چواس خالید – هەولێر
پڕۆژەی دووسایدی سێمێل بۆ سێجێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای دهۆک، کە دهۆک و سێمێل و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هەژدە مانگە کارکردن تێیدا بەردەوامە و سێ سەد کارمەند ڕشتانە کاری تێدا دەکەن، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ٨٠%ی تێپەڕاندووە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی کارەکانی تەواو بێت.
تۆڕەکانی گواستنەوە و گەیاندن، کە شادەماری سەرەکیی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، لە هەرێمی کوردستان لە کارە هەرە لەپێشینەکانی حکوومەتە و لەمڕووەوە کاری جددی و بەرچاو لە نێو شار و دەرەوەی شار کراوە، لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و سەردەمیانەی پارێزگای دهۆک.
پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، هێڵێکی بەستنەوەی ئاسایی نییە، بەڵکو دەروازەیەکی گرنگ و نوێی هاتوچۆیە لە نێوان سێ جەمسەری سەرەکی دهۆک – سێمێل – زاخۆ، بە تەواو بوونی کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و کەمکردنەوەی ڕووداوکانی هاتوچۆ و ئاسانکاری لە جووڵەی گشتی لە دەڤەرەکە فەراهەم دەکات.
پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، تەنیا لە قیرتاوکردن کورت نەبووەتەوە، بەڵکو پاکێجێکی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لەخۆ گرتووە، وەک ڕۆنانی تۆڕی ئاوەڕۆ و جێبەجێکردنی ئاوەڕۆی سندووقی پێشکەوتوو بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران، هاوکات لە پڕۆژەکەدا دانانی تۆڕی ڕووناکی سەردەمیانە و چاندنی پشتێنەی سەوزایی لە پێناو پاراستنی ژینگە و بەخشینی دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە ڕێگاکە هەیە.
جیا لەوانە و لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکەدا، چەندان یەکتربڕ و پردی جۆراوجۆر و پێچەکانی هاتوچۆ بۆ ڕێکخستنی جووڵەی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی سەلامەت هەیە. پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، کە مەوداکەی نۆ کیلۆمەترە، لەلایەن کۆمپانیای نۆرس لایت جێبەجێ دەکرێت و وادەی تەواوکردنی پڕۆژەکە دوو ساڵە، کە ئێستا نزیک بە سێ سەد کارمەند ڕشتانە کار لە بنیاتنانی دەکات و زیادتر لە ٨٠%ی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بە کوالێتی بەرزەوە بخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە.
پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، خەونێکی مێژوویی دانیشتوانی ناوچەکەیە، کە ساڵانێکە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو شەقامەن، گوندی سێجێ کە سودمەندی یەکەمی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزاریەیە، نیشتمانی نزیکەی دوو سەد خێزانی مەسیحییە و ئەمەش نیشانەی دادپەروەرییە لە دابەشکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم پێکهاتە و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.
پڕۆژەی دووسایدی سێمێل – سێجێ، هێمایەکە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاودانکردنەوە لە پارێزگای دهۆک، بە جێبەجێکردنی ٨٠%ی کارەکانی، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی ئایندەدا پڕۆژەکە بە تەواوی بخرێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە، پڕۆژەکە بەو پێیەی گوند و زەوییە بە پیتەکانی ناوچەکە بە بازاڕە سەرەکییەکانی دهۆک و دەروازەی سنووری زاخۆ دەبەستێتەوە، بەمەش جیا لەوەی بژێوی و هاتوچۆی هاووڵاتیانی ناوچەکە ئاسان دەکات و خزمەت بە گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دەکات، ژێرخانێکی بەهێزە لە پەرەپێدانی زیادتری کەرتی وەبەرهێنان و بازرگانی لە سنوورەکەدا.

