رۆژنامەی ھەولێر

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان: هەوڵە کارگێڕی و یاساییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بە ئامانجی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی

عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن، بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ هەوڵە کارگێڕی و یاساییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بە ئامانجی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا.
وەزیری کاروباری شەهیدان ئاماژەی بە کاتی کۆبوونەوەکان کرد و رایگەیاند: “ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە و بۆ سبەینێش کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن؛ لە بەغدا دەمێنینەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی چڕ بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بکەین.” هاوکات هیوادارە، کە هەموو هەوڵەکانیان بگەنە ئەنجامێکی گونجاو کە لە بەرژەوەندیی سودمەندبووان بێت.
سەبارەت بە ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لادا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونی کردەوە، کە لێکتێگەیشتنێکی باش لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەر ئەم پرسە بوونی هەیە، بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە دۆسیەی هاوتاکردنی شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی لەسەر ئەرزی واقعدا پێویستی بە ئەنجامدانی ژمارەیەک رێکاری یاسایی و کارگێڕی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، وەزیری کاروباری شەهیدان ئاشکرای کرد، کە شاندی وەزارەت چەند پرسێکی دیکەی گرنگ لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکان تاوتوێ دەکات، کە لە نێویاندا پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و چۆنیەتی هەماهەنگیکردنی زیاتر لەم بوارەدا لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.