مەدەنەوە و هیچ جۆرە پارەیەک بە هیچ رێگایەک بە ناوی سزای هاتوچۆ بۆ ئەو جۆرە سەرچاوانە مەنێرن”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاماژە بەوەش دەكات “شوفێران دەتوانن لە رێی پلاتفۆرمی KRD Pass یاخود سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ دەستیان بگاتە زانیاری دروست دەربارەی هەر جۆرە سزایەکی سەرپێچی کە لە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان هەبێت”.

جارێكی دیكە داوا دەكات “جگە لە سەرچاوە فەرمییەكان، باوەڕ بە هیچ نامەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەوانەی خوارەوە مەکەن”.

وێنە: نموونەیەك لەو نامەیەی كە بۆ فێڵ و خەڵەتاندن بۆ شوفێران و هاووڵاتییان نێردراوە: