ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوای ئەوەی بە فەرمی یەکلا کرایەوە، کە باسم قاسم لە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەی هەولێر نەما و دەبێتە راهێنەری یانەی زەورا، کارگێڕیی یانەی هەولێر لە هەوڵدایە راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان بکات.
یانەی هەولێر زۆر هەوڵی دا، باسم قاسم، وەکوو راهێنەری یانەکە بەردەوام بێ، بەڵام لەوەدا کارەکە نەگەیشتە ئەنجام و دواجار باسم قاسم یانەی هەولێری جێهێشت و یانەی زەورای کردە وێستگەی داهاتووی کارکردنی.
ئێستا دوو راهێنەر بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی باسم قاسم بگرنەوە، یەکێکیان لوئەی سەڵاحی ڕاهێنەری پێشتری یانەی زەورا و ئەوی دیکەیش یەحیا گوڵمحەمەدییە.بە پێی سەرچاوەی فەرمی، یانەی هەولێر قسەی لەگەڵ هەردوو ڕاهێنەر کردووە و هێشتا هیچیان یەکلا نەکراونەتەوە.
یەحیا گوڵمحەمەدی، پێشتر هاتبووە دهۆک بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ کارگێڕیی یانەی ئەو شارە بکەن، بەڵام دوای گفتوگۆ و دانوستان، نەگەیشتنە ڕێککەوتن و گوڵمحەمەدی گەڕایەوە تاران. یانەی هەولێر لەگەڵ ئەو راهێنەرە لە دانوستانی بەردەوامدایە و ئەگەر هەیە نزیکبوونەوە پێش هاتبێ، بەڵام لەو رووەوە هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی نەبووە. یەحیا گوڵمحەمەدی، ڕاهێنەر و یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئێرانییە، لە 19ی ئاداری 1971 لە ئەردەبیل لەدایک بووە. وەک بەرگریی چەق یاری کردووە و ساڵانێکی زۆر لە یانەی پێرسپۆلیس و هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران بەشدار بووە. لە جامی جیهانیی 2006 یاریی کرد و گۆڵێکی لە هەڵبژاردەی مەکسیک تۆمار کرد. دوای وازهێنان لە یاریکردن، وەک ڕاهێنەر لە چەندان یانەی ناسراوی ئێران کاری کردووە، لەوانەش پێرسپۆلیس، زۆب ئاهان، تراکتۆر و فولاد. لە ماوەی ڕاهێنانیدا چەندین پاڵەوانیی لیگی ئێران و جامی حەزفی بەدەست هێناوە و بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ڕاهێنەرانی تۆپی پێی ئێران دادەنرێت.

