عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی “گلەیی” بڵاوکردەوە.
بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ (هەولێر) گوتی: ئەو گۆرانییە نوێیەم، بە وشە و هۆنراوەی شاعیری ناسراوی کورد سەید عەلی سەردەشتییە، کە لە دڵی مێژوو و هەست و ناسنامەی گەلەکەمان سەرچاوەی گرتووە. هەروەها ئەم بەرهەمە بە ئاوازێکی کۆن و رەسەن رێکخراوە و مۆسیقایەکەی بە هەستی تایبەت و رۆحێکی یادگاری، رەنگێکی جوانی داوەتەوە بە گۆرانییەکە. هێمن حوسێن بە مۆسیقا و رێکخستن، و دەنگی توانای خاڵە حەمرین، گیانی نوێیان بە وشەکانی سەید عەلی سەردەشتی بەخشیوە.
بوڕهان خۆشناو گوتیشی: ئەو گۆرانییە باس لە خۆشەویستی، دڵتەنگی، یادی زێد و هەستە رەسەنەکانی مرۆڤ دەکات. لە ناو وشەکاندا رەنگی یادگاری و خەمی جودایی هەیە، هەروەها هەستێکی گلەیی و نیشتمانی تێدا بەدی دەکرێت. ئەم گۆرانییە رۆحێکی رەسەن و دڵنشینی هەیە کە گوێگر دەباتەوە بۆ بیرەوەری و هەستە قوڵەکان. هیوادارم بەدڵی هەموو هەوادارە خۆشەویستەکانم بێت و چێژی لێوەرگرن.
بوڕهان خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری هەولێرە. لە ساڵی 1978 دەستی بە کاری ھونەری کردووە و جگە لە گۆرانییەکانی، لاوک و حەیران و مەقامیش دەڵێت و تا ئێستا زیاتر لە 100 بەرھەمی بڵاوکردووەتەوە.

