رۆژنامەی ھەولێر

حوسێن عارف نەخشەساز و ئەندازیاری ڕیالیزمی کوردی

نووسینی: حوسێن عارف

 

داهێنانی ئەدەبی كاتێک دەگاتە لووتکە و جێگیربوون لە مێژوودا، کە دەق تەنیا کەرەستەیەکی لیریکی یان گێڕانەوەیەکی سەرپێیی نەبێت بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو ببێتە ئاوێنەیەکی بێگەرد بۆ نیشاندانی قووڵایی کێشە، ململانێ، هیوای نەتەوە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی ناو جەرگەی کۆمەڵگە. لەم سۆنگەیەوە، ڕۆمانی (شار)ی نووسەر و ڕووناکبیری ناوداری کورد، حوسێن عارف، وەک یەکێک لە شاکارە هەرە درەوشاوەکان و کۆڵەکەی بنەڕەتیی ڕۆمانی ڕیالیستی کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە ئەدەبیاتی کوردیدا سەر هەڵدەدات.
ئەم دەقە تەنیا تۆمارکردنێکی وشک و برنگی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو چاودێرێکی قووڵ و بێبەزەییانەی ئەو پێکهاتە سیاسی، فیکری و کۆمەڵاتیە، کە شاری سلێمانی بەتایبەتی و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی لە نێوان ساڵانی (١٩٤٢ تا ١٩٥٨) پێیدا تێپەڕیوە. حوسێن عارف لەم بەرهەمەدا، لە ڕێگەی زمانێکی پاراو، ته‌كنیكێكی فرەدەنگ و چاوێکی تیژ و مێژووییەوە، گەشتێکی بێئامانمان پێ دەکات بەناو کۆڵانە کز و تاریکەکان، چایخانە پڕ جموجۆڵەکان، گەڕەکە پەراوێزخراوەکان و ناخی ئەو مرۆڤە چەوساوانەی، کە لە نێوان بەرداشی دەرەبەگایەتی، باوکسالاری، چەسپینی نەریتی کۆن و خواستی ڕزگاریی و مۆدێرنیتەدا دەتلانەوە.
چوارچێوەی فۆرمی و میتۆدۆلۆژیای ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی ڕۆمانی (شار) لە ڕووی پێکهاتە و فۆرمەوە، لەسەر بنەماکانی قوتابخانەی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بونیاد نراوە. نووسەر لێرەدا لە تێڕوانینی ڕۆمانسیانە، یان خەیاڵاوی دوور دەکەوێتەوە و ڕووداوەکان وەک خۆیان، بە عەیب و عار، بە ئازار و مەینەتی، بە ململانێ و جیاوازییە چینایەتییەکانیانەوە دەخاتەڕوو. لە گێڕانەوەی ڕیالیستیدا، تاکی ناو ڕۆمان تەنیا هێمایەکی دابڕاو نییە، بەڵکو بەرهەمی ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیەتی.
حوسێن عارف بە وردبینییەکی تەواوەوە، پێوەندی نێوان مرۆڤ و سیستمی ئابووری-کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات. ئەو نیشانی دەدات چۆن هەژاری، نەخوێندەواری، باڵادەستیی سیستمی دەرەبەگایەتی (فیودالیزم) لە شاردا، کار دەکەنە سەر دەروون، ڕەفتار، بڕیار و تەنانەت چارەنووسی کارەکتەرەکان. ئەم گۆڕانکارییانە وەک هێزێکی دەرەکی و ناوەکی، پاڵ بە پاڵەوانەکانەوە دەنێن بەرەو یاخیبوون، یان تەسلیمبوون، ئەمەش گرنگترین خەسڵەتی فۆرمی ڕیالیزمی ڕەخنەیی و کۆمەڵایەتییە لەم شاکارەدا.
کۆمەڵگا و تراژیدیای ژن، سێبەرەکانی باوکسالاری و نەزانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، ڕۆمانی شار بە چڕی گرێدراوی کێشەی چەوسانەوەی تاکی بندەستە، بەتایبەتی قوربانیبوونی ژن لەناو سیستمی باوکسالاری توندڕەودا. نووسەر لە ڕێگەی تێکچنینی هێڵەکانی چیرۆکەکەوە، دوو جەمسەری دژبەیەک دەخاتە ڕوو:
