رۆژنامەی ھەولێر

تۆم کرووز و پڕۆژەیەکی نوێی لەگەڵ دەرهێنەرێکی ئۆسکاروەرگرتوودا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئەستێرەی ناوداری جیهانی، تۆم کرووز، بە فەرمی ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر ڕۆڵگێڕان لە فیلمی داهاتووی دەرهێنەری مەکسیکی خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، ئەلیخاندرۆ گۆنزالێس ئینیاریتو (دەرهێنەری فیلمی (The Revenant) و (Birdman)یش.

ئەم پڕۆژەیە، کە کۆمپانیایی (Warner Bros) و (Legendary Entertainment) پێکەوە بەرهەمی دەهێنن، دەبێتە یەکەم فیلمی ئینیاریتو بە زمانی ئینگلیزی دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر فیلمە ناودارەکەی لیۆناردۆ دی کاپریۆ. هەرچەندە ناونیشان و چیرۆکی فیلمەکە بە توندترین شێوە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان ئاشکرایان کردووە کە دەقەکە، ئینیاریتو و نووسەرانی فیلمی Birdman نووسیویانە.

ئەم هاوکارییە نوێیە چاوەڕوانییەکی زۆری لەلایەن ڕەخنەگران و هاندەرانی سینەماوە لێ کەوتووەتەوە، بەو پێیەی کۆکردنەوەی تواناکانی تۆم کرووز لە نواندندا لەگەڵ دیدگا قووڵ و هونەرییەکانی ئینیاریتودا، پڕۆژەیەکی بەهێز دەبێت بۆ کێبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکار.