رۆژنامەی ھەولێر

قەبارەی گەندەڵی لە عێراق دەگاتە سەدان ملیار دۆلار

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی عەلی زەیدی دەستی بۆ دۆسیەکی گرنگ بردووە کە دەمێکە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، قۆڵی هیممەتی هەڵماڵیوە و دەیەوێت بە کردەوە رووبەڕووی گەندەڵی و دزی ببێتەوە. لە عێراق گەندەڵی لەوەتەی دامەزراندنیەوە هەبووە و پێشتر کە بە نهێنی گەندەڵی دەکرا لەم دواییانەدا بە ئاشکرا جێبەجێ دەکرا و تەنانەت گەندەڵکاران ئەوەندە رووقایم ببوون شەرمیان لە گەندەڵی نەدەکردەوە.

دیارنەمانی سەدان ملیار دۆلار و دۆسیەی دزیی سەدە و کڕینی بە لێشاوی پەرلەمانتاران و فرۆشتنی پۆستە باڵاکانی حکوومەت بەردەوام مانشێتی میدیاکان بووە. یەکێک لە گرنگترین کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم گەشەسەندنی عێراق گەندەڵی بووە و ئەوانەی چوونەتە ناو حکوومەت لە جیاتی ئەوەی دۆخەکە باشتر بکەن خراپتریان کردووە و دواجار خۆشیان بوونەتە بەشێک لە گەندەڵی.
ئۆپەراسیۆنەکەی عەلی زەیدی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی حوزەیران بە بەشداری هێزەکانی دژەتیرۆر، سوپای عێراق، ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی، دەستیپێکرد. لە ئۆپەراسیۆنەکە تانک و زرێپۆش و تەنانەت هەلیکۆپتەریش بەشدار بوون، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکان.
لەو هەڵمەتەدا کۆمەڵێک بەرپرس و پەرلەمانتار و لێپرسراوی گەورەی عێراق دەستگیر کران کە لە گرنگترینیان موسەننا سامەڕایی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، عەلی مەعاریج بەهادلی بریکارێکی وەزیری نەوت بوون. محەممەد کەربوولی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی عەزم، عالیە نوسەیف لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەممەد فرمان شاهر جبووری لە پارتی تەقەدوم، حوسێن خەفاجی پەرلەمانتاری سەربەخۆ، موزر کەرەوی لە هاوپەیمانیی سەروەری، ئەیهەم موزهر کەرەوی پەرلەمانتار، بەهادین نووری لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و هیند عەباسی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی عەزم لە نێو دەستگیرکراوانن.
باس لە گیرانی تەیف سامی وەزیری پێشووی داراییش کرا بەڵام دوێنێ نووسینگەکەی ئەو زانیارییەی رەت کردەوە. عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوت ناوی لەنێو دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتەکە هاتووە و لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش لە حەوتی ئایاری ئەمساڵ سزای بەسەردا سەپێنرابوو. ئەمریکا مەعاریجی تۆمەتبار کردووە بەوەی پۆستەکەی بۆ “قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان” بەکارهێناوە و رێگەی داوە نەوتی کێڵگەی گەیارە بە ناوی نەوتی عێراقییەوە رەوانەی بازاڕەکان بکرێت.
دەگوترێ هەر یەک لە پۆلیسی ئێف بی ئای ئەمریکی و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمیش رۆڵیان لە دەستگیرکردنەکاندا هەبووە و هەشت کەس لە گەندەڵکاران لە هەرێمی کوردستان گیراون و رادەستی حکوومەتی عێراق کراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت کە لە ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی دوایین ئاماری ئەو موڵک و ماڵانەی بڵاوکردەوە، کە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێت، بۆیان روون بووەتەوە پارەی ئەو بەرپرسە کە لە رێگەی بەهەدەردان لە پڕۆژەکانەوە دەستی کەوتووە، گەیشتووەتە دە ملیۆن دۆلار.
٢١ی حوزەیرانیش دەست گیرا بەسەر نزیکەی بیست ملیار دینار کە لە یەکێک لە کێڵگەکان شاردرابووەوە و رێگریش لە بەقاچاخبردنی پێنج ملیار دیناری دیکە بۆ یەکێک لە پارێزگاکان کراوە.
رۆژی دووشەممە دەستەی دەستپاکیی عێراق بڵاوی کردەوە دەستیان بەسەر بڕە پارەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵاتیش داگرتووە کە دزراوە و دەیانەوێت بۆ ناوخۆی بگەڕێنەوە.
بەپێی راگەیاندنی میدیای فەرمیی عێراق ئەوەی دەکرێت سەرەتایە و لیستێکی دوور و درێژیان لە ناوی گەندەڵکاران ئامادە کردووە و هەمووان دەستگیر دەکەن و رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.
شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بە میدیاکانی گوتووە ناوی سەد و بیست کەس لە لیستی گەندەڵکاراندا هاتووە و دەستگیر دەکرێن، ئەو تەنانەت گوتی لەو هەڵمەتەی کراوە دەست بەسەر یەک ملیار دۆلاردا گیراوە.
لێپێچینەوە لەو قەبارە گەورەیەی گەندەڵی لە کاتێکدایە حکوومەتی سوودانی و مستەفا کازمی و حکوومەتەکانی پێشتریش حکوومەتەکانی پێش خۆیان بە گەندەڵی و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی تۆمەتبار دەکرد.
کاتێک محەمەد شیاع سوودانی بە دەسەڵات گەیشت گوتبووی قەبارەی گەندەڵی و بودجەی بەهەدەردراوی عێراق دەگاتە سەرووی شەشسەد ملیار دۆلار، کەچی بەشێکی بەرچاو لەوانەی ئێستا لەسەر گەندەڵی گیراون لە لیستەکەی سوودانی بوون.
ئەوەی زەیدی دەستی بۆی بردووە پیرۆزە و ئەگەر لە عێراق رێژەی گەندەڵی ئەوەندە بەرز نەبوایە ژیانی دانیشتووانی عێراق زۆر باشتر دەبوو و بە دەستی بێ کارەبایی و بێ ئاوی و کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە نەیاندەناڵاند.