یەکەم: کارەکتەری سابیر و دەروێش، چەوسانەوەی ئابووری و ئەخلاقی سابیر: بەرجەستەیی تاکی بێدەسەڵات، داماوی ژێر باری گرانی ئابوورییە. ئەو بەهۆی هەژاری و پەککەوتەیی داراییەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامبوونی چەوسانەوە، کاتێک ناچار دەبێت کچەکەی خۆی بکاتە قوربانی. دەروێش، هێمای دڵڕەقی، نەزانی و پیاوسالارییەکی وشکە، کە خاڵییە لە هەر بەهایەکی مرۆیی. ئەو نوێنەرایەتی ئەو توێژە تاریکپەرستە دەکات، کە ئاین یان نەریت دەکەنە قەڵغان بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژی و سڕینەوەی ناسنامەی ژن.
دووەم: مریەم لە نێوان قوربانیبوون و ڕزگاریدا، کارەکتەری مریەم کڕۆکی تراژیدیای ژنی ئەو سەردەمەیە. ئەو قوربانییەکی ڕاستەوخۆی نەخوێندەواری و بڕیاری ئابووری خێزانەکەیەتی. ژیانی مریەم لە ژێر چەپۆکی دەروێشدا، وێناکردنی جەهەنەمی ناوماڵە مێژووییەکانی ئەو کاتەیە، بەڵام نووسەر لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو گۆڕانکاریی بەسەر هێڵی درامی کارەکتەرەکەدا دەهێنێت، ڕزگاربوونی مریەم و پەنابردنی بۆ ماڵی گەلاوێژ، تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گۆڕانێکی فیکری و نیشانەی چەکەرەکردنی هۆشیارییە. ماڵی گەلاوێژ دەبێتە مەنزڵگەی گواستنەوە لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، لە ژێردەستەییەوە بۆ سەربەخۆیی. ئەم پەنابردنە هێمایەکی کوردی و مرۆڤایەتی قووڵە بۆ تێکشکاندنی زنجیرەکانی کۆنەپەرستی و گەڕان بەدوای کەرامەتی داماڵدراوی ژندا.
سلێمانی وەک جوگرافیایەکی زیندوو و دینامیکییە لە داهێنانە هەرە دیارەکانی حوسێن عارف لەم دەقەدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنیەتی لەگەڵ توخم و چەمکی شوێن. شار لەم ڕۆمانەدا تەنیا پانتاییەکی جوگرافی، دیواری بێگیان و مات نییە، کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوو بدەن، بەڵکو خۆی کارەکتەرێکی سەرەکی، زیندوو و خاوەن ڕۆحە. سلێمانی لێرەدا دەپەیڤێت، دەناڵێنێت، توڕە دەبێت و گۆڕانی بەسەردا دێت. نووسەر بە بەکارهێنانی تەکنیکی کامێرای ئەدەبی و بە شێوازێکی تەواو ناتورالیستی و واقیعی، وەسفێکی هێندە وردی جومگەکانی شار دەکات، کە خوێنەر پەلکێش دەکاتە ناو قووڵایی کات و شوێنەکە. ئێمە لە کاتی خوێندنەوەدا تەنیا وشە نابینین، بەڵکو بۆنی تووتن و دووکەڵی چایخانە قەرەباڵغەکان دەەکەین. هاوار و هاتوچۆی ناو بازاڕی سەرشەقام دەبیستین. سارد و سێبەری حەوزی ناو بازاڕ و جەنجاڵیی کۆڵانی خومخانە هەست پێ دەکەین. ئەم وەسفە تۆپۆگرافییە پڕ لە جووڵەیە وای کردووە شوناسی شار ببێتە مێشک و دڵی گێڕانەوەکە. شار لێرەدا هاوشانی مرۆڤەکان گەشە دەکات، لە شارێکی نیوە دەرەبەگیی کەنەفتەوە، بەرەو شارێکی هۆشیار، سیاسی، شۆڕشگێڕ و یاخی وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت.
ڕەهەندی سیاسی و مێژوویی: کایەی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەی جەماوەری ناونیشانی ڕۆمانەکە ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و فیکرییە گەورانەیە، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢ تا ١٩٥٨ (کە ساڵی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتییە لە عێراق) ڕوویان داوە. حوسێن عارف بە لێهاتووییەکی بێوێنە توانیویەتی مێژووی سیاسی لەگەڵ درامای مرۆیی تێکهەڵکێش بکات، بە شێوەیەک، کە هیچ کامێکیان نەبنە قوربانی ئەوی تری پێکهاتەکە.
