رۆژنامەی ھەولێر

هەفتەی درەوشانەوەی کــــــتێب و زمــــــانی کـــــــوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەگەرچی سەردەمێک زمان و ناسنامە و کوردبوون قەدەغەبوو، بەڵام ئێستا ئیدی ئەو سەردەمە بەرەو تێپەڕین دەڕوات و سەردەمێکی نوێ و لە ئاستانەی جیهانێکی نوێدا ئیدی زمان و ناسنامەمان و کوردبوونمان دەدرەوشێتەوە. ئێستا سەردەمی چەوسانەوە و لەناوبردن و سڕینەوە بەسەرچووە ئیدی سەردەمێکی نوێ بۆ زمان و ئەدەبی کوردی هاتووەتە پێش کە بەرەو دونیایەکی دیکە هەنگاو بنێت. دونیایەک کە مرۆڤبوون تێیدا زاڵ بێت و هۆڤگەرایی بەجێهێشتبێت.
کردنەوەی یەکەم پێشانگەی کتێبی کوردی لە چواری ئەم مانگە لە هەولێری پایتەخت، دەشێ هەنگاوێکی نوێ بێت بە ڕووی درەوشانەوەی زمان و ئەدەب و کتێبی کوردییدا، درەوشانەوەیەک کە لە مێژووی کتێبی کوردیدا وێنەی نەبووە. بەجۆرێک زیاتر لە 50 دەزگای چاپی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانەوە لەنێو لاپەڕەی پەرتووکەمان جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە. لەو پێشانگەیەدا کە هەفتەیەک دەخایەنێت، لەو هەفتەیەدا هەموو ڕۆژێک زمانی کوردی بە هەموو شێوەزار و بنزارەکانەوە لە درەوشانەوەدایە و ئەوەشی ئەم درەوشانەوەیە ڕەونەقدارتر دەکات پێشوازی خوێنەرانە. بۆیە ئەگەر زمانی کوردیمان خۆشدەوێت و شانازی بە کوردبوونەوە دەکەین، پێویستە پشتگیریی ئەم پێشانگەیە بکەین، کە هەولێری پایەخەت لە ئامێزی گرتووە.
دروشمی سەرەکی ئەم پێشانگەیە “بە کوردی نووسین، بە کوردی هزریین”ـە. دەشێ ئەم دروشمە سەرەتایەکی نوێ بێت دژ بەو هەموو دژایەتی و سڕینەوەی تووشی زمان و بیرکردنەوەمان هاتووە. دژ بەو عەقڵیەتە فاشیستییە بێت کە بە درێژایی چەندین دەیە زمانی کوردییان قەدەغە دەکرد و لە هەوڵی سڕینەوەی کوردبووندا بوون، بەڵام کورد و زمانەکەی چونکە ڕەسەن بوون، هەر لە دەرەوشانەوەدا بوون و هەن.
لە وردبوونەوە و سەرنجدان لە دروشتەکانی ئەم پێشانگەیەوە کەوتمە بیری نووسەری پڕ بەرهەم و دیاری کورد “سەلیم بەرەکان” ئەو نووسەرە کوردەی بە عەرەبی دەنووسێت. بەرەکان یەکێکە لەو نووسەرانەی کاتێک بەرهەمەکانی دەخوێنمەوە، هەست بە بیرکردنەوەیەکی کوردی و جیهانێکی کوردی دەکەم، مەبەستم لە جیهانی کوردی عەقڵیەتی نەتەوەخوازیی نییە، بەڵکو هزرین و گێڕانەوەیە بە زمانی کوردی. ئەگەرچی ئەم نووسەرە بە زمانی عەرەبی دەنووسێت و وەکو پەسندانیش جارێک پێیانوت “کلیکی زمانی عەرەبی لە گیرفانی کوردێکدایە.” واتە عەرەبییەکەی هێندە جوان و سەخت و ڕاقییە، کە لە هەموو نووسەرانی عەرەب باشتر دەتوانێت کار لەو زمانەدا بکات و پێیبنووسێت. ئەو ئەگەرچی بە عەرەبی دەنووسێت، بەڵام دونیای کاراکتەرەکانی کوردییە. ئەوان بە کوردی بیر دەکەنەوە.
لەم پێشانگەیەدا ئەگەر ژیان دەرفەتی ئەوەی بۆ نەهێشتبینەوە کە بخوێنینەوە، یان دەرفەتی کەممان هەبێت، بەڵام گرنگە پشتگیریی کوردی خوێندنەوە و کوردی هزریین بین، پشتگیریی ئەم هەوڵە بین بۆ بەردەوامی کتێبی کوردی و زمانی کوردی و ئەو دەزگایانەی بە کوردی لە خەمی پاراستنی زمان و کولتوور و ئەدەبی کوردیدان. ئەگەر ئێمەی کوردزمان، ئێمەی خوێنەر پشتگیریی ئەم پێشانگەیە نەکەین، گرەنتی بەردەوامی نییە، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت ئەم پێشانگەیە کە خزمەتە بە زمانی کوردی و ئەدەب و کولتووریی کوردی گرنگە پشتگیریی بکەین بۆ ئەوەی نەک تەنها لەم هەفتەیەدا، بەڵکو هەموو ساڵێک لە درەوشانەوەدا بمێنێتەوە و ئەم هەفتەیە بکەین بە هەفتەی هەمیشە درەوشانەوە.