ئارام كۆشكی – سلێمانی
بەشی سێیەم و کۆتایی
لێرەوە دەمەوێ ئاماژە بە شتێکی بکەم، کە بەرۆکی ئەو پەیامە زمانییەم وەرگێڕان دەگرێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، هەندێکجار سەرنج و تێبینی ڕەخنەگرانەم بۆ هاتووتەوە، ئەمەش سەبارەت بە دوو شت، یەکەمیان سەبارەت بە کۆمەڵێ وشە و دەستەواژە کە لە وەرگێڕاندا بەکارمهێناون، چونکە لای هەندێ خوێنەر لەوانەیە وشەی خۆجێی بن، یان وشەی نامۆ بن، ئیدی نەدەبوایە لە ڕەوتی ئاسایی لابدەم و هانا بۆ ئەو وشانە بەرم. بەڵگەوبەندی منیش بۆ ئەم جۆرە وشەدانە هەرئەوە نییە، کە ئەو وشانەی بەکارمهێناون پەتی و پاراون، بەڵکو مەبەستەم زیندووڕاگرتنی وشەدانەکەیە، ئاخر ئەگەر من لە وەرگێڕانی ڕۆمانێکدا دەرخواردی خوێنەری نەدەمەوە، کێ بیکات؟ خۆ ئەگەر وانەکەین لەوانەیە وشەکان هەر لە سینگی پیروکالان یان لەنێو وشەدانی فەرهەنگدا بمێنننەوە، ئیدی دەچنە سووڕی متبوون لەوانەشە بۆ مەرگیش سەربکێشن. ئەوسا با خوێنەر حوکم لەسەر ڕاستی و ناڕاستی بەڵگەوبەندەکەم بدات. ڕەخنەی دووەمیش، ئەوەیە هەندیکجار ناچار دەبم ناونیشانی کتێبە وەرگێڕاوەکە بگۆڕم. ئەمەشیان چیرۆکی خۆی لەپشتە و لەوانەیە لێرە جێگەی گێڕانەوەی نەبێت.
لێ گەلۆ لە هێنانەوەی بەڵگەوبەند بۆ هەردوو پەیام، شتێکی گرنگی دیکە هەیە بێڵێم. لەوانەیە زۆربەی خوێنەران پێشەکییە نایابەکی (تاریک و ڕوون)یان خوێندبێتەوە. مام هێمن لە (لەکوێوە بۆ کوێ)دا نووسیویەتی، کە لەشیعرنووسیندا منەت بەسەر کەسەوە ناکات و هەستی خۆی وای لیێ دەکات دەریببڕێت. منیش وەک شاگردێکی قوتابخانەکەی ئەو، هەمان شت دەڵێمەوە. منەتی ئەوە بەسەر خوێنەر و کتێبخانەی کوردیدا ناکەم، بەوەی گەر من نەبوومایە ئەوا کتێبخانەی کوردی، یان جیهانی وەرگێڕانی کوردی تووشی کورتهێنی دەبوو. نا نەخێر، من هەر کتێبێکم وەرگێڕاوە سەرەتا بۆ خۆم خوێندووەتەوە، دواتر کە ناوەڕۆکەکەم بە دڵ بووە، پرس و ڕاوێژم بە هاوڕێکانم کردووە، پاشان کردوومەتە کتێب تا دەرگای خوێنەندەوەیان لەسەر بکرێتەوە. واتە لەبەر خاتری ئەوان نەمکردووە، بەڵام گەر بۆ ئەوان سوودی هەبێت و چێژیان لێ وەرگرتبێت، ئەوا مایەی خۆشحاڵی و شانازیم بووە.
