رۆژنامەی ھەولێر

٤٩ ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەدا تێپەڕی

كامەران حاجی ئەلیاس

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١/٧/٢٠٢٦ چلونۆ ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەدا تێپەڕ دەبێت، كە لەسەر دەستی رابەری هونەر پایەبەرزی كۆچكردوو هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) ئەم تیپە دامەزرا.
ئێستا وەكو خەون دێتەوە یادم مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٧ ئەو كاتەی لە گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە سەرجەم قوتابیانی قوتابخانە وەستابووین بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ پێش دانەوەی ئەنجامەكان مامۆستا زرار لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانە لە وتەیەكی كورتدا گوتی” بەنیازم تیپێكی مۆسیقا دابمەزرێنم و خولێكی میوزیك دەكەمەوە هەریەكێك لە ئێوە حەز دەكات یان ئارەزووی فێربوونی مۆسیقای هەیە با ناوی خۆی بنووسێت..”
ئەنجا، لەبەر ئەوەی من لەم قوتابخانەیە هەر لەسەر دەستی مامۆستا زرار بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەریم كردبوو بۆیە حەزو و ئارەزووم زیاتر بۆ شانۆ دەچوو، نەوەك موزیك، هەرلەبەر ئەوەش من ناوی خۆم بۆ ئەو خولە نەنووسی بەڵام هەرگیز لە خولەكە دوور نەبووم هەردەم هامووشۆی خولەكەم دەكرد، لە نیگارخانە (مەرسم)ـەکەی مامۆستا زرار لە نهۆمی دوومی قوتابخانەی پاشای گەورەدا بوو، كە جگە لە موزیك چەندین خولی تریش هەر لەسەردەستی مامۆستا زرار كرابوونە وەكو خۆش نووسی، جوانكاری. ئەم ژوورە هونەرییە تەنیا پەیمانگایەكی هونەری نەبوو، بەڵكو قوتابخانەیكی كوردایەتیش بوو، هەردەم ئامۆژگای ئێمەمانی دەكرد كە چۆن خاك و كورد و كوردستانمان خۆش بوێت فێری كردین هەردەم خاوەن‌هەڵویست بین، هەر ئەم پەروەدەیەش بوو دوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ـی كوردستان دەركەوت زۆربەی ئەندامان وەك پێشمەرگە لە نێو رێكخستنەكانی حیزبەكان كاریان دەكرد، بەڵێ ئەم نیگارخانەیە لەلایەن هونەرمەندێكی گشتگیر بەڕێوە دەچوو لەهەمووی سەیرتر پێداویستیەكانیش وەكو ئامێری موزیك و كەرستەكانی خولەكە هەر لە ئەستۆی خودی بوو بێ ئەوەی كەسێك یان لایەنێك هاوكاری ئەو زاتە بكات، بگرە هەندێك كەس بە چەندین شێواز دەبوونە كۆسپ بۆ ئەوەی ئەو پرۆژیەسەرنەكەوێت بەڵام مامۆستا زرار بێ گوێدانە ئەم و ئەو لەسەر بەرنامەكەی خۆی بەردەوام بوو.
دوای هەوڵ و كۆشش و هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر، لە رێکەوتی ١/٧/١٩٧٧ـدا لەسەر دەستی مامۆستای هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) تیپی مۆسیقای پاشای گەورە هاتە دامەزراندن و رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە خزمەتكردنی هونەری ڕەسەنی مۆسیقا لە شاری رواندز و تەواوی كوردستان یەكەمین بەرهەمی ئەم تیپە لە رێکەوتی ١/١٠/١٩٧٧ـدا ئاهەنگێكی موزیكی بوو هەر لە گۆرپانی قوتابخانەی پاشای گەورە بە بۆنەی كۆتایی پشووی هاوینە و كردنەوەی دەرگای قوتابخانە پێشكەش كرد.
هونەرمەند مامۆستا زرار محەمەد مستەفا لەسەر توانستی خۆی بێ ئەوەی كەسێك یان لایەنێك هاوكاری بكات توانیی پۆلێ لە هونەرمەندانی میوزیك پێگەێنێت، كە ئێستا رۆڵی بەرچاویان هەیە لە گۆڕەپانی هونەری موزیكی كوردستان.
بەڵێ ٤٩ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم تیپە دامەزارا توانیی لە ماوەیەدا چەندین هونەرمەند، لەسەر دەستی ئەم هونەرمەندە پێگەیشتوونك وەك: سەید ئەحمەد ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حەیدەری، چەتۆ نەورۆز، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زینل خەیری، ئەحمەد شێخە، مزەفەر عەبدوڵڵا خدر، ئیبراهیم حەسەن خدر، عەزیز شاكر سەعید، كارۆخ زرار سلێمان، شوان عەبدوڵڵا، ڕزگار سەبری نەجیب، یوسف عومەر یوسف، ئەیوب نوری، بژار نوری، ڕێبوار نوری…
ئەم تیپە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا توانیغ چەندین كاری هونەری ئەكادیمی و پێشكەش بكات و چەندین موزیكی جیهانی وەكو ئۆكێسترا پێشكەش بە هەوادارانی میوزیك بكەن و چەندین گۆرانی بێژیش لەم تیپە كارەكانیان بڵاو بكەنەوە وەكو (وەلی دۆسكی، ئەحمەد مەندانە، هاوتا ئەسعد، كاڵێ، ئەبوبەكر لەزگی، ناسر رەزازی، سامان مرادی و سەلام مرادی، خدر بێجانی، سڵێمان ئەحمەد ـ شڤان پەروەر، فاتیمە، شیرین پەروەر، نەجمەدین غوڵامی، سابیر كوردستانی و، چەندانی دیكە.
زۆر بەداخەوە لە دوای لە نیو سەدە خزمەتكردن بە بواری هونەر و شانۆ و مۆسیقا، لە رێکەوتی ٧/١٢/٢٠٢٤ـدا هونەرمەند زرار محەمەد مستەفا، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت لە گۆڕستانی گەردەگەرد لە شاری ڕواندز بەخاك سپێردرا هەزاران سڵاو چەپكەگوڵ پێشكەش بە رۆحی، دروود بۆ گیانی پاكی.