عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا
کۆما ئازادی، لە ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی (روکنالدین) لە دیمەشق، لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی کوردەوە دامەزرا. دامەزرێنەرانی ئەم گروپە بریتی بوون لە: ئیبراهیم بافی مەزکین، ئەدهەم وانلی، حەنان حەنان، شوکری محەمەد، عەبدۆ خەلیل، فاتیمە غەزالە، مەها میقری و خەدیجە بەرزنجی.
کۆما ئازادی، گروپێکی فۆلکلۆری کوردییە کە ئامانجی پاراستنی میرات، کولتوور، هونەر و ناسنامەی کوردییە. ئەم گروپە بە هونەرەکانی خۆی جوانیی ڕەنگ، شارستانییەت و زمانی کوردی بە جیهان ناساندووە. ناوی «ئازادی» هێمای ویست و خەباتی گەلێکە کە هەمیشە بۆ ئازادی و کرامەتی مرۆڤایەتی تێکۆشاوە.
لە سەرەتای، سالار عوسمان حاجی سەرۆکی ئەم گرووپە، سەبارەت بە کارو چالاکی گروپەکەیانەوە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گوتی: ئەم گرووپە لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا، بەشداری لە ژمارەیەکی زۆر بۆنە و فێستیڤاڵی هونەری و کولتووری کردووە، چ لە ناوخۆی سوریا و چ لە دەرەوەی وڵات. لە گرنگترین بەشدارییەکانی دەکرێت ئاماژە بە نەورۆزی لوبنان، گەورەترین کۆبوونەوەی کوردان لە ئەوروپا (نەورۆزی کۆڵن لە ساڵی ٢٠٢٥) و ئاهەنگی نەورۆز لە پاریس لە ڕێکخستنی ئەنجوومەنی پیرانی ئەوروپا بکرێت.
گوتیشی: مۆسیقا و هونەر ئامرازێکی بنەڕەتیی پەیوەندی و دەربڕینن؛ زمانێکن کە زۆرجار دەتوانن ئەو پەیامانە بگەیەنن کە وشەکان لە گەیاندنیان کورت دەبن. هونەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات، هەستی جوانیناسی پەرە پێ دەدات و هاوکات خۆئاگاداری و هۆشیاریی کولتووری بەرز دەکاتەوە.
لە چالاکییەکانی کۆما ئازادیشدا ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی نەورۆز و جەژنە نیشتمانییەکان، ڕێکخستنی گەشتی کاتبەسەربردن و کۆبوونەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ خوێندکاران و گەنجان جێگای تایبەتی هەیە. هەروەها سالار
عوسمان حاجی گوتیشی: ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بۆ ئەوەی لە ئەزموون و کولتوورە جیاوازەکان فێرببین و لەگەڵ گەلانی دیکە تابلۆیەکی هاوبەشی هونەری و کولتووری دروست بکەین؛ تابلۆیەک کە هێمای هاوبەشی، ئاشتی و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگی جیهان بێت.
لە کۆتاییدا، سوپاس بۆ ئێوەش کە هەڵگری پەیامی ئازادین و لە وشە و کردەوەکانتاندا بۆنی ئازادی و مرۆڤایەتی هەڵدەگرن.