شتێکی دیکەش هەیە، هەر وەرگێڕانێک چاپ بووبێ، ئەوا سەرەتا پێش وەرگێڕان، هی بابای نووسەرکەی بووە، هەروەها تا وەرم نەگێڕابێت و چاپ نەبووبێت، دەکرێت بە هی خۆمی بزانم، بەڵام کاتێک چاپ بوبێت ئەوا بابای خوێنەر دەبێتە خاوەنی و بۆی هەیە سەرنج و تێبینی خۆی لەبارەوە دەببڕێت. بە چاپبوون لە خاوەندارێتیی من دەردەچێت و کتێبەکە دەبێتە کتێبی خوێنەر.
چوار: ئاستەنگی وەرگێڕان لەم سەرجەمی هەژموونی (ئەی ئای)دا چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە وەرگێڕانی ئەدەبیات جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێت؟
وەڵام: هەر لە ئێستاوە سەرەداوی کاریگەریی ئەی ئای بەسەر وەرگێڕاندا دەرکەوتووە، بەتایبەتیش وەرگێڕانی شتی ئاسایی و ڕۆژانە، وەرگێڕانێک لە چاوتروکانێکدا دەتوانیت نەوەک هەر بۆ سەر زمانێک و دوان، بەڵکو بۆ چەندین زمان کارەکەت بۆ بکات. کارامەیی و وربینی وەرگێرانی ئەی ئایش بەندە بەو وشەدانەی کە لای هەیە، لە زمانە ڕۆژئاواییەکان و تەنانەت بۆ عەرەبیش قۆناغی زۆر باشی تێپەڕاندووە، کەچێ هێشتا بۆ کوردی ئاستەنگی خۆی ماوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە عەمباری وشەدانی کوردی پڕ نەبووە، یان بەو شێوەیە نییە کە بارتەقای زمانەکانی دیکەی بکات. دەکرێت ئەم کێشەیەش لەداهاتوودا چارەسەر ببێت.
بەگشتی ئەی ئای لە ئایندەدا باری سەرشانی مرۆڤ لە شەونخوونی هەوڵی تاک بۆ پڕکردنی عەمباری زانست و زانیاری سووک دەکات، دەبێتە ئامرازێکی چارەنووسساز، تەنانەت لەوانەیە بۆ ئەوەش سەربکێشێت تا لە داهاتوودا هەندێ پیشەش نەهێڵێت و بەتەواوی پشت بە ئەی ئای ببەسترێت، لە نێویشیاندا وەرگێڕانە. پێموایە لە ئێستاوە گرفتی وەرگێڕانی زارەکی چارەسەر کردووە، ماوەتەوە سەر وەرگێڕانی دەقی درێژ، لەمەشیاندا هەنگاوی باش چووەتە پێش، بەڵام ئەوەندە هەیە لەم وەرگێڕانەدا هێشتا خۆماڵیکردنەوە (ئەوەی پێیدەگوترێت بەکوردیکردن، یان هەر زمانێکی دیکە) بەربەستێکە، کە دەبێت پیشەکارانی بواری ئەی ئای سەنگینانەتر لێیبڕوانن. دیارە ئەی ئای ئۆتۆماتیکیانە کارەکە لە کورتترین ماوەدا دەیکات، بەڵام وەرگێڕانی هەست و سۆز، ئەوەی نووسەرێک لەدووتوی کتێبێکدا دەریدەبڕێت، ئەوەی بەو شێوازی توێکڵدار و ئەدەبی ڕەوانبێژی ئەدەبییانە دایدەڕێژێت، ئەوەی ئیدیۆم و مەتەڵ مەجاز خراوەتە نێو ڕستە، ئەوا تا ئێستا بە باشی بە وەرگیڕانی ئەی ئای ناکرێت، یان پێویستی بە مشتوماڵ کردنەوە دەبێت، بۆیە هەق نییە لەم ڕوەوە پەنای بۆ ببرێت.