بەخاکسپاردنی شێخ مەحمود وێستگەیەکی مێژوویی ڕاستەقینە لە بەردەرکی سەرا، کە دەبێتە هۆی تەقینەوەی کینەی چینایەتی و نەتەوەیی بەرامبەر دەسەڵات. نامەگۆڕینەوە لەگەڵ شووعییەکان هێمایەکە بۆ قۆناغی بێداربوونەوەی ژێرزەمینی و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی گەنجان بۆ گۆڕینی واقیعی عێراق و کوردستان. دەرکەوتنی بیری چەپ و دژایەتیکردنی دەسەڵاتی پاشایەتی و دەرەبەگی، لە ڕێگەی کارەکتەری خورشیدەوە بەرجەستە دەبێت. دەستگیرکردنی ئەو بەهۆی هۆشیاریی سیاسی و چالاکییە حزبییەکانی، تیشک دەخاتە سەر ئەو باجە قورس و گرانبەهایەی، کە تاکی ئازادیخواز و ڕووناکبیری کورد لەو قۆناغەدا.
نووسەر نیشانمان دەدات کە چۆن “سەرا” تەنیا شوێن نییە، بەڵکو هێمای ستەمکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی و چینایەتییە، کە لە بەرامبەریدا هاواری شەقام و ڕاپەڕینی گەنجان دروست دەبێت.
فرەدەنگی (Polyphony) و زمان لە دەقی “شار”دا یەکێکی تر لە توخمە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕۆمانە، لایەنی زمانەوانی و فرەدەنگییە. حوسێن عارف ڕێگە نادات تەنیا یەک دەنگ یان یەک ئایدۆلۆژیا بەسەر دەقەکەدا زاڵ بێت ئەوەی میکائیل باختین بە Polyphony ناوی دەبات. لەم ڕۆمانەدا، زمان و فەرهەنگی دەستەواژەیی پیاوێکی ئاینی یان نەریتی وەک دەروێش، جیاوازە لە زمانی فیکری و ڕادیکاڵی گەنجێکی وشیار. زمانی سادە و پڕ لە بێئومێدی سابیر، جیاوازە لە زمانی گوزارشتکەری مریەم یان گلاوێژ. ئەم هەمەجۆرییە لە دەربڕین و دیالۆگەکاندا، ڕاستگۆییەکی زۆر گەورە بە دەقەکە دەبەخشێت و خوێنەر بە تەواوی باوەڕ بە ڕەسەنایەتی کارەکتەرەکان دەکات. زمان لێرەدا زمانێکی زیندووی بازاڕ، کۆڵان، حیزب و سەرشەقامە، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی شێوەزار و فەرهەنگی سلێمانی ئەو سەردەمەیە.
ڕۆمانی “شار” وەک پەیامی ئەدەبی و مرۆیی لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ڕۆمانی (شار)ی حوسێن عارف، تەنیا کتێبێک نییە بۆ گێڕانەوەی ڕابردوو، بەڵکو شاھێد نامەیەکی بێگەرد، زیندووە، ڕەخنەیەکی مێژووییە لە قۆناغێکی مێژوویی کوردیدا. ئەم ڕۆمانە توانیویەتی بە سەرکەوتووییەکی بێوێنە، پرۆسەی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی لە قۆناغی دروشمبازی و سۆزدارییەوە بگوێزێتەوە بۆ قۆناغی شیکارییەکی زانستی، ورد و فیکری بۆ پێکهاتەکانی کۆمەڵگە. نووسەر لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە، مێژوویەکی پڕ لە ململانێی بۆ نەوەکانی داهاتوو پاراستووە. شار، پەیامی هاواری تاکی چەوساوەی کوردە لە پێناو بەدەستهێنانی دادپەروەری، یەکسانی جێندەری، نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و گەیشتن بە کەناری ئارامی مۆدێرنیتە و سەربەخۆیی فیکری. ئەم ڕۆمانە بە هێزی وێناکردنی شوێن و قووڵبوونی لە دەروونی کارەکتەرەکان، وەک قوتابخانەیەکی ئەدەبی نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە ناسنامەی قۆناغێکی پڕ لە وەرچەرخانی نەتەوەیەک، کە هەمیشە لە ناو جەرگەی ئاگردا، بەدوای ئازادیدا گەڕاوە.

سەرچاوە
عارف، حوسێن، ٢٠١١، شار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر