رۆژنامەی ھەولێر

هیچ چارەسەرێکی دی بێجگە لە کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان لە عێراق نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەندێک لە چەکدارانی ناو حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە دژی ئەوەن چەک ڕادەستی حکوومەت بکرێت، کارەکەیان بە یاسای حەشدی شەعبییەوە گرێداوە و دەڵێن، با حکوومەت پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بنێرێت بۆ پەرلەمان ئەو کات ئێمەش چەک دادەنێین. شرۆڤەکارانیش دەڵێن، میلیشیاکان چەک دانانێن، چونکە ھێزی سەربازی، سەرچاوەی دارایی و ھەژموونی سیاسییان ھەیە کە ڕێگرە لە بەردەم چەکداماڵینیان.

لەکاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتکۆم، ڕایگەیاند لە دوای ٣٠ی ئەیلوولەوە ھیچ ھێزێکی بیانی و ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراق نامێنێتەوە.
بڕیاری حکوومەت بۆ ڕادەستکردنی چەک گرووپەکانی دابەشکردووە و ھەر یەکە بەپێی بەرژەوەندی خۆی لێکدانەوە بۆ داواکاریەکەی حکوومەت دەکات، گرووپە شیعە توندڕەوەکان دژایەتی چەکدانانی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە دەکەن. ڕێکخراوی بەدر بە فەرمی پاڵپشتی بڕیارەکەی حکوومەت دەکات و ئامادەیی ڕادەستکردنی چەکەکانیەتی، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی دژی ئەو بڕیارەن. مەھدی ئامرلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئێمە لەگەڵ ڕادەستکردنەوەین، بەڵام لەو بابەتەدا پەلە ناکەین لەوەی کە ھەموو دۆخی عێراق ببەستینەوە بەم بابەتەوە، ئێستا ھەموو لایەنەکان دژی ئەوەن چەک لە دەرەوەی حکوومەت ھەبێت، من بە بۆچوونی خۆم و پەیامم بۆ حکوومەت ئەوەیە کە یەکەم ھەنگاومان دەنگدان و تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی بێت، چونکە ئەوە پەیامی دڵنیاکەرەوە دەبێت بۆ ھەموو لایەنەکان کە گەرەنتییە بۆ ھەمووان.
پێگەی “شەفەق نیوز” بڵاوی کردووەتەوە، عەلی فەتلاوی کە یەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیایە، ڕایگەیاند، قسەکردن لەبارەی ئەوەی گرووپەکانی مقاوەمە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ھەڵبوەشێننەوە، بەھیچ شێوەیەک ناکرێ و ئەوە تەنیا خەونێکە و نایەتە دی، لە کاتێکدا تا ئێستاش ئەمەریکای داگیرکەر ھێزەکانی لە وڵاتدا نەکشاندووەتەوە، بۆیە مقاوەمە بەردەوام دەبێ لە بەرەنگاری.
ھەندێک پەرلەمانتار بە ئاشکرا دژایەتی ڕادەستکردنی چەک دەکەن و حکوومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کە زانیاری پێشوەختەی ھەبووە لەبارەی بۆردومانەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر حەشد. لە قۆناغی یەکەمدا گرووپەکانی عەسائیبی ئەھلی حەق، سەرایا سەلام، کەتائیبی ئیمام عەلی و ڕێکخراوی بەدر، ئامادەییان دەربڕی بۆ مڵکەچبوونی بڕیاری حکوومەت، بەڵام گرووپەکانی حیزبوڵڵای عێراق، سەیدولشوھەدا و نوجەبا، تا ئێستا نەچوونەتە ژێر باری بڕیارەکەی حکوومەت و چەکدادان ڕەتدەکەنەوە.
پرۆسەی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کەوتە بواری جێبەجێ کردن، بەڵام بەشێک لە گرووپەکان تا ئێستاش ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن یان بچنە ناو دامەزراوەکانی حکوومەت، ئەو قسانە کاتێک دەکرێن کە حکوومەتی عێراق داوای کردووە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، بخرێنە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی تەناھی و حەشدی شەعبی، کەچی تا ئێستاش بەشێک لەو گرووپانە ئەو داوایە ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بە میحوەری مقاوەمە دەزانن.
ئەم تەنگژە قووڵە لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران دەربڕیوە بۆ ڕێکخستنەوەی چەک، بەتایبەت دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بڕیاری دا سەرایای سەلام بخاتە ژێر فەرمانی دەوڵەت و دوابەدوای ئەویش عەسائیب و کەتیبەکانی ئیمام عەلی لیژنەیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان پێکھێنا، لە بەرامبەردا حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر تەرخانکردنی ٣٥ ھەزار ھەلی کار بۆ ئەو چەکدارانەی چەک دادەنێن ڕێککەوتوون.
سەرچاوە عێراقییەکان بەئاژانسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بە سەرکردە سیاسییەکانی وتووە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی چەک دانانێن و ئەو ماوەیە ڕەتدەکەنەوە کە بۆیان دیاریکراوە تا چەکەکانیان دابنێن و ھاوکاری بکەن لەدوای ئەو ماوەیە.
ھاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوا وادەی ڕادەستکردنی چەکی میلیشیاکان لە عێراق، گوشار و ھەڕەشە ئەگەری شەڕ زیاتر دەبێت، لەو ناوەدا ئێران و ھێزە سیاسییە شیعەکان بە دوای ڕێگەچارەیەک دەگەڕێن چەکی میلیشیاکان بمێنێتەوە و ھەڵمەتەکە شێوەیی بێت، واتە سەبارەت بە بوونی میلیشیاکان و چەکەکانیان تەنیا ڕێکبخرێنەوە، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، شیعە لەسەر چەکی میلیشیاکان و یاسای حەشد بە سازان گەیشتوون.
شارەزایانی سیاسی ھۆشداری دەدەن لەوەی واشنتن بە ھیچ پێشنیازێک جگە لە داماڵینی تەواوەتیی چەکی میلیـشیاکان لە عێراق ڕازی نابێت.
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەو گرووپ و میلیشیانە لە حکوومەتی عێراق چەک و پارە وەردەگرن و ھەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە ھێرش دەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان و پاڵاوگەکانی نەوت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، چەند ساڵە لە سایەی عەقڵیەتێکی شۆڤێنی خەریکی سزادانی خەڵکی ھەرێمن، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران- ئەمەریکا و ئیسرائیل، گرووپە لە یاسادەرچووەکانی عێراق ھێرش دەکەنە سەر ھەولێر و دەیانەوێ سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن.
سەرەڕای ھەوڵەکانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دوای سەردانی بەرپرسانی تاران بۆ جێبەجێکردنی پلانی سڕکردنی چەک، بەڵام واشنتن ھەر ھەنگاوێک بێجگە لە نەھێشتنی مووشەکی باڵستیک و درۆنەکان بە فێڵ دەزانێت و بە ھیچ شێوەیەک چارەسەری ناوەند لە بەغدا قبووڵ ناکات. عادل زیاد، توێژەری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: شکست لەم دۆسیەدا پاڵ بە ئەمریکاوە دەنێت سزا بەسەر دامەزراوە حکوومییەکاندا بسەپێنێت.
ئەو توێژەرە، ڕوونیشی دەکاتەوە، سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا عێراق دەخاتە ناو قەیرانێکی توندی ئابوورییەوە، بەتایبەت کە لە ئێستادا بەھۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی ھورمزەوە داھاتی فرۆشتنی نەوتی بەغدا بە ڕێژەی ٨٠% پاشەکشەی قورسی بەخۆیەوە بینیوە و تووشی تەنگژەی دارایی بووە.