لەوانەیە ئەی ئای لە ئایندەدا هەندێ وەرگێڕان لە بوارەکانی زانست و زانیاری ڕووت، ئەوانەی بە فاکت و داتاوە و لۆژیکی ڕاستەوخۆوە بەندن، تاڕاددەیەکی زۆر هەقی خۆی پێبدا و جێگەی بابای وەرگێڕ بگرێتەوە، بەڵام لە بابەتی ئەدەبی وەک ڕۆمان، یان لە گێڕانەوەی بیرەوەری، کورتهێن بێت، یان ئەگەر دەرەقتیشی بێت ئەوا لە لێتێگەیشتن و هەڵێنانی مەتەڵی نێوان دێڕەکان یان مەبەستی ئەودیوی دێرەکان، نەتوانێت جێگەی وەرگێڕی ئاسایی بگرێتەوە.
شتێکی دیکەش لەوانەیە ئەی ئای هێشتا نەتوانێت بەسەریدا زاڵ ببێت، بەتایبەتی لە وەرگێڕانی دەقی درێژدا، ئەویش ئەو وشە و زاراوانەن، کە لە بەرڕەوت (کۆنتێکست)ی ڕستە و بڕگەکاندا واتایان دەگۆڕێت. ئەم حاڵەتە لە وەرگێرانی ئاساییشدا ڕوودەدات، بەتایبەتی کاتێک بابای وەرگێڕ زۆر وریانەبێت و ڕاگوزەرانە کارەکەی بکات.
پێنجەم: زۆرجار متمانە بە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە ناکرێت، ئێوە چۆن دڵنیا دەبنەوە لە دەقێک بۆ وەرگێڕان کە لە زمانی دووەم یان سێیەمەوە بۆ کوردی هەڵی بژێرن؟
وەڵام: هەڵبەتە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمە گرفت و ئاریشەی تایبەتمەندی خۆی پێوەیە. لێرەوە دەکرێت ئەی ئای یارمەتی دەر بێت، چونکە جیهانی بەخڕی خستووەتە بەردەستمان، زمانێک کە هەر گوێشمان لێنەبووبێت، ئەوا ئەی ئای وەستایانە ملی داوەتەبەر.
پێشوەختە کردەی وەرگێڕان لە زمانی یەکەمیشەوە بێت، جۆرێک لە ڕەونەقی ڕەوانبێژییانەی دەقە ماکەکە لەدەست دەدات، ئەگەر واتای وشە و ڕستەکانیش لەدەست نەدات، لێ بەشێوەیەکی لەشێوەکان واتای شاراوەی نێو دێڕەکان لەدەست دەدات. هەر وەرگێڕە و بەگوێرەی زمانی زگماکی بۆ وەرگێڕدراوی پەیامەکی نووسەرە ماکەکە دەگوازێتەوە، ئیدی کە نووسەر تایبەتمەندی خۆی بداتە شەقڵ و ڕێسای داڕشتنی یەکەم جاری، ئەوا بابای وەرگێڕیش بە ڕۆڵی خۆی شەقڵ و تایبەتمەندی زمانەکەی خۆی دەداتەوە دەقێکی وەرگێڕدراو، ئینجا کاتێک وەرگێڕی دووەمیش دێت، ئەوا لەنێوان تاموبۆی ماکی یەکەم و وەرگێردراوی یەکەمدا ون دەبێت، بۆیە کاتێک دەقێکی وەرگێڕداو لە زمانی دووەم بە دەقە ڕەسەنەکەیی بەراورد بکرێت، جیاوازییەکان بە ئاسانی دەردەکەون.
