رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو بۆ ١٨ گوندی خەلیفان جێبەجێ دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ١٨ گوندی دۆڵی بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاوی خواردنەوە دابین دەکرێت، گوژمەی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە نزیکەی دوو ملیار دینارە، ئەو پڕۆژەیە کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، کۆتایی بە کێشەی بێئاوی و دابینکردنی ئاو لە ڕێگەی تانکەرەوە دەھێنێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا ھاتووە، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دانانی بۆڕی دکتایل و پۆلی ئیتیلین بە درێژایی ٣١١٠٢ مەتر، ھەروەھا دروستکردنی سێ خەزانی ئاو بە قەبارەی ٢٥٦٤٨٠ مەتر سێجا، لەگەڵ چوار سێتی پەمپ بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ناوچەکە.
لە پڕۆژەکەدا سوود لە سەرچاوەی ئاوی ڕووبار وەردەگیرێت کە ئێستا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وشکەساڵی و لە ڕێگەی تانکەر ئاویان بەسەردا دابەش دەکرێت، ئەم پڕۆژەیە پلانێکی درێژ مەودا و بە یەکجاری گرفتی گوندەکانی ناوچەکە چارە دەکات، پڕۆژەکە لەسەر تێچووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەگوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، ٧٥% کارەکانی تەواو بوونە و بڕیار وایە لە دوو مانگی داھاتوودا بخرێتە خزمەت دانیشتووانی ناوچەکە.
ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە بۆ ناوچە گوندنشینەکان، تاوەکو ھانی ھاووڵاتییان بدرێت لەسەر زێدی باوباپیرانیان بمێننەوە و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر بژێوی دانیشتووانی ئەو ١٨ گوندە، چونکە پێشتر لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرا، کێشەی ئاو بە تانکەر لەم گوندەکانە بە کوتا دێت و خزمەتێکی باش بەو گوندانە دەکات و کاریگەریش دەبێت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ئەو گوندانە.
قایمقامی قەزای خەلیفان، گوتیشی: حکوومەت لەم پڕۆژەیەدا پشتی بە ئاوی سەر زەوی بەستووە بۆ ئەوەی ئاوی ژێرزەوی وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داھاتوو پارێزراو بێت.