شیڤان شێرزاد – هەولێر
سینەماکار و ئەکتەری دیاری بواری دراما “شاخەوان مستەفا” دوای بەشداربوون لە چەندین شاکاری سینەمایی و زیاتر لە ١٢ ساڵ وەک بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەما کرا بە بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی سینەما و شانۆی هەولێر.
هەڵبژاردنی ئەو بەرپرسیاريه تییەدان هونەرییەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەدێت ساڵانێکی زۆر لە خزمەت پێشکەوتنی هونەری سینەمادابووە و تا ئێستاش توانیوویەتی وەک بەرپرسێکی هونەری هەولێر، چەندین خوول و دیدار و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر ساز بکات، جگە لە پڕۆگرامی هەفتانەی پێشکەشکردنی فیلم لە چوار وەرزی ساڵدا، کە هەموو ڕۆژانی چوارشەممە بەخۆڕایی بەرهەمە هونەرییه کوردییەکان لە ئێمپایەر سینەما بە هاوکاری پارێزگای هەولێر نمایش دەکرێن.
“شاخەوان مستەفا” سەبارەت بە دەستنیشانکردنی وەک بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتيیەی ناوی نراوە سینەما و شانۆی هەولێر دەڵێت: ئێستا هەست بەرپرسیاريه تيیەکی قورستر دەکەم لە جاران، چوونکە بەخشینی ئەو متمانەیەك بە من وەک بەرپرسێکی هونەر، دەبێت لەمەولا کارمان ئاشت کردنەوەی ئەو هونەرمەند و شانۆکار و سینەماکارانە بێت، کە خاوەنی پڕۆژەی جوان و خەونی گەورەن بۆ پێشکەوتنی هونەری هەولێر و نایانتوانیووە کارە هونەرییەکانیان جێبەجێ بکەن و بێنەوە پێشەوە بۆ خزمەتکردنی هونەری هەولێر، کە ساڵانێکە شانۆ بێدەنگە و دیدارە شانۆییەکان ساز ناکرێن و هونەرمەندانی هەردوو بوار ناتوانن ژوان لەگەڵ شانۆ و سینەمای ئەو شارە ببەستن، بۆیە لەگەڵ پێدانی ئەو متمانەیەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێندەدەم درێغی نەکەم لە پێشکەشکردنی چالاکیە هونەرییەکانمان و جارێکیتر هەولێر بە پەیامی شانۆیی ڕازاوەتر بکەین و دەرگا بۆ تەواوی هونەرمەندانی کورد بکەینەوە بۆ سازدانی فێستیڤاڵ و کارە هونەرییەکانیان.