شتێکی دیکەش هەیە، وەرگێڕان دواتر چاپ و بڵاوکردنەوە دەکەوێتە بن جۆرێک لە سانسۆری ویژدانی و کولتوری و زمانەوانی، لەئەنجامدا لەوانەیە بە مەبەست یان بێمەبەست، دەقی وەرگێڕدراو لە هەندێ شوێن (وڵات)، کە لە بواری دین و پیرۆزیەتی بۆ کەسی وەرگێر، یان بۆ دەزگای وەرگێران و چاپوپەخشت وروژێنەر بێت، لەوانە وروژانەکە کاڵ بکرێتەوە یان ببڕیت، یاخود ڕەچاوی پرەنسیپی دەستپاکی نەکرێت و لابدرێت. ئیدی وەرگێڕی دەستی دووەمیش دێت، بێئاگا لەو ڕەوشەی بەسەر بابەتە وەرگیراوەکەدا هاتووە، جارێکی دەیکاتە زمانێکی دیکە، بۆیە لە دەقە سەرەکییە ماکەکەی دووردەکەوێتەوە. کاتێک من ئەو قسەیە دەکەم، ئەوا لە گۆترەوە نایکەم، بەڵکو بە پاڵپشتی ئەزموونی وەرگێرانم دەیکەم. هەر بۆ نموونە لەکاتی وەرگیرانی ڕۆمانەکانی (دان براون)دا، کاتێک چەند شوێنێکی وروژاوی دینیم لەگەڵ دەقی وەرگێڕدراوی عەرەبی بەروارد دەکرد، هەر زوو ڕاستی بۆچوونەکەی سەرووم بۆ دەرکەوت، هەروەها لە کتێبی (هێڵێک بەنێو لم)یشدا، کە کتێبێکی مێژوویە، ئەم شتەم هاتووەتە پێش. بۆیە دەستپاکی لە وەرگێڕانی دەستی دوو بەندە بە دەستپاکیی وەرگێڕانی یەکەم، نەوەک بە دەستپاکیی خۆی. بۆیە زۆر باشترە وەرگێڕان لە دەقی زمانی یەکەمەوە بکرێت نەوەک هی دووەم.
شەشەم: ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرهەمی چ نووسەرێکن؟
وەڵام: زۆر جار گوتوومە وەرگێڕان و ئامادەکردنی کتێب بۆ چاپ لێ لێیە، بەڵام لۆلۆیەکە چاپ و بڵاوکردنەوەیەتی! بەداخەوە ئێستاش پرسی چاپکردنی کتێب، بەتایبەتیش وەرگێڕان ئاستەنگی خۆی هەیە، بۆیە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا هەمیشە وەڵامێکم پێیە، بەوەی هێشتا وەرگێڕانی دیکەم ماوە کە چاپ نەبووبێت.
من تا ئێستا سێ کتێبی ئامادەکراوم بۆ چاپ هەیە، بەداخەوە هێشتا دەرفەتی چاپکردنیان بۆ نەڕەخساوە. کتێبەکانیش ئەمانەن: (١) کوشتنێک لە بەغدا، بەسەرهاتی دکتۆر شەکراو لە هەردوو زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزییە، ئەم کتێبەیان پڕۆژەی بەرنامەیەکی دۆکیومەنتاری تەلەفزیۆنیە، کە ڕۆژنامەنووسی دیاری کورد کاک سیروان ڕەحیم ئامادەیکردووە، پڕۆژەکە لەبارەی کەسایەتییەکی هۆڵەندییە، کە لە ١٩٧٥دا لە کەرکوک دەگیرێت، دواتر ڕەوانەی زیندانی بەدناوی ئەبوغرێب دەکرێت و لەوێ لەسێدارە دەدەرێت، لەو پڕۆژەیەدا دووکتێب لەسەر ناوبراو بە هۆڵەندی و ئینگلیزی نووسراون، من وەرمگێڕاون. قەول بوو چاپ بکرێت، بەڵام بەداخەوە ساڵێک زیاترە چاپ نەکراوە. (٢) کتێبێکی نایابی قادر عەبدولڵایە لەسەر ژیان و بیروباوەڕ و سەردەمی زەردەشت، بە زانیاری تەواو لەسەر ئاوێستا و گاتاکان، لە زمانی هۆڵەندی وەرمگێڕاوە و ئامادەی جاپە. (٣) کتێبێک لەبارەی فەلسەفەی قانون بەناوی (لەبارەی دەوڵەتی قانونەوە)، لە ئینگلیزییەوە وەمگێراوە، ئەویش ئامادەی چاپە.
هەنووکەش سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبێکی نایابم لەبارەی ناسیونالیزم.

