رۆژنامەی ھەولێر

٢٦ پڕۆژەی دیکەی ئاوی خواردنەوە لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان بنیاد دەنرێن

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مەبەستییەتی پێویستی بە ئاوی ژێر زەوی تا ڕادەی سفر کەم بکاتەوە و بە پێی پلانی داڕێژراو بێت، تا ٢٤ ساڵی ئایندە، بیست و شەش پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان بنیاد دەنێت، کە هەمووان پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستن.

حکوومەتی هەرێی کوردستان بەردەوام کار دەکات، تا چیدی پێویستی بە ئاوی ژێرزەوی نەمێنێت، ئەو سامانە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە کەمبوونەوەی تا ئاستی مەترسی، بە تایبەت لە شاری هەولێری پایتەخت، کە بۆ زیادتر لە چوار سەد مەتر دابەزیبوو، ئێستا بە پلانی تۆکمە، بڕیاریداوە بە سود وەرگرتن لە ئاوی سەر زەویی ڕووبار و دەریاچە و کانیاو و بەنداوەکان، دەست لە ئاوی ژێر زەوی هەڵبگرێت و پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستێت.
دوای ماوەیەک کارکردن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بیست و پێنج پڕۆژەی ستراتیژی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە، کە سود لە ئاوی سەرزەوی وەردەگرن و زۆرێکیان چەند ساڵێکە جێبەجێکراون و خراونەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە، لەوانە گەورە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوی هەولێر، کە بۆماوەی سی ساڵی دی شاری هەولێر لە بێ ئاوی ئورخەیان کردووە، توانای بەرهەمی تێکڕای ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییانە لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن و شەش سەد و حەفتا و هەشت هەزار و پێنج سەد و شەست و سێ مەتر سێجا ئاوە، سەرجەمیان بۆ هەر کاتێک سەد و پەنجا و سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکی خواردنەوە بەرهەم دەهێنن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی تۆکمەی بۆ بەرزکردنەوەی سامانی ئاوی ژێر زەوی هەیە، ئامانجی سەرەکی پلانی نوێیی، کە بۆ بیست و چوار ساڵی ئایندەیە واتا تا ساڵی ٢٠٥٠، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوەیە بە بڕی دوو ملیۆن و سەد هەزار مەتر سێجای دیکە لە ڕۆژێکدا، بۆ ئەوەی چیدی پێویستی ناوخۆ بە ئاوی ژێر زەوی نەهێڵێت و ئەو سامانە گشتییە بۆ نەوەی ئایندە بپارێزێت.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش لە پلاندایە و بڕیارە، بیست و شەش پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنانی ئاوی پاکی خواردنەوە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە هەمووان تەنیا پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جیا لە ڕۆنانی بەنداو و پۆند و گواستنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە ژێر زەویەوە بۆ سەر زەوی بەهۆی گەورە پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر، بەڵام هێشتا هەر پێویستی بە کاری زیادترە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، کە ئێستا پێنج هەزار و هەشت سەد و دە بیری ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاوی خواردنەوە سودیان لێ وەردەگیرێت.
بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی دەبێت، بەپێی پلانەکە پشت بەستن بە ئاوی سەر زەوی بۆ ٧٥% بەرز دەبێتەوە و لە بەرانبەریشدا پشت بەستن بە ئاوی ژێر زەوی بۆ ٢٥% کەم دەبێتەوە.