مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
وەڵامێكی ئاگرین لە بەرشلۆنەوە بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید: هەڵسوكەوتتان نەشیاوە
ڕافا یۆستی، جێگری سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، وەڵامێكی توندی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی بە هۆی یاریزان جۆلیان ئەلڤارێزەوە دایەوە.
ڕافا یۆستی، جێگری لاپۆرتا، ڕایگەیاند: یانەی بەرشلۆنە، هەوڵە گاڵتەجاڕی و تووڕەكارییەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید كاریگەریی لەسەر ناكا، كە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەیكەن، پێداگریی لەوە كرد یانەكەیان سەرنجی تەواو دەخەنە سەر پڕۆژە ناوخۆییەكەی یانەكەیان.
ئەو لێدوانەی یۆستی، دوای بەشداریكردنی لە ئاهەنگی كردنەوەی سەكۆی خلیسكانیی سەر بەفری كاتیی سەر بە یانەكە هات، كە وەڵامی ئەو پۆستە و بڵاوكرانەوەی ریاڵ مەدریدی دایەوە كە بەم داوییە دەیكەن و درێسی یانەكەیان لەبەر ئەو یاریزانانە دەكەن كە یانەی بەرشلۆنە گرنگییان پێ دەدات و بڵاوی دەكەنەوە، وەكوو هێرشبەری ئەرژەنتینی جۆلیان ئەلڤارێز، ئەو كارەی بە كەمیی سەلیقەی جوان ناو برد.
هەروەها رایگەیاند: لە بەرشلۆنە، شێوازێكی زۆر ڕوونمان هەیە لە مامەڵەكردن وەكوو دامەزاروەیەك، پێمان وایە ڕێز و پابەندی بە بەهاكانەوە بنەمای كارن، بۆیە پێویستە لەو جۆرە كار و نموونەیە بەردەوام بین كە دەقمان لەسەری گرتووە، لە سەرۆكی یانەكەوە تا دوائەندامی دەستەی كارگێڕی.
یۆستی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی ئەو پۆست و بڵاوكراوانە، كە بەرشلۆنە بە هیچ جۆرێك وەڵامی ناداتەوە، بە هیچ جۆرێك كاریگەریی لەسەر بەرشلۆنە نابێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا.
وتیشی: ئەو هەڵپەهەڵپ و هەراوزەنایە، بە هیچ جۆرێك سیاسەتی وەرزشیمان ناگۆڕیت، هیچ پەیوەندییەكیشی پێوە نییە، دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، دیدگە و پلانگەلی ڕوونی خۆی بۆ وەرزی نوێ هەیە و پابەندە بە جێبەجێكردنیەوە.
لە هەمان كاتدا، یۆستی ڕەتی كردەوە كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ قسە و سەرنجی خۆی لەسەر دانوستان، یان گرنگیدانی یانەكەیان بە هێنانی ئەلڤارێز بدات.
لەلایەكی دیكەوە، یۆستی ڕەتی كردەوە قسە لەسەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید بكا، كە بڕیارە ئەمڕۆ بەرێوە بچێ، لەو رووەوە وتی: ئێمە خۆمان بەڕێوە دەبەین و هەموو سەرنجمان لەسەر بەرشلۆنەیە.
دوای 20 ساڵ، ئاشكرا بوو ماتیرازی چ قسەیەكی بە زیدان وتووە؟
بەڵگەفیلمێكی نوێ بڵاو كرایەوە، كە تێێدا دۆسیەی سەرنجڕاكێشترین چركەساتەكانی مێژووی تۆپی پێ هەڵدەداتەوە، ئەو ساتەی تێیدا هەموو جیهان شۆك بوو، كاتێك زینەدین زیدان، لە ساتەوەختێكی زۆر هەستیاری یاریی كۆتایی مۆندیالی 2006ـدا بە كەلـلەیەك سینگی بەرگریكاری ئیتاڵی ماركۆ ماتێرازی سمی و خۆیشی لە ناسناوێكی دیكەی مۆندیال بێبەش كرد.
ئەو بەڵگەفیلمە كە ناوی (9ی یۆرۆی 2006)ـە، لە وێبسایتی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی لیكیپی فەڕەنسیدا هەیە و تێیدا لێكۆڵینەوەی چەندمانگەی نێودەوڵەتیی لەسەر ئەوە بڵاو كردووەتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی دەست بكەوێ، كە بۆچی زیدان ئەو ڕەفتارەی لەو ساتەوەختە ناسكەدا كرد؟ ئەو وشانەی ماتیرازی چی بوون كە ئەوەندە كاریگەرییان لە زیدان كرد بەو جۆرە هەڵبچێ؟
دوای یارییەكەی مۆندیالی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا، كە ئیتاڵیا بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان جامەكەی مسۆگەر كرد، یەكێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) بڕیاری دا لێكۆڵینەوەیەكی فەرمی لەو رووداوە بكا، تێیدا پشت بە مێدیاكاران و ئەوانە بەسترا كە وشە و ساتی قسەكردن دەخوێننەوە و بەشێكیان پێیان وابوو كە ماتیرازی پێی وتووە: تۆ كوڕی تیرۆرسیتی. كە یاریزانەكە و شارەزایانیش ئەوەیان بە توندی ڕەت كردەوە.
سەرەڕای ئەوەی زیدان ڕەتی كردەوە ناوەڕۆكی ئەو سووكایەتییە ئاشكرا بكا كە ڕووبەڕووی كرایەوە، سەرۆكی پێشووتری فەڕەنساش جاك شیراك، لێدوانێكی بەناووبانگی دا و وتی: ناكرێ ئەوە قبووڵ بكەین، بەڵام لە پەرچەكرداری پیاو تێدەگەین.
فیفا سزاكانی لە مانگی یۆلیۆی هەمان ساڵدا ڕاگەیاند، ماركۆ ماتیرازی بۆ دوو یاری ڕاگیرا و سزای 3200 یۆرۆیش درا بە هۆی تووڕەكردنی یاریزانی بەرانبەریەوە. لە كاتێكدا زیدان هەرچەندە وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاندبوو، بەڵام بۆ سێ یاریی ڕاگیرا و سزای 4800 یۆرۆیشی بەسەردا درا.
ئەو ناڕوونی و لێڵییەی قسەكانی ماتیرازی بەردەوام بوو تا ساڵەكە تێپەڕی، تا ئەوكاتەی ماركۆ ماتیرازی لە كتێبی ژیاننامەی خۆیدا لە ژێر ناوی – ماركۆ ماتیرازی، ژیانی جەنگاوەرێك – بڵاو كردەوە و لە یەكێك لە ناویشانە لاوەكییەكاندا لە ژێر ناوی – ئەو قسانەی بە زیدانم وت، تەواوی چیرۆكەكە – باسی ئەو ڕووداوەی كردووە و دووپاتی كردەوە كە ئەو وشە نەخوازراوەی بە زیدانی وتووە، ئەمە بووە: “خوشكە لەشفرۆشەكەتم پێ باشترە.” ئەوەیش ئەو چیرۆكە بوو، كە زیدان تا ئەمڕۆش ڕەتی نەكردووەتەوە.

