د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاری تیۆهاریس جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان و شاندێکی یاوەری کرد، بە مەبەستی تاوتێکردنی چەندین پرسی گرنگی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوولا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرا، کە گرنگترین تەوەرەکان بریتی بوون لە پەرەپێدانی وەبەرهێنانی گەشتیاری و دۆزینەوەی ڕێگەکانی کردنەوەی هێڵی فڕینی ڕاستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەکانی هەرێم و یۆنان و تاوتێکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە هەنگاوە کردەییەکان کرد بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەند (فۆڕم)ێکی ئابووری و وەبەرهێنانی هاوبەش. ئەم کۆڕبەندە دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنەرانی وڵاتی یۆنان و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە هەرێمدا